تکاو داوایەک

‌عومەر گوڵپی

ئێستە لە کۆمەڵگەی سێبیرانی نزیک لە هەولێر دەگەڕێینەوە، لە پرسەی خاتوو خانم، ئەو منداڵەی کە نزیکەی مانگێک لەمەوپێش بە ڕووداوێکی تەم و مژاوی سوتا، و پاش مانەوەی بۆ ماوەی مانگێک لە نەخۆشخانەی پاکی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لە دەستدا.

ڕووداوەکە پڕ ئازارە، منداڵێک کە هێشتا تەمەنی نەگەیشتووەتە سێ ساڵ، ڕووحی پاکی گەڕایەوە لای خوای گەورە.

بۆ گەیشتن بە ڕاستی ئەو ڕووداوە بە پێویستی دەزانم تکاو داوایەک ئاراستەی خەڵکی کۆمەڵگەی سێبیران بکەم کە هەرکەس هەر جۆرە زانیارییەکی لەسەر ئەو ڕووداوە لایە بیداتە پۆلیس، یان دادوەری لێکۆڵەر، یان داواکاری گشتی، یان ئێمە، تا یارمەتیدەربێت بۆ ڕەوتی لێکۆڵینەوەو دەزگا بەرپرسەکان و دەرکەوتنی ڕاستییەکان.

ئەوەش لە پێناو بەرقەراربوونی بەشێکی بچوکی عەدالەت لەسەر زەوی، و ئارامبوونەوەی دڵی گڕگرتووی دایکی و کەس و کارەکەی، و ئاسودەیی ویژدانی ئێمەش.

تکایە هاووڵاتیانی خۆشەویست: شاردنەوەی هەر جۆرە زانیارییەک بێجگە لە تاوانباری بە پێی یاسا، لەهەمان کاتدا گوناهێکی گەورەیە لەسەر شانتان و لە ڕۆژی دوایی لێپرسینەوەی لەسەر دەکرێیت.

لەم ڕووداوەدا بە پێویستی دەزانم دەستخۆشی لە خێرخوازان بکەم کە ئەرکی چارەسەرییان گرتە ئەستۆ، هەروەها لە کەناڵی ڕووداویش کە زۆر بەباشی کاری لەم دۆسیەیە کرد، کە دۆسیەی هەموو مرۆڤێکی بە ویژدانە.

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
٢٢ی ١١ی ٢٠٢٠ - هەولێر



PM:04:06:22/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 1588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی