رون و رەوان بۆ ھێرۆخان

‌هێمن كه‌ریم

 بەبێ لایەنداری سلێمانی بێ ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدی پێوەدیارە، ھەتا ئەو لەناو گۆرەپانەکەدا بوو کەس نەیدەتوانی سوتانی سنەوبەرو بەھەدەردانی موڵکی گشتی و ئاسەواری مێژوی شاری سلێمانی بەفیرۆبدات، زۆرێک نموونە لەبەر دەستن کە ئەو خانمە بەبێ ئەوەی خۆی بکاتە پاڵەوان ، سلێمانی دەپاراست لەدەست ئەم یان ئەو چاوچنۆکی سیاسی بازرگان، من نازانم لەئێستادا ھێرۆخان باری تەندروستی چۆنە، بەڵام تەمەنادەکەم زۆر باشبێت ، تا بەدوکەڵی سنەوبەرەکانی شار نەمان خنکێنن.

نامەوێت لەبابەتەکە دورکەومەوە تا نەبێت پیاھەڵدان، بەڵام تەنھا پێویستمان بەسەر ھەڵبرینێکە تاشار ببینین ئەوکات دەزانین، کە کێ بوو پارکی ئازادی پاراست ؟ کێ بوو ئەمنە سورەکەی کردە مۆزەخانەیەکی نیشتیمانی؟ ئەو ئەمنە سورەی کەئێستاش چاوی تەماحی لەسەرە! کێ بوو چەندین ئاسەواری مێژوی سلێمانی لەژێر دەستی ئەم و ئەو ھێنایە دەر؟ کێ بوو نەی ھێشت (بەردەرکی سەرا) بکرێتە پرۆژەیەکی بازرگانی ؟ نامەوێت بڵێم ھێرۆخان بوو دەی بەراستی ئەو بوو، ھێشتاش زۆر شتی تریش ھەن کە بڵێم ئەو بوو.

لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا برێکجار کەسەیری شار دەکەم ئارەزوومە پر بەگروی سوتاوم بڵێم حەیف بۆ سلێمانی ئەوشارەی کە ھەموان لەسەری دەخۆن و تێرنابن .

ئەم چەند دێرەشم بۆ ئەوە نووسی تا چاوی حەقیقەت و وەفا خۆی وەدەرخات، چونکە ھەرکۆمەڵگەیەک نوسەرەکانی پشتگیری لەراسترەوی سیاسیەکی بەئەمەک و پاک نەکات ، ئەوا ئەو کۆمەڵگەیە دەبێتە خۆڵەمێش و تاوانیشی بەپلەی یەکەم لە ئەستۆی نوسەرو راستبینەکاندایە، ناشکرێت و ناشگونجێت میللەتێک غەوغایی پەروەردە بکرێت، شوێن ئاراستەی چاوچنۆکی بکرێن بۆیە گرنگە ھەموان ئێستا بڵێن ئای بۆ ھێرۆخانێک کە ئەو دەستە لەملی قورگی سلێمانی بکاتەوە، با بشزانین کێ دەبێتە ھێرۆخان و ئێمەش چاوی وەفامان لەسەری دەبێت!


PM:08:09:19/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 2400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی