ئەمجارە قوباد تاڵەبانی

‌ئاشتی عەبدوڵا


دوای پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی، کە لەگەڵ دەستپێکی
پرۆسەی ئازادکردنەوەی موسڵ نووسیبووی ، ئێمەش لەوتارێکدا بەناونیشانی ( کوڕەکەی مام جەلال )، وتمان پەیامێکی بەرپرسیارانەیە و هیوامان خواست، کە وەک باوکی هەوڵی بەپراکتیزەکردنی پەیامەکانی بدات و لەپێناو یەکریزی و یەکخستنەوەی ناو ماڵی کورد و چارەسەری کێشەکانی خەڵک، بێگومان  ناونیشانی وتاری پێشوو مەبەستمان بوو بەو جۆرە بێت، دەنا ئەکرا بڵێین قوباد تاڵەبانی، مەبەستمان بوو لەڕێی ئەو ناونیشانەوە داوا لەکوڕەکەی مام جەلال بکەین، وەک باوکی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پەیامەکانی بکات،  هەر دوای بڵاوبوونەوەی وتارەکە، چەندین سەوداو مامەڵە بەم وتارەمانەوە کرا و بەدوای خۆیدا تێبینی زۆر وترا، کەژنە نووسەرێکی رەخنەگر لەدەسەڵاتی کوردی چۆن پەیامێکی جێگری سەرۆکی حکومەتی  بەئیجابی باس کردوە!

وەک ئاماژەمان پێدا لەو وتارەی پێشوودا تەنها هیوامان خواست، کە کوڕەکەی مام جەلال پەیامە جیاوازەکەی پراکتیزە بکات و هەروەک مام هەنگاوی بۆ بنێت، بەڵام ئەمجارە قسەیەکی جیاواز ئەکەین، جگە لەهیواخواستن.

  قوباد تاڵەبانی سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکانی کەرووبەڕووی ئەبێتەوە لەزۆرلاوە و قەیرانە سیاسیە قووڵەکان،  توانی کێشەی سلێمانی چارەسەر بکات، هەقە لەسلێمانیدا یارو نەیار لە ئەم هەنگاوەدا پشتیوانی بن، ئەو بڕیارە لەکات و ساتێکی وادا دەلالەتی گرنگی هەیە و ئاسان نەبوو، بەڵام ئەم هەنگاوە جگە لەخەمخۆری بۆ سلێمانی، وێنەیەکی تری نیشان داین، ئەویش رێز گرتنی قوباد تاڵەبانی بوو لەهاوپەیمانێتی نێوان گۆڕان و یەکێتی و لەهەمان کاتدا رێزگرتنی دەنگدەران بوو . تا هەردوولا بتوانن کێشە و گرفتەکانی سلێمانی پێکەوە تێپەڕێنن و پاپەندی رێکەوتنەکەی نێوانیشیان بن.

 بەپشتیوانی هەمووان ئەتوانرێت بۆ داهاتوو هەنگاوی گەورەتر بنرێت بۆ گرفتە دروستکراوە سیاسی و یاساییەکانی، کە رووبەرووی ئەم شارە ئەکرێتەوە .

هەر لێرەوە بەیارو نەیار ئەڵێین، گەر جاری پێشوو تەنها پەیامەکەی کوڕەکەی ماممان بە بەرپرسیارانە وەسف کرد، ئەوا ئەمجارە دەست خۆشی لەقوباد تاڵەبانی ئەکەین کەقسەکەی خۆی بردەسەر و (سڵێمانی لەبێ خاوەنی ) رزگار کرد، ئەم دەستەواژەیە قسەی من نییە، بەڵکو زۆرێک لەسیاسیەکان و میدیاکان چەندین جار ئاماژەیان بەوە ئەدا، کە سلێمانی بێ خاوەنە، بەڵام هیچ کات سلێمانی بێ خاوەن نەبووە، بەڵکو هەریەکێک لەخەڵکی شار و هەر بەرپرسێکی خەمخۆری شار خاوەنی شارە و هەمووان پێکەوە سلێمانی وەک خۆی ئەهێڵینەوە هەمیشە شارە حەیاتەکەیە، ئافەرین بۆ هەر هەوڵێکیش کەئەدرێت، هەرکەس و هەر لایەنێک هەوڵێک بدات، ئێمە پشتیوانی ئەبین و دەست خۆشی لێ ئەکەین، هەروەک چۆن لەتێبینی و رەخنەکانیشمان بەردەوام ئەبین لەکاتی پێویستدا.

لەکۆتایدا ئەکرێت بپرسین لەقوباد تاڵەبانی گەشبین بین و چاوەڕێی چارەسەری کێشەکانی خەڵک و بێ مووچەیشت لێ بکەین؟ ئێمە ئەزانین لەهەوڵدایت، بەڵام چاوەڕێین هەوڵەکانت چڕتربکەیتەوە،  باروڕۆخ و گوزەرانی خەلک هەنگاوی زۆر خێرای ئەوێت، هاووڵاتی برسیە و ژیانی لەوپەڕی دژواریدایە، مناڵانمان لەخوێندن بێ بەشن و مامۆستاو فەرمانبەر ناتوانێت چاوەڕێی پلانی درێژخایەن بێت، دوای چارەسەری کێشەی سلێمانی نۆرەی چارەسەری گوزەرانی خەڵکە، هاووڵاتی رۆژانە لەسەر شەقامە ئەیەوێت دەنگی پێتان بگات، هیوادارم دەنگی شەقامت پێبگات و لەوتاری داهاتوودا دەست خۆشی ئەوەت لێبکەین.


PM:09:34:01/11/2016

ئه‌م بابه‌ته 10537 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی