‌یەکێتی، بۆیەکێتی بێ دەنگ دەکەن!!
PM:01:26:24/09/2019
ئاشتی عەبدوڵا

راگەیاندنی حزب، یەکێکە لەجومگە سەرەکییەکان و زمانحاڵ و دەنگی حزبە، دەتوانێ بەھێزی بکات یان لاواز، ئەو دەنگەی کەسیاسەتی حزب و مێژوو، ئێستاو پلانی داھاتوو دەخاتەڕوو، ھەر لەڕێی ئەم دەنگەی حزبەوە مامەڵە دەکرێت لەگەڵ یارو نەیاری حزب، ھتد....

بێ ئەمسەرو ئەوسەر، لەدوای قۆناغی کۆچکردوو ھەڤاڵ مام جەلال قۆناغی زێڕینی راگەیاندنی یەکێتیش کۆتایی ھات.

ئێستا پەراوێزخستنی راگەیاندنی یەکێتی گەیشتۆتە ئاستێک، کەئاماژەیەکی سەیرە و سەرم لێ دەرناچێت، یەکێتی لەبری گەشپێدان و نوێکردنەوەی ئەم پایە گرنگەی حزب و گونجاندنی لەگەڵ قۆناغ و سەردەمی نوێی میدیایی، دەیەوێت دەنگی خۆی کپ بکات!

بەمەبەست بێ یان بێ مەبەست بڕیار بەدەستانی حزب دەیانەوێت، ئەم دەنگەی یەکێتی لاوازو کپ بکات!

بۆچی یەکێتی وادەکات؟ بۆ دەستی لەقوڕگی راگەیاندنی خۆی ناوە و پەراوێزی خستووە؟ بۆچی ھەمیشە راگەیاندن و راگەیاندکاری خۆیان پشتگوێ دەخەن؟

لەکاتێکدا راگەیاندن و راگەیاندکارانی یەکێتی ، سەرچاوەیەکی گرنگی ھەموو میدیای ھەرێمی کوردستان بووە و ئێستا راگەیاندکارەکانی لەمیدیاکانیتری غیرە یەکێتی دیارترین و بەتواناترین راگەیاندکارن.
بەیەقینەوە دەڵێم، کەھۆکاری لاوازی راگەیاندنی یەکێتی لەئێستادا کادرو راگەیاندکارو قەڵەمەکانی نییە، بەڵکو ھۆکارەکە حزبە حزب کە دەیەوێت خۆی، خۆی بێ دەنگ بکات!

ھەڤاڵانی یەکێتی بۆ دەتانەوێت خۆتان بێدەنگ بکەن، بۆچی مووچەی راگەیاندن بە چەند مانگ نادەن، قووتی راگەیاندکاران و راگەیاندنەکەی خۆتان دەبڕن و لەو لاوە بۆ سایت و مایت سێبەرو لاکۆڵانەکان و میدیای سەرجادە
سەرفی دەکەن!

ھەڤاڵانی بەرپرس وەڵامی ئێوەمان گەرەکە، ئامانج لەم کپ کردنەی دەنگی یەکێتی چیە؟ ھەر ئەم راگەیاندنە بوو کە مام بەکۆڵەکەی یەکێتی ناوی دەبرد، ئێستاش ھەمان راگەیاندنە کەئێوە نایەڵن گەشەبکات، یەکێ تێمان گەیەنێ ئێوە بۆ یەکێتی بێ دەنگ دەکەن!

ئاشتی عەبدوڵا

تێبینی: نزیکی ساڵێکە بەندە لەراگەیاندنی یەکێتی نەماوم و مووچەش نیە ، واتە ئەم ھاوارە بۆخۆم نییە .


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.