قیافەت و قەڵەم

‌ئاشتی عەبدوڵا

ئەوەی دەیگێڕمەوە شتێکی نوێ نییە ، بەڵام بۆ ئەم مەبەستەی لەخوارەوە باسی دەکەم تەنھا بیرخستنەوەیە.

ئەو زەمەنەی کەڕۆیشت و ھەرگیز نەگەڕێتەوە ، کە تەنھا کەناڵە تی ڤییەکانی رژێم ھەبوو لەوێوەوە دیدارو کۆبوونەوەکانی سەدامی دیکتاتۆرمان دەبینی، گەرچی مناڵ بووین بەس ھەمیشە شتێک ھەبوو سەرنجی رادەکێشام ئەویش ئەوەبوو کاتێ سەدام پێ دەکەنی ھەرچی وەزیرو گزیر ھەیە بەکۆڵێ قیافەتەوە دەبوو خۆیان بخەنە پێکەنین گەر ختوکەی خۆشیان دابێ ھەر دەبوو پێبکەنن، لەبەر خۆمەوە دەموت چۆن دەبێ مرۆڤ ھێندە بودەڵە بێت!!  درێژەی نەدەمێ و رزای ئەو سەردەمە گرانە و بیرەوەری تاڵە.

دەمەوێ لێرەوە بچمە سەربابەتێک و باسی ھەندێک لەنووسەرو قەڵەم بکەم، کە کاتێ نووسینێکیان دەبینین، چەندە دڵخۆش دەبین ، دەڵێین شوکرانەی دەوێت ھێشتا دونیابینی و مرۆڤ دۆستی وا لە چەند پەرەگرافێکدا کۆمەڵگە بەئاراستە دروستەکەدا دەبات، قەڵەمە درەوشاوەکانیان و فکری خۆیان رەنگدانەوەی خودیانە و چەند ئازاو ئازادن سەرسام دەبین پێیان، بەڵام ئەوەی تووشی شۆکت دەکات و راستیەکە بەدووچاوی گەش و عەقڵێکی کامڵ و واعی دەیانبینی لەنزیکەوە، ئەم ھەندێیەی باسم کرد لەناوەرۆکدا مرۆڤی بودەڵە و ترسنۆکن داردەستی ھەندێ عەزەڵاتی بێ ماریفەتن کە وەفایان بۆ سێبەرەکەی خۆشیان نییە، جا ئەم عەزەڵاتە چۆنی بوێت وا ھەڵیان دەسوڕێنێت  ، وتی بڵێن سەلام دەبێ بڵێن سەلام ! وتی بێ دەنگ بن دەبێ بێ دەنگ بن ! لەدەوری خڕدەبنەوە سەوداومامەڵە بە ھەمووشتەوە دەکەن (بەسیاسەتەوە بەکۆمەڵگەوە و بە بازرگانی و ئابووری وڵاتەوە)، ئەو نووسینانەی دەرخواردی خوێنەری دەدەن بۆ شاردنەوەی دیوە ھەقیقیەکەیانە ئیتر دوونیابینی چی و قەڵەمی چی ئەوان نەتوانن خۆیان بن چۆن دەتوانن میلەتێک ھۆشیاربکەنەوە، لێرەوە دەگەیتە ئەو یەقینەی ئەمەیە ھۆکاری نەگەیشتنی خیتابەکان بەمیلەت بونیادی پەروەردەیی و ھۆشیاری لەبازنەیەکدا گیربووە !؟؟ ھەر ئەمانە لەئاستی فەخامەتی عەزەڵاتدا چۆک دادەدەن،   ھەر ئەم ھەندەیە لەو نووسەرانە بەئەمری جەنابی عەزەڵات ھەر رۆژەی لەحزبێک و لایەک و کەسێک شەنو کەودەکەن !! چ شەرمە مرۆڤ خۆی نەبێت، زۆرجار کە سەیری ئەو کۆمەڵە قەڵەمە نایابەی ھەمە دەکەمەوە و رێکێیان دەخەمەوە کەھێشتا زۆربەیان وشەیەکی پێ نەنوسراوە، لەئاستیاندا یەک پارچە شەرم دامدەگرێت دەبێ بۆ ئەو غەدرە لەقەڵەم بکرێت، چۆن ترسنۆکەکان زاتی ئەوە دەکەن قەڵەم بگرنە دەست و خۆیان بکەنە پاڵەوانی وشەو ببنە رێنیشاندەری میلەتێک، دەی ئیتر چۆن و بەکێ بڕوادەکەیت  کە بەو جۆرە بەرووکەش غاندی بن و بە ناوەڕۆک ترسنۆک و بودەڵە..

دەیان جار مردن شەریفانەترە لەوەی ھێندە بچووک بیت و خۆت نەبیت.

زۆرجار دەبێ بڵێین خۆزگەم بەوەی بێ ئاگایە و ھەر رووکەش دەبینێ تا زەخت و شەکرەی وەک ئێمە بەرز نەبێتەوە ھەر ئەو دیوە ببینن کەنمایشی  جوان دەکەن!

لەم باسەدا بووم پێش نووسینەکە بۆ ھاوڕێیەک، وتی تۆ سەرت نایەشێ و  دەیپێچی ، وازیان لێبێنە ئەو قەڵەمانەو  عەزەڵاتەکەی قائیدیشیان عومرییان کورتە و گروفڕێکە، وتم ئاخر بەجدی من سەرم دێشێت بەو گروفرەش بێت ئەم قیافەتانە پێیان وایە ھەڵمان دەخەڵەتێنن و نەک ھەر سەرم دڵیشم ژان دەکات بۆ خو ێنەر و قەڵەمیش.


PM:06:07:16/02/2019

ئه‌م بابه‌ته 3524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی