حزبی سیاسی، یان حزبی پیاوە سیاسیەکان؟

‌ئاشتی عەبدوڵا

بەکورتی ..

حزبی سیاسی ، ھەردوو رەگەز تیایدا  بەشدارە و ئەرک و مافی دەبێت ، بەپێی پەیڕەو پڕۆگرام و ئەجندای ئەو حزبە، ھەم ئەرک و ھەم ماف دابەش دەبێت بەسەر ھەردوو رەگەزدا ، ئەمە لەحاڵەتی نۆرماڵدا .

لەحاڵەتی دووەمدا، کە پێی دەڵێین حزبی پیاوە سیاسیەکان، ئەمەیان بەزەقی رەنگدانەوەی ھەیە لەکایەی سیاسی ئێمەدا ، لەم حاڵەتدا ھەردوو رەگەز بەشدارن لەکاری حزبیدا و لەئەرکدا یەکسانن، بەڵام لە مافدا زۆر جیاوازن.

بۆ نموونە ..

سیستمە سیاسیە پیاوانەکەی ئێمە ، دوای دانووستانە پیاوانەکەیان ، بەنیازن حکومەتێکی پیاوانەش پێکبھێنن!!
ئەو رێژەیەی لەژنان کە بەشداریان پێکراوە لە حزبەکانیان یان دەسەڵاتی تەشریعی  ، ئەو بۆشاییە گەورەیە پڕناکاتەوە کە دروست کراوەو ژن لەدەسەڵاتی جێبەجێکردندا  فەرامۆش کراوەو دەکرێت.

ھەشت کابینەی پیاوانە بەڕێ کرا..

ساڵانێکە لەم بارەیەوە قسە زۆر دەکرێت، بەڵام تائێستا ھەشت کابینە بەڕێ کرا لەدەسەڵاتی جێبەجێکردندا بەدەگمەن ژن بینرا!!
بۆ کابینەی نوێ ئیتر عەیبەیەکی گەورە دەبێت بۆ حزبی پیاوە سیاسیەکان، کە  لەو بازنە چەقبەستووە نێرینەییەدا بمێننەوە.

پێشنیار ..

پێشنیارو تێبینیمان زۆر ناردۆتە جێی مەبەست، بەڵام بەھەند وەرناگیرێت، بۆیە لێرەدا ئاماژەم بەپێشنیار نەکردوە و پێم وایە رێکاریتر پێویستە، چونکە باوەڕم بەو قسەیە ھەیە کەدەڵێن ماف نادرێ ، بەڵکو دەسەندرێت.

بۆچی حزبی پیاوە سیاسیەکان؟

ئەم دەستەواژەیەم بێ ئەزموونکردن و بێ بوونی واقیعی حاڵەتەکە دیاری نەکردوە، بۆ ئێستا ئەمەندە بەسە، لەداھاتوودا لەسەر حزبی پیاوەکان  و دارو دەستە پیاوانەکان و نەخوێندنەوەی  دنیابینی ژنان، خوێندنەوەیەکی ترمان دەبێت.


AM:10:45:17/04/2019

ئه‌م بابه‌ته 1736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی