کۆرۆنا پیاوی ماڵی کرد؟ ژن ھەر ماڵی بووە؟

‌ئاشتی عەبدوڵا

کۆرۆنا پیاوی ماڵی کرد؟ ژن ھەر ماڵی بووە؟
ئەم جیاکارییە جێندەرییە بۆ  کەی و چی دەگرێتەوە؟

ئەم بارودۆخەی کەمرۆڤایەتی پێدا تێپەڕدەبێت، وەک وترا جیاوازییەکانی تەواو کاڵ کردەوە، لەنێوان سەرۆکێک و گوڵ فرۆشێک و دەوڵەمەندێک و  ھەژارێک .. ھتد.. یەکەم جارە لەمێژوودا ژمارەیەکی ئێجگار زۆری مرۆڤ وەک یەک کەرەنتینەکراون و لەجەنگدان، کۆرۆنا بێ خاترانە و بێ خوێندنەوەی پێگە و جیاوازی ئایدۆلۆژی و رەگەزی ھەمووان دەپێکێت ئەمە حاڵی ئێستای مرۆڤایەتیە..

لەدوای کەرەنتینە و دوای ئەوەی لەزۆرێک لە وڵاتانی دونیادا مرۆڤ لەپێناو خۆپارێزی لەنێو ماڵەکانیاندا مانەوە، قسەوباسێک کەنوێ نییە بەجۆرێکیتر و لەدۆخێکیتردا سەریھەڵدایەوە باس لەوە دەکات ، (پیاو ئێستا وەک ژن لەماڵەوەیە) دەوترێت: (پیاو لەئەزەلەوە بۆ ئەوە خولقاوە لەدەرەوە بێت و ئەمە سروشتی پیاوە و پیاو ماڵی نییە)، لەم قسەیەوە بەجۆرێک نمایشێکی ھێزی پیاوەتی و وێنایەکی باڵای پیاو نیشان دەدەنەوە و راستەوخۆ ماڵ بەشوێنی ژن دادەنێن ژن بەماڵی ناودەبەن، بیانوشیان سروشتی ژن و پیاوە ، زۆرجاریش دەخرێتە چوارچێوەی  نوکتەو بەشێوەیەکی گاڵتەئامێز باس دەکرێت.  بۆ ئەم بۆچوون و قسەو باسانەی کەدەکرێت تێدا جیاکاری جێندەری کە لەگەڵ شەپۆڵی قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤ دروستبووە و کراوەتە واقیعێکی سەپێنراو و کلتوورێک کەمرۆڤ خۆی دروستی کردوە، پێم باش بوو بۆ نیشاندانی دیوێکیتری ئەم باسە شتێ لێرەوە بڵێم و دواتر ھەموو ئەو چیرۆک و نوکتەو ھەقیقەتانەی نێو کۆمەڵگە، ئێمە بەھەند وەریدەگرین و دوای ئاسایبوونەوەی ژیان لەسەر زەوی ، دەبێت بخرێتە چوارچێوەی کاروپلانمان و کاری لەسەربکەین.

•ھۆکار سروشتی ژن و پیاوە یان کلتوور سەپاندوییەتی، کە ماڵەوە بۆ ژن و دەرەوە بۆ پیاو بێت؟؟

لەدوای شۆڕشی کشتوکاڵی بەهۆی جێگیربوونی مرۆڤ، پیاوان کاری کشتوکاڵیان دەکرد و ژنانیش کاری لێنانی خواردن و منداڵ بەخێوکردن و دانەوێڵە هەڵگرتنەوە و چوونەدەرەوەی ژن کەمکرایەوە، لەدوای ئەم گۆڕانکارییە لەژیانی مرۆڤ و جێگیربوونی لەیەک شوێندا و دروستبوونی گوندو شارەکان و تا دەگاتە دروستبوونی ئیمپراتۆر و مەلیک و ئاغا  و دواجار سیستمی سەرمایەداری، بەدوایدا رۆڵە جێندەری و جیاکاریی جێندەری بەزەقی سەریھەڵداو رەنگدانەوەی ھەبوو، بەها کلتووریەکان چوارچێوەیەکیتر و فرۆمێکیتریان وەرگرت.

ئەم جیاکارییە جێندەریە تۆختربووەوە، لەدوای دروستبوونی ئابووری و بازرگانیکردن و چوونی پیاو بۆ شەڕ و دروستبوونی سوپاکان، لێرەوە سیستمی سیاسی و حوکمڕانییەکان هێزی زیاتریان دایە پیاو و  لەدەرەوەی ماڵ ڕۆڵی دایە پیاو و رۆڵی ژنیش لە ماڵەوە.
 
ئەوەشمان بیرنەچێت، کە مێژوونووسان دەڵێن: کە پێش شۆرشی کشتوکاڵی، مرۆڤ لەکۆندا بە دوای ڕاوکردن و کۆکردنەوەی بەروبوومەوە بووه و ژیانێکی زۆر سەرەتایی ژیاوەو ژن و پیاو پێگەیان جیاوازییەکی زۆری نەبووە، بەوەی ژن بەدوای کۆکردنەوەی بەروبوومەوە بووە و پیاویش ڕاوی کردوە.  بۆ ژنیش و پیاویش دەرەوەو ماڵ دیاریکراو نەبووە .
لەم مێژووەوە دەکرێت بڵێن نەپیاو سروشتی وایە ، کە ماڵی نەبێت وەک دەڵێن خوا وا خەلقی کردوە و نەژنیش بۆ چوارچێوەی ماڵ دروست بووە، ئەمە کلتوورێکی دروستکراوە و سروشتی نییە. 

•جێندەر و رەگەز..
 
ماڵی نەبوونی پیاو وەک ئاماژەی پێکرا عورف و کلتوورەو بەھۆی جیاکاریی جێندەرییەوەیە، بۆیە دەمەوێت ئاماژەیەکیش بە جێندەرو رەگەز و جیاوازییەکەی بدەین . پێش ئەوەش دەبێ ئەوە بڵێم کە لەگەڵ ئەوەی لەھەرێمی کوردستان کاری باش لەسەر جێندەر کراوە، بەڵام ھێشتا سەرەتایە بۆیە زۆرێک وەک واتا راستەقینەکەی ئاشنا نییە بەم تێرمە، لەپاڵ ئەوەشدا بەھۆی دژایەتیکردنی و تێنەگەیشتنی ھەندێک لەکەسانی دینی، بەربەست ھەبووە لەگەیاندنی ھۆشیاری بەکۆمەڵگە. بۆیە لەوبارەیەوە ھۆشیاری لەئاستی پێویستدانییە، ھەر خودی پرسی جێندەریش مێژوویەکی زۆر کۆنی نییە لەجیھاندا. بۆیە پێم باش بوو بەسادەیی شتێکی لەسەر بڵێم، چونکە جێندەر ماناو دەلالەتێکی قووڵی فەلسەفی ھەیە و ئەو قووڵبوونەوەیە جێدێڵین بۆ کەسانی ئەکادیمی .
 
لەکۆتایی ئەم وتارەدا ئەوەندە بەسە کەبڵێین:

چەمکی جێندەر ئاماژەیە بۆ ژنبوون‌و پیاوبوون، ئاماژەیە بۆ سەرجەم ئەو جیاوازییە كۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و کلتوورییانەی كە لەنێوان ژن‌و پیاودا هەیە، كە کلتوور دروستی كردون نەك رەگەز، واتە ئەو رۆڵە كۆمەڵایەتییەی چ ژن چ پیاو هەیەتی دروستکراوی کلتوورو داب‌و نەریتە‌، هیچ پەیوەندییەكی بە نێربوون‌و مێبوونەوە نییە، رەنگە لە كولتوورێک و شارستانیەتێکیتر و لە جێگایەكیتر ژنەكان رۆڵی پیاو بگێڕن‌و پیاوەكان رۆڵ‌و پێگەی ژنیان هەبێت.

ئەم پەرەگرافەی ئاماژەمان پێکرد تێگەیشتنێکی  سادەیە لەجێندەر، بەڵام چەمكی جێندەر جیاوازیەكی زۆری هەیە لەگەڵ چەمكی(رەگەز) . 

-رەگەز یاخود سێکس  ئاماژەیە بۆ سیفاتە بایلۆژییەکان، كەهەریەك لە (نێر‌و مێ)ی پێ جیادەكرێتەوە، ئەم تایبەتمەندیانەش‌ نەگۆڕن، واتە هەڵكەوتەی بایلۆژی نێرێك وەكو نێر دەمێنێتەوە‌و مێیەك وەكو مێ‌و گۆڕانی بەسەردا نایەت.

ئەم نووسینە بۆ راستکردنەوەی ئەو ھەڵە باوانەیە، کەبەردەوامی دەدەن بەجیاکاری جێندەری و بەھۆی کلتوورێکی سەپێنراو کەرەھەندێکی مێژوویی ھەیە و نەوە لەدوای نەوە بەھەڵە دا دەبرێت، چونکە ھێشتا سیستمی پیاو سالاری ویستیەتی بەردەوامی بدات بەجیاکاری جێندەری.

پێم باشە ئاماژەش بەوە بدەم، کە لەھەرێمی کوردستان ،سەنتەری یەکسانی جێندەر بۆیەکەمجار لە شاری سلێمانی لە ساڵی ٢٠١١ دامەزرا، لەمانگی ٣ی ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیار درا کە بەفەرمی سەنتەرەکانی یەکسانی جێندەری لە سەرجەم زانکۆکان بکرێنەوە و لە ئێستاشدا ٣٠ سەنتەر لە ناو زانکۆ حکومی و ناحکومییەکاندا ھەیە.


AM:12:04:01/04/2020

ئه‌م بابه‌ته 2372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی