تای کۆنگرە

‌ئاشتی عەبدوڵا


کاتێک لەسەر بابەتێکی رەخنەیی و سیاسەتی حزب قسە دەکەم، سەرەتا وەک قەڵەمێک و دواتر وەک دۆستێکی یەکێتی، پێویستە ئاماژەش بەوە بدەم کە لەئێستادا لەھیچ ئۆرگان و دەزگایەکی حزبیدا کارناکەم و ھیچ تەعریفەیەکی حزبیشم نیە، گەرچی بۆ پەرلەمانی عیراق کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووم و وەک پابەندبوون بە بەرنامەکانی یەکێتی و ئەرکی ئەخلاقی ئەو بەرپرسیارێتیە، ئەرکەکانی خۆم لەپێش ھەڵبژاردن و کاتی ھەڵبژاردن و دوای تەواوبوونی پرۆسەکەش جێبەجێ کردوە،  دوورکەوتنەوەو دانیشتنم لەئێستادا جگە لەوەی پەیوەستە بەوەی کەنیگەرانین لەدۆخی یەکێتی، نیگەرانیشین لەوەی کە نە بەڵێنەکانی بەخەڵکماندا جێ بەجێکرا کەبەشێکی بریتی بوو لە نوێبوونەوەی یەکێتی و چاکسازی نێوخۆیی وخزمەتکردن و ھەروەھا بەشێکیتریشی ئەوەیە، کە نەمافی ئەو ھەزاران خەڵکەدرا کەبەڵێنمان پێدان نەمافی خۆشمان درا، مافی خەڵک و ئێمەش کرا بەدەستەو دیاری بۆ ئەوانەی کەسەنگەریان لەیەکێتی گرتبوو.

ھەتا ئەم ساتەی کەبابەتەکە دەنووسم کێشەکان نەک چارەسەر نەکراوە، بەڵکو خرابترە.  
دەمەوێت زۆر راشکاوبم، رەنگە ئەم راشکاویەش وەک چۆن پێشتر بەھۆیەوە باجم زۆرداوە  ئەمجارەش باجیتر بدەم، ھەروەک ئێستا بێ بەش بکرێم لەئیستحقاقی خۆم، بەڵام ئیتر روئیاو قەناعەتی مرۆڤ دەستبەرداربوونی ئاسان نییەو دەست گرتن بەکڵاوەوە ئیشی ئێمەومانان نیە.

دەمەوێت راشکاوم بم لەسەر خاڵێک بوەستم، کەکێشەیەکی گەورە بەرۆکی ئەم حزبەی گرتووەو رۆژبەرۆژ پاشەکشەی پێ دەکات و لە بنەما سەرەکیەکانی خۆی لایداوە. 

گەر نموونەیەک وەرگرین لەسەر ئەو پاشەکشەیە، ئەوا شێوازی دیاریکردنی بەشێک لەکاندیدەکانی ھەردوو پەرلەمانی عیراق و کوردستان و دواتریش  دیاریکردنی کاندیدەکان  بۆ پۆستە حکومیەکانە، کەزۆرێک لەھەڤاڵانمان باسیان لەلاوازی ھەندێک لەکاندیدەکان کرد و راشکاوبوون لەو بۆچوونەدا، بەڵام من دەمەوێت لەروویەکیترەوە قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەم، ئەویش زیندە بەچاڵکردنی ئەو دیموکراسیەتەیە کەیەکێتی پێ دەناسرایەوە، چ لەناو خۆی کاری حزبی و چ لەدەرەوەی حزبیش، لەنێو ساحەی سیاسیدا بۆن و سیمای  دیموکراسیەتەکەی یەکێتی جیاوازبوو ، ئەو دیموکراسیەتەی کەپراکتیزەکردنی لەرابردوودا ھەزاران دۆست و کادری لەدەوری یەکێتی کۆکردەوەو لەئەرک و مافدا تارادەیەکی زۆر ھەمووان یەکسان بوون، بەڵام چەرخ وەرگەڕاو لەنێو خۆی حزبەکەدا پەڕو باڵی دیموکراسی کراو، کراسێکیان پێ دووری پڕبەباڵای باڵەکان.

سەرەڕای درکاندنی بەشێک لەم راستیانە لەلایەن ئێمەو زۆرێک لەھەڤاڵانمان، بەڵام ھێشتا زۆرێکیتریش دێن و دەڵێن لەنێو یەکێتیدا باڵ و دەنووک بوونی نییە، پێدەچێت ھەندێک لە ئەوانەی ئەم رایە دەڵێن  لەخەمی یەکێتیدا بن و بیانەوێت کێشەکان  بشارنەوە، ھەندێکیتریشیان یان راشکاونین یان خۆشخەیاڵن.

راستە بۆ چارەسەری کێشەکان و بەدامەزراوەکردنەوەی یەکێتی، کۆنگرە   تاکە چارەسەرە، بەڵام پێش کۆنگرە دەست خستنە سەر برینەکان و راشکاوی و ھاتنە دەرەوە لەو بازنەی خۆشخەیاڵیە فاکتەرێکی بەھێزی سەرکەوتنی کۆنگرەیە، ناکرێت بێ خەمبن لە دووبارە بوونەوەی سیناریۆی پەرلەمان و حکومەت لەناوکۆنگرەشدا.

لەئێستادا ھەموو سیاسیەکانی یەکێتی دەڵێن کۆنگرە، بەڵام لەراستیدا زۆرێکیان ھەر باسی کۆنگرە نزیک دەبێتەوە لەئەرزی واقیعدا تووشی تای کۆنگرە دەبن و  ریسەکان دەکەنەوە بەخوری، چونکە دەزانن کۆنگرەیەکی بێ تەوافوق بە چ دەردێکیان دەبات .

ئەوەی ماوەتەوە لەکۆتایدا ئاماژەیەکی پێ بدەم بەگرنگیشی دەزانم ئەوەیە، کە ئاکاری سیاسی تەندروست و حورمەتی سیاسی ئەوەیە، کە تا ئەم ساتەی بەندە وەک دۆستێک و یەکێتیەک بەبێ تەعریفەیەکی حزبی ماومەتەوە، بەپێویستی دەزانم کە لەئێستادا راشکاوبم و دەست بخەمە سەر برینەکانی ئەو حزبەی کەدەمەوێت خۆی نوێبکاتەوە و ببێتەوە ئەو حزبەی کەخەڵکی کوردستان لەژێر سێبەری کارو بەرنامەکەیدا ھەم لەدەوری کۆببنەوەو ھەمیش خزمەت بکرێن، نەک ھەر کات وازمھێنا قسەبکەم ، پێموایە قسەکردن لەبابەتێکی وەھادا جگە لەبوێری سیاسی، ھەڵوێستێکی سیاسیە  لەپێناو داھاتووی یەکێتی، ھێشتا باوەڕمان وایە کەدەکرێت دەست بەرداری ھیوا نەبین بۆ چاکسازی لەنێو یەکێتیدا.



PM:04:19:21/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 5428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی