کاتێ درۆ جێی راستی دەگرێتەوە

‌سەڵاح ڕەشید

سەرەڕای بەرەوپێشەوەچونی تەكنەلۆجیا و گەشەكردن لە هەموو بوارەكانی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابوری‌ و كلتوریدا، بەڵام بوارێكی زۆر گرنگ لە ژیاندا، پاشەكشەی كردوە، ئەویش بینینی راستیە.

لە زوربەی كۆمەڵگاكاندا و بێگومانیش لای خۆمان، خەریكە راستی ‌و چەواشەكاری جێگۆركێ دەكەن‌ و وامان لێهاتوە كە قەناعەت بە درۆكان بكەین‌ و دوربكەوینەوە لە راستیەكان.

كەس هەیە نەزانێت كە زوربەی ئەم هێزە سیاسییانە و سەركردە باڵادەستەكانیان، وەك خێزانی مافیا دەستیان بەسەر هەمو جومگەكانی كۆمەڵگادا گرتوەو هیچ بوارێك نیە، نە حكومەت، نە پەرلەمان، نە دەسەڵاتی دادوەری‌ و نە بازار بێ رەزامەندی ‌و بەشداری ئەم گروپانە بەڕێوەبچێت.

كەس هەیە نەزانێت ئەم كەس ‌و لایەنانە، چۆن بون بە خاوەنی ئەم هەمو موڵك‌ و ماڵ و سامانە؟ هەندێكیان بە رەسمی تەنها یەك (موچە)یان هەیە، بەڵام خاوەنی ملیۆنەها دۆلارن! خۆیان ‌و خاوخێزان ‌و موریدەكانیان خاوەنی چەندەها كومپانیا و تەلار و زەوی ‌و زار و كۆشك‌ و هەتا فڕۆكەی تایبەتی خۆیانن.. ئەمە لەكاتێكدا بە رەسمی هیچ (كاسپیەك)یان نەكردو نایكەن.

ئەگەر سبەینێ هەڵبژاردن بێت، زوربەمان بەیانی زو بەرەو سندوقی دەنگدان رادەكەین ‌و هەر ئەو حیزب‌ و هێز و كاكانە هەڵدەبژێرینەوە كە تاكو ئێستا لە دەسەڵاتدان ‌و تا بیناقاقایان پڕبوە لە دزی ‌و گەندەڵی.

هەر ئەو لێپرسراوانەن كە هاورێ ‌و دوست‌ و ناسیاوی ئێمەن‌ و رۆژانە لە دەزگای راگەیاندنەكانەوە باسی بەگژاچونی گەندەڵی ‌و سیستەمی حوكمی رەشید دەكەن، لەبەر ئەوە لە زۆر هاوڵاتی تێكچوە كە راستییەكان لای كێن ‌و كێ راستی دەبێژێت. هەندێ دەڵێن "ئەوەی باسی گەندەڵی دەكات راست نیە، ئەگەر راست بوایە دو كەڵە گەندەڵ لەم دیو یان لەودیوی دێگەڵەوە ئەدران بە دادگا! ئەمە قسەی خەڵكانێكن ئەیانەوێت ئەزمونەكەمان لەكەدار بكەن".

كاتێ سەرۆك كۆماری ئەمەریكای جاران (بیل كلنتن) لە سەرەتای ١٩٩٨ توشی كێشەیەك بو لەگەڵ (مۆنیكا لیڤینسكی)، دەزگای دادوەری بڕیاری دا كە لیژنەیەكی شارەزا لە بواری ناسینی كەسایەتی ‌و خوێندنەوەی جوڵاندنی دەموچاوی دابنێن، بۆ ئەوەی لە كاتی لێپرسینەوە لە كلنتن، بزانن بەهۆی جوڵانی لێو و دەموچاویەوە، ئایە قسە و وەڵامەكانی راستن یان درۆن. ئێستا دوای ٢١ ساڵ بەسەر ئەو مێژوەدا، رۆژانە سەرۆك كۆماری ئێستای ئەمەریكا (دۆنالد ترامپ) چەندەهاجار درۆ دەكات ‌و زۆر لە هاوڵاتیانی ئەمەریكا بڕوایان پێیەتی‌ و زۆر دور نیە جارێكی تر وەك سەرۆك هەڵببژێرێتەوە، بۆیە ئاسان نیە بڕوا بە راستی بكرێت، لەبەرئەوە درۆ رێگایەكی ئاسان ‌و (یاسایی)یە بۆ ئەوەی بگەیت بە ئامانجی خۆت.

هیچ كاتێ زەمینەی جێگۆركێی درۆ لەگەڵ راستیدا لای زوربەی زۆری كۆمەڵگای ئێمە وەك ئێستا لەبار نەبوە، ئەگەر وا بڕوات، ئاسان نابێت راستییەكان لەناو درۆكاندا بدۆزیتەوە، بە تایبەتیش كاتێ زوربەی هاوڵاتیان درۆیان لێ دەبێت بە راستی.


PM:02:18:24/11/2019

ئه‌م بابه‌ته 3232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی