ناوزڕاندن و بیرنه‌كردنه‌وه
رێبوار سیوەیلی
1. ناوزڕاندن، بریتیه له شێوازێكی قسه‌كردن له‌سه‌ر كه‌سێك، كه تیایدا بمانه‌وێ له ڕووی پێگه و نامووس و ده‌روونییه‌وه به‌دناوی بكه‌ین و له ناو كۆمه‌ڵگەدا بیشكێنین و سوكیی بكه‌ین و چاوشكێنی بكه‌ین و كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌ویی ئه‌و كه‌سه تیرۆر بكه‌ین. ناوزڕاندن، جه‌خت له‌سه‌ر زڕاندنی ناوی كه‌سه‌كه ده‌كاته‌وه، وه‌كئه‌وه‌ی كه ئه‌و به‌و ناوه‌وه ناسراوه و ناوه‌كه یه‌كسانكراوه به كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی و كه‌سایه‌تیه‌كه‌یشی سیما و هه‌یبه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی ئه‌وه. بۆیه ئامانج له ناوزڕاندن شكاندنی كه‌سایه‌تی مرۆڤه له ڕێگه‌ی ناوه‌كه‌یه‌وه، له كۆمه‌ڵگەدا.
2. له ماوه‌ی ژیانمدا هیچ گه‌لێكم نه‌بینی و نه‌ناسی هێنده‌ی كورده‌كان، به‌تایبه‌تی له "عێراق"دا، چێژ له ناوزڕاندن وه‌ربگرن. من هه‌میشه ئه‌و سه‌رنجه‌م هه‌بووه، كه بۆچی ( عه‌بدوڵا گۆران)ی شاعیر نوسیویه‌تی:
ئه‌ی تریفه‌ی مانگی سپی به‌رده‌ركی ده‌لاقه
با پیس نه‌بی، خۆت مه‌ده له‌م كوردی عێراقه!
3. به‌ڵام ئه‌زموونی ژیان و خوێندنه‌وه‌م بۆ میژوو پێمده‌ڵێت، كه دیارده‌ی ناوزڕاندن به‌شێكه له كولتووری كورده‌كان به گشتی و له‌ناو ئه‌وانه‌شدا چینی خوێنده‌وار و ڕۆشنبیر و بیركه‌ره‌وه‌كانیان به‌تایبه‌تی. له مێژووی ئێمه‌دا، چ ئیزیدییەكان، چ كاكه‌یی و هه‌ورامی و چ ئه‌هلی هه‌ق، چ هۆستاكان (كه كورد پێیان ده‌ڵێت: قه‌ره‌ج، یان دۆم)، به‌ر شاڵاوی ناوزڕاندنی كورد خۆی كه‌وتوون. هه‌میشه لادێیی له‌لایه‌ن شارییه‌كانه‌وه خۆی له‌به‌رده‌م جۆرێ له به‌دناوكردندا بینیوه‌ته‌وه. ئاخۆ مه‌ولاناخالید، كاتێ لێی ده‌كه‌ونه ته‌قه له چ قه‌یرانێكدا ژیابێت و ئایا هیچ كامێ له‌و تۆمه‌تانه‌ی دابوویانه پاڵی، ڕاستبوون؟ پیره‌مێرد له (هه‌تیوباز)ـە‌وه پێی گوترا تا (نه‌وسن) و (چڵێس)، شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی پێش ئه‌وه‌ی بمرێ، له‌سه‌ر ده‌ستی كۆنه‌په‌رستان كوژرا بوو. گۆران عه‌بدوڵا به‌ده‌ستی جاسووس و خه‌به‌رچیی كورد نه‌بوایه، نه ده‌گیرا و تۆمه‌تی نامووسییان بۆ هه‌ڵبه‌ستبوو. ئه‌و په‌ڕی سوكایه‌تی به حه‌سه‌ن زیره‌ك و هاوسه‌ره‌كه‌ی كرا و چه‌ندین جار به گرت درا. قانع به‌هه‌مان شێوه و چه‌ندانی تریش، ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌سه‌ركرده خه‌باتكاره كورده‌كانیش له‌لایه‌ن میلله‌تی كوردی عێراق خۆیه‌وه سووكایه‌تیان پێكراوه. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هونه‌رمه‌ندان، ئه‌دیبان، نووسه‌ران و رۆشنبیران له‌م سوكایه‌تیه بێبه‌ش نه‌كراون.
4. كورده‌كان زۆر به‌ئاسانی ناوی یه‌كتر ده‌زڕێنن، چ له‌ناو خۆیاندا و چ له به‌رده‌م دووژمن و نه‌یاره‌كانیاندا. كورد به دڵی نه‌یار و دوژمنه‌كانی له‌سه‌ر هاوزمانه‌كانی قسان ده‌كات و پێیوایه به‌مه خۆشه‌ویست ده‌بێت. ڕۆژگارێك هاوڕێیه‌كی غه‌یره‌كوردم پێی‌گوتم: (ئه‌و كاته‌ی كوردێك له‌به‌ر ده‌ممدا به‌دگۆیی له‌سه‌ر كورده‌كانیتر ده‌كات، من ڕقم له ڕه‌گه‌زی خۆم ده‌بێته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر من بێگانه نه‌بوومایه، ئاوا كورده‌كان له‌به‌ر چاومدا یه‌كتریان سووك نه‌ده‌كرد). نمونه‌یه‌كی دیار بۆ ئه‌م خۆسووككردنه‌ی كورده‌كان، هه‌ڵوێستیانه به‌رامبه‌ر خانمه گۆرانیبێژه‌كان: ئه‌وه‌نده‌ی خانمه گۆرانبیێژه كورده‌كان سوكایه‌تیان پێكراوه و له یاده‌وه‌ری ئه‌م میلله‌ته‌دا خراونه‌ته باوه‌شی ئه‌م و ئه‌وه‌وه، هیچ سۆزانییه‌كیش به‌و جۆره ناوزڕاو نه‌كراوه.
5. ئه‌م كولتووره‌ی ئێستای ئێمه بوارێكی زۆری بۆ ناوزراندن تێدایه. له مینبه‌ره‌كانی مزگه‌وته‌وه، بۆ وته‌بێژه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و بۆ گۆڤار و هه‌فته‌نامه ئه‌هلییه‌كان و له په‌یوه‌ندییه سیاسیه‌كانه‌وه، بۆ په‌یوه‌ندی نێوان هاوپه‌یمانان، له په‌یوه‌ندیی نێوان لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ په‌یوه‌ندیی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات، له په‌یوه‌ندیی نێوان عاشقانه‌وه بۆ په‌یوه‌ندیی نێوان وه‌رزشكاران و هانده‌ره‌كانیان، له قوتابیانه‌وه بۆ مامۆستای زانكۆكان، له نێوان په‌یامنێره‌كان و سه‌رنووسه‌ركانیشدا، ئێمه له‌به‌رده‌م له ده‌ریایه‌ك له ناوزڕاندنداین.. فه‌یسبووك و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ڕاسته‌وخۆ ناوزڕاندنمان بیر ده‌خه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر خۆیان نه‌بووبنه ڕاگه‌یاندنی ناوزڕاندن.
6. ناوزڕاندن مكیانزمێكی ئاسانه بۆ ئه‌وه‌ی له كه‌مترین ماوه‌دا پڕوپاگه‌نه‌ده‌یه‌ك له‌سه‌ر كه‌سێك دروستبكرێ و شتێكی بدرێته پاڵ كه نه‌یگوتووه و نه‌یكردووه. ناوزڕاندن میكانیزمێكی ڕۆشنبیریه له ئاستی سفردا، چونكه ئه‌و بنه‌ما ڕۆشنبیرییه‌ی بۆ ناوزڕاندن پێویسته له ئاستی سفر زیاتر تێپه‌ڕ ناكات. ئه‌وانه‌ی ناوی كه‌سه‌كان ده‌زڕێنن، نه دیارن و نه گوزارش له خودی خۆیان ده‌كه‌ن. سه‌رچاوه‌ی ناوزڕاندن هه‌میشه به نادیاریی ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام هه‌مووان له ئاوی ئه‌م سه‌رچاوه‌یه ده‌خۆنه‌وه و گه‌روویان بۆ به‌دناوكردنی ئه‌وانیتر، كه نه دیویانن و نه‌ده‌یانناسن، به كرێ ده‌ده‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی موچه و ڕیشوه‌یه‌كی ئەوتۆی بۆ وه‌ربگرن! ئه‌گه‌ر به‌دناوكه‌ران گوزارشیان له خودی خۆشیان ده‌كرد، ئه‌وه ناوزڕاندن و به‌دناوكردن ئیمكانی نه‌بوو، چونكه خود بۆخۆی وه‌ك بیركه‌ره‌وه‌یه‌ك، فیلته‌رێكه بۆ ئه‌وه‌ی ناوزڕاندن ڕوونه‌دات. خود گه‌رانتی پاراستنی كه‌رامه‌تی ئه‌وانیتره و ئه‌گه‌ر خودێك له په‌یكه‌ری ناوزڕێنه‌ر و به‌دناوپیشه‌دا هه‌بێت، ناهێڵێت به‌دناوی و زڕاندنی ناوی ئه‌وانیتر بكاته پیشه. بۆیه هه‌روه‌كچۆن به‌د‌ناوپیشه‌كان و ناوزڕێنه‌ره‌كان خۆیان له خود به‌تاڵن و بیرناكه‌نه‌وه، ئه‌وه پێویستیشیان به ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و كه‌سه نییه كه ناوی ده‌زڕێنن. ئه‌وان ئیشیان به پڕوپاگه‌نده‌یه له‌سه‌ر كه‌سه‌كه، چونكه پڕوپاگه‌نده پێویستیی به به‌ڵگه و بیركردنه‌وه نییه و له‌سه‌ر درۆ و چه‌واشه‌كارییه‌ك به‌نده، كه زۆر له ڕاستییه‌وه دوورە. بڕواهێنه‌ران به پڕوپاگه‌نده، نه‌ك هه‌ر ویژدانی خۆیان به‌كار ناهێنن، به‌ڵكو پێویستییان به هیچ سه‌لماندنێك و به‌دواداچوونێكی ئه‌قڵییش نییه. ئه‌وان له ئاستی سفری ڕۆشنبیرییه‌وه، قسه‌ی خۆیان داده‌ڕێژن و سوار شه‌پۆلێك ده‌بن، كه وه‌ك چۆن له‌پڕ هه‌ڵده‌كا ئاواش له‌پڕ ده‌وه‌ستێ و بۆیان ئاشكرا ده‌بێت كه به‌هه‌ڵه‌دا چوون! ئه‌وكاته‌ش هه‌موو یه‌ك قسه ده‌كه‌ن: (ئه‌ها.. به زاتی خوا نه‌مزانیی وانییه!).
7. ناوزڕاندن ده‌لاله‌ته له‌سه‌ر ئاستی نه‌زانیی و برواهێنان به درۆ. نه‌زانیی بۆخۆی بۆ مرۆڤ هیچ كه‌مییه‌ك نییە، نه‌زانیی به‌شێكه له پرۆسه‌یه‌كی جه‌وهه‌ریانه‌ی مرڤبوون و هه‌تا مردن له‌گه‌ڵیدا ده‌مێنێته‌وه. چونكه دانایی مرۆڤ به شته‌كان هه‌میشه ڕێژه‌ییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌قڵ له به‌رهه‌مهێنان و تێگه‌یشتندا، سنووردارە. له‌به‌ر ئه‌وه نه‌زانیی كه‌سێكی ئاسایی له كه‌سێكی خوێنده‌وار پاكژانه‌تره، نه‌زانیی منداڵ بیگوناهانه‌تره له نه‌زانیی گه‌وره‌ساڵان. نه‌زانیی په‌نابه‌ران و بێگانه‌كان و غه‌ریبه‌كان ته‌نیا نه‌زانییه‌كی بێمه‌به‌سته، نه‌ك خۆ گێلكردن، به‌ڵام نه‌زانیی مامۆستاكان له‌چاو قوتابییه‌كاندا، سزاكه‌ی زیاتره. نه‌زانیی پێشه‌وا ئایینییه‌كان، ڕۆشنبیران و سیاسییه‌كان، له‌چاو نه‌زانیی كولتووری باوی خه‌ڵكدا ده‌چێته ڕیزی تاوانه‌وه. ئه‌ی كاتێك فه‌یله‌سووفه‌كان نه‌زان ده‌رده‌چن و وه‌ك عاممه‌ی خه‌ڵك ده‌كه‌ونه سه‌ر شه‌پۆلی پڕوپاگه‌نده و ناوزڕاندن، چی‌یان پێبڵێین؟
8. سوكرات ده‌یگوت: من ده‌زانم كه نه‌زانم، به‌م قسه‌یه‌شی فه‌یله‌سووفی ڕاسته‌قینه‌ی له فه‌یله‌سووفی ساخته جیاكرده‌وه. دانایی سوكرات به نه‌زانیی خۆی، بۆخۆی زانینه، ئه‌م زانینه‌ش پێش هه‌موو شتێك پنتی جیابوونه‌وه‌یه له هه‌موو ئه‌وانه‌ی نازانن كه نه‌زانن، چونكه نه‌زانیی ئه‌وان ڕێی لێ‌گرتوون كه داناییان به نه‌زانیی خۆیان هه‌بێت.
9. رۆشنبیریی له ئاستی سفردا هیچ نییه له ڕۆشنبیرییه‌كی خوار سوكراتی زیاتر. ئه‌مه ڕۆشنبیریی ئه‌وانه‌یه كه دووجار نه‌زانن، جارێك نه‌زانیی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و جارێك نه‌زانیی به‌رامبه‌ر به نه‌زانییه‌كه‌ی خۆیان. پڕوپاگه‌نده، بانگەشە، قسه‌ی پاشمله‌كردن و دووزمانی، هه‌موویان مشه‌خۆرن به‌سه‌ر ئه‌م نه‌زانییه موڕه‌كه‌به‌وه، هه‌ربۆیه‌شه كاتێ ئەو كەسانە له ناوزڕاندندا به‌شداریی ده‌كەن، سێ‌جار ده‌بنه نه‌زان. بۆیه ناوزڕاندن له‌ناو سێگۆیه‌شه‌یه‌كی گۆشه‌یه‌كسانیی نه‌زانیدا دێت و ده‌چێت:
1. نه‌زانیی به‌رامبه‌ر به نه‌زانی،
2. نه‌زانیی به‌رامبه‌ر به زانینی نه‌زانیی و
3. نه‌زانیی به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی كه نه‌زانیی چۆن به‌كار ده‌هێنریت..
10. به‌بڕوای من ئه‌مه ئه‌و نه‌زانیه‌یه كه زۆرینه‌ی به‌ناو بیركه‌ره‌وه و حه‌كیم و فه‌یله‌سووف له كۆمەڵگەی ئێمه‌دا به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنن، كاتێ ئه‌وانیش وه‌ك هه‌مووان سوار شه‌پۆلی پڕوپاگه‌نده ده‌بن و ئه‌و قسانه دووباره ده‌كه‌نه‌وه، كه كه‌سانیتر بۆیان كردوون، یان بەرچاو و گوێیان كەتوون. دووباره‌كردنه‌وه‌ی قسه‌كان پاساو بۆ بێگوناهی و ده‌ستپاكیی ئه‌مان ناهێنێته‌وه.، به‌ڵكو ده‌یانخاته به‌رده‌م بڕیارێكی ئاكاری و خۆیان ده‌كه‌نه ئامرازی گواستنه‌وه‌ی شتێك، كه ناتوانن بیسه‌لمێنن، بۆیه له ڕووی ئاكارییه‌وه لاواز و لاسه‌نگ ده‌بن.
11. زه‌حمه‌ته مرۆڤ بتوانێ له‌وه داناتر بێت، كه هه‌یه. چونكه هه‌تا دانایی له ژیانی مرۆڤدا به‌رینتر بێت، نادانییش فراوانتر ده‌بێت. له سه‌ره‌تای هاتنی ئۆتۆمبیل و جۆره‌كانی ته‌كنه‌لۆژیا بۆ ناو كۆمەڵگەی كوردی، كه‌س بیری له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه، به‌خراپ به‌كاریان بهێنێت. نه ڕووداوه ته‌كه‌نه‌لۆژییه‌كان ئه‌وه‌نده زۆر بوون، نه دانایی مرۆڤیش ئه‌وه‌نده‌ی ئێستا به‌رفراوان. تیژڕه‌وی به‌شێك نه‌بوو له شۆفێریی. شۆفێری تیژڕه‌و، به مرۆڤێكی سووك ته‌ماشای ده‌كرا. له كۆتایی حه‌فتاكاندا كه ئامێری ڤیدیۆ كه‌وته بازاڕه‌وه، خه‌ڵك وه‌ك شتێكی خۆشگوزه‌رانیی و جێگرەوەی كه‌ناڵه فەرمییەكانی ڕژێم ته‌ماشایان ده‌كرد، تا ته‌ماشای فیلم و كلیپه‌كانی پێبكه‌ن. مۆبایل، كه تازه بڵاو ده‌بۆوه ته‌نیا وه‌ك ئامێرێكی په‌یوه‌ندیكردن به‌كار ده‌هێنرا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ زیادبوونی دانایی مرۆڤ به‌هه‌ڵه به‌كارهێنانی یه‌كبه‌یه‌كی ئه‌م ئامێرانه‌ش زیادیی كرد. ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبیله تیژڕه‌وه‌كان سه‌گ و پشیله و ئاژه‌ڵه‌كانیتر نه‌كوژن، به مردنی خۆیان نامرن.
12. له پشت زۆرێك له كوژرانی كوڕه‌لاوه‌كان و به‌تایبه‌تی كچه گه‌نجه‌كانه‌وه، نه ده‌مانچه هه‌یه و نه خه‌نجه‌ر و هیچ ئامێرێكی دیكه‌ی كوشتن. به‌ڵكو مۆبایلێك هه‌یه كه به هه‌ڵه به‌كارده‌هێنرێت. مۆبایل له لاقه‌كردنی چەند ساڵ لەوەپێشی مێرمنداڵه‌كه‌شدا ڕۆڵی ڕووشكێنه‌رانه‌ی خۆی له مه‌ترسیدارترین ئاستدا بینی. ڕووشكاندن هه‌میشه به‌شێك بووه له ئه‌قڵییه‌تی تۆتالیتا‌ر و زه‌بروزه‌نگاوی. له سۆڤێتی جاران و سیسته‌مه‌كانی بلۆكی خۆرهه‌ڵاتیدا، به‌تایبه‌تی له ڕۆمانیا، ڕووشكاندن به‌شێك بووه له كولتووری سیاسی. له ئێرانی ئیسلامی‌دا ته‌له‌فزیۆن له ئاست ئه‌ندامانی حزبی توده‌دا هه‌مان ڕۆڵی بینی. گرووپه توندڕه‌وه‌كان، له میسر و لوبنان و عێراق و ئه‌فغانستان، په‌یامه‌كانی خۆیان له ڕێگه‌ی میدیا و گرته ڤیدیۆییه‌كانه‌وه ده‌ناردن و نه‌یاره‌كانی خۆیانیان پێ چاوترسێن ده‌كردن. فڕۆكه‌دزه‌كان و فڕێنه‌ری گه‌شتیاره بیانییه‌كان و دیلكه‌رانی ڕۆژنامه‌نووسه ئه‌ورووپاییه‌كان، گشتیان به‌ر له‌وه‌ی چالاكییه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن، بیریان له ئامرازه‌كانی گه‌یاندن و ناردنی په‌یامه‌كانیان له ڕێگه‌یانه‌وه، كردۆته‌وه. گرووپی شێخ زاناش به‌هه‌مان شێوه.
13. له‌ماوه‌ی چل ساڵی ڕابردوودا هیچكاتێك تیرۆر و زه‌بروزه‌نگ له میدیاكان جیانه‌بۆته‌وه و هه‌میشه به‌شێك بووه له ترس و تۆقاندن و ناوزڕاندن. بزووتنه‌وه ئایینیه بنه‌ڕه‌تخوازه‌كانی جیهان هاوكات به گرووپه مافیاییه‌كان و نوێنازیسته، هه‌موویان به‌هۆی ئه‌و داناییه زۆره‌وه كه له‌سه‌ر كاریگه‌ریی میدیاكان په‌یدایان كردووه، بره‌ویان به نادانییه‌كی زۆریش داوه و ئه‌و ئامێرانه‌یان به هه‌ڵه و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و مه‌به‌سته‌ی بۆی دروستبوون، به‌كارهێناون. قه‌ڵاچۆكردنی هۆزه‌كانی )هیتو( له ئه‌فریقیا و مسوڵمانانی میانمار، هه‌موویان بابه‌تی ڕۆشكێنه‌رانه و ناوزڕێنه‌ری قوربانیه‌كان بوون..
14. به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی دانایی ڕێگه له به‌رزبوونه‌وه‌ی جه‌هاله‌ت و نادانی ناگرێت. ڕاسته ئه‌مڕۆ وه‌ك ساڵانی هه‌شتا شه‌ڕه گه‌ڕه‌ك و شه‌ڕه به‌رد نه‌ماون، به‌ڵام ئه‌مێستاكه‌ش سندووقی زۆرێك له ئۆتۆمبیلی شۆفێره‌كان پڕن له ئامێری كوشتن، له تفه‌نگه‌وه بیگره تا ته‌ور و كه‌یبڵ. ڕاسته ئێستا تیره‌و هۆزه‌كان نافه‌كی ده‌رپێی ژنی یه‌كتر نابڕن و نه‌مامی یه‌كتر هه‌ڵناكێشن و كلكی كه‌ری یه‌كتر قوت ناكه‌ن، به‌ڵام ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان و سایته‌كان و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان پڕن له وشه‌ی ناوزڕێنه‌ر و مرۆڤشكێن، كه هه‌رگیز له مێژوودا نه‌بینراون و جێگه‌ی ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ی هۆز و كولتووری خێڵپه‌رستییان گرتۆته‌وه.
15. مه‌یلی مرۆڤ بۆ ناوزڕاندنی ئه‌وانیتر، له مه‌یلی ئه‌وه‌وه بۆ كوشتن‌یان سه‌رچاوه ده‌گرێت. ناوزڕاندن و پڕوپاگه‌نده‌كردن كوشتنێكی بێموبالاتانه‌ی كه‌سایه‌تیی مه‌عنه‌و‌ی مرۆڤه. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه بۆ كوشتنی ڕۆحیی و جه‌سته‌ییانه‌ی. مه‌ترسیدارترین ڕه‌هه‌ندی به‌دناوكردن و ناوزراندن ئه‌م په‌یوه‌ندییه قووڵه‌یه‌تی به مه‌یلی كوشتنه‌وه، كه له هه‌ستكردنێكی قووڵه‌وه به گه‌مژه‌یی و نه‌زانیی و حه‌سوودی سه‌رچاوه ده‌گرێت.
16. مرۆڤ ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌یه، كه ده‌زانێت گه‌مژه‌یه و وه‌ك ئه‌وانیتری پێناكرێت، هه‌ست به حه‌سوودیی ده‌كات و ئه‌مه‌ش هانده‌ریه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی بچێته ژیانی ئه‌ویتره‌وه به هه‌ر ئامرازێك بێت. ئه‌و له (ڕقبوونه‌وه له خۆی) وه‌كئه‌وه‌ی كه هه‌یه، به‌ره‌و (ڕقبوونه‌وه له ئه‌وانیتر)یش ده‌چێت. ئه‌و خۆی له ڕێگه‌ی ئه‌وانیتره‌وه ده‌كوژێت و ئه‌وانیتر ده‌كوژێت چونكه ناتوانێت وه‌ك ئه‌وانیتر بێت. له ساڵی نه‌وه‌د و یه‌كدا گرووپێكی تیرۆریستی سۆماڵی كاتێ خۆیان به نه‌خۆشخانه‌یه‌كدا ده‌كه‌ن، یه‌كێكیان به نه‌خۆشێك ده‌ڵێت: (من ده‌زانم كه كوشتن هه‌ڵه‌یه، به‌ڵام تا نه‌تكوژم دڵم ئاو ناخواته‌وه، چونكه منیش ده‌مه‌وێت وه‌ك تۆ پاڵده‌مه‌وه و ناتوانم!). هه‌رچه‌نده نه‌خۆشه‌كه ڕزگای ببوو، به‌ڵام ڕقبوونه‌وه له ئه‌وانیتر ده‌توانێ تا ئه‌م سنووره مرۆڤ تووشی ئیره‌یی و نا ئه‌قڵانییه‌ت بكات.
17. ناوزڕاندن پرۆسه‌یه‌كی به‌دناوكردنی ئه‌وانیتره، كه له نه‌زانییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، به‌ڵام بكه‌ره‌كه‌ی پێش هه‌موو شتێك ده‌كاته قوربانیی خۆی. ئه‌وه‌ی ناوی كه‌سێك ده‌زڕێنێ، بۆخۆشی به‌دناو ده‌بێت. به‌ڵام ناوزڕاندن ڕێگه به‌م داناییه نادات و به دزیی بیركردنه‌وه‌ی ناوزڕێنه‌ره‌وه، ناوی ئه‌وانیتری پێده‌زڕێنێت.
18. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه، كه بیرنه‌كردنه‌وه به‌شێكی گرنگی ناوزڕاندن و پێشمه‌رجی به ئه‌نجام گه‌یشتنیه‌تی. هیچ ناوزڕاندنێك ڕوونادات ئه‌گه‌ر خودێكی بیركەرەوە هه‌بێت. خودی بیركەرەوە دیكارت گوتەنی: بوونی خۆی لە بیركردنەوەدا دەسەلمێنێت: من بیر دەكەمەوە، كەواتە هەم. بەڵام ناوزڕێنەر ئەم گوزارەیە پێچەوانە دەكاتەوە: من ناودەزڕێنم، بۆ ئەوەی بیسەلمێنم بیر ناكەمەوە!. هه‌ر بۆیه‌شه بڕوابوون به ناوزڕاندن و بوونی به‌دیارده نیشانه‌ی ئاستنزمی بیركردنه‌وه‌یه و به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئاماده‌ییه‌كی سه‌راپای رۆشنبیرییەك له ئاستی سفردا. ئه‌وانه‌ی به‌ناوی بیركردنه‌وه‌وه و فه‌لسه‌فه و فیكره‌وه، له‌سه‌نگه‌ری ناوزڕاندن و به‌دناوكردن و سوكایه‌تیكردندان به كه‌سانیتر، بیریان ده‌چێته‌وه، به‌مكاره‌یان ته‌نیا سوكایه‌تی به بیركردنه‌وه ده‌كه‌ن و ئاشكرای ده‌كه‌ن ئه‌وانیش له به‌رهه‌مهێنانی نادانیدا له پێشی پێشه‌وه‌ی بكه‌رانی دیكه‌ی كۆمەڵگەن.. به‌ڵام جیاوازیی هه‌یه له نێوان ئه‌وانه‌ی له نه‌زانییه‌وه ناوی كه‌سانیتر ده‌زڕێنن و ئه‌وانه‌ی به زانینه‌وه ئه‌مكاره ده‌كه‌ن: یه‌كه‌میان له كاتێكدا هه‌ڵه‌ی خۆی بۆ ده‌رده‌كه‌وێ، خوا ده‌كاته شایه‌ت و ئه‌ڵێ: (به‌خوا نه‌مزانی!)، به‌ڵام ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی دواییان ئه‌قڵ ده‌كه‌نه ئامراز بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی پێبهێننه‌وه، كه هێشتاش له‌سه‌ر حه‌قن! بۆیه جه‌هاله‌تێك له جه‌هاله‌ته‌وه بێت، بێگوناهه، وه‌لێ جه‌هاله‌تێك له ئه‌قڵه‌وه بێت، خۆگیلكردن و خۆ گه‌وجكردنه...
11/12/2012
PM:01:11:16/07/2020
ئه‌م بابه‌ته 1968
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی