لەبارەی روونکردنەوەکەی زانایانی ئایینی

‌ئاشتی عەبدوڵا

روونکردنەوەکەی یەکێتی زانایانی ئایینی، پێویست نەبوو و لەگەڵ ئازادی تاک و یەکسانی جێندەری ، ھەروەھا کۆمەڵگەو کلتووری کوردەواریشدا ناگونجێ، ھەمووان ئەوەیان لەبیرە، کە یەکێک لەجوانییەکانی عادەتی کوردەواری ئەوەیە، کە بەچاوی رێزو بێ جیاوازی رێزی لەھەموو چین و توێژەکانی خۆی گرتووە، لەنێویاندا شۆفێری تەکسیش، جگە لەوەش ئەوەی بڵاوکراوەتەوە دەخستنە نێو ژیان و ئازادی تاک و نەھێشتنەوەی رۆڵە بۆ یاسا، خزمەت کردنیش نیە بەکۆمەڵگەمان.

ئاشکرایە کەژنانی کوردستان ئەو قۆناغەیان تێپەڕاندوە، کە ماف و ئازادیە سەرەتاییەکانیان لە چوونەدەرەوەیان بەتەکسی بەبێ مەحرەمێک لێ حەڵال و حەرام بکرێت، ھەزاران ژن و کچی ئەم ھەرێمە کاردەکەن و رۆژانە بۆ گەیشتن بەشوێنی کارو راپەراندنی کارەکانیان بەتەکسی ھاتووچۆ دەکەن، لەکاتی بوونی حاڵەتێکی کێچەڵ و دەست درێژیدا پێویستە و ئەرکی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانە، کە بەیاسا رووبەڕووی ببنەوە و ھەق وابوو،  کەبەڕێزان لەیەکێتی زانیانی ئایینی ھاوکارو پاڵپشتی یاسا بن بۆ رێگری کردن و کەم کردنەوەی دەستدرێژی و کێچەڵەکان نەک بەروونکردنەوەیەک کە پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا.

بەداخەوە کە بڵاوکراوەیەکی لەو جۆرە، کە ژنان و کچانی نیگەران کردوە و بەدڵنیایی بێ ھەڵوێست نابین بەرامبەر ھەر روونکردنەوەو بۆچوونێک کە دوورنییە فەتواشی بەدوادا بێ، ئاماژەیەکیش بێ بۆ لێسەندنەوەی ماف و ئازادییەکانمان.

لە لایەکیترەوە، لەسۆنگەی باوەڕمان بە یەکسانی و خەباتمان بۆ ھێنانەدی یەکسانی جێندەری، ئەم نووسراوەی بەڕێزان لەیەکێتی زانایانی ئایینی دووجار نیگەرانی کردوین، یەکەمیان وەک ژنان، کە بەھەقی ھیچ کەس و لایەنێکی نابینین کەپاشەکشە بە دۆزو خەباتمان بکات بۆ پراکتیزەکردنی ماف و ئازادییەکانمان، لەھەمان کاتدا  ھەزاران پیاوی بەرێزی ئەم ھەرێمە دەخەنە ژێر گومان و پرسیارەوە، کە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان کاری تەکسی دەکەن.

لێرەوە داوا لە ژنان و پیاوان دەکەین ھەموو ئەوانەی باوەڕیان بەیەکسانی و رێزگرتنی مافی تاک ھەیە، ھەڵوێستیان ھەبێ، کە بەروونی بڵێن رێگە نادەین لەژێر ھیچ پاساوێکدا ژیانی خۆمان و ئەندامانی خێزانەکانمان، کە لەئەرک و پیشەی رۆژانەدان، روونکردنەوەو بۆچوونی لەوجۆرە لەدوورەوە ئاڕاستەیان بکات .


PM:02:17:07/12/2019

ئه‌م بابه‌ته 2812 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی