من و ڤایرۆسەكە....

‌رێبوار سیوەیلی



هەرچەندە ئەم ڤایرۆسە كوشندە دیارە، بەڵام وەك كەمپینێكیش بۆ تۆقاندن دێتە پێشچاوم. دنیا بە زۆر دیاردە و ڕووداوی دیكە ئەوەندە مەترسیدارە، كە زەحمەتە بەم ڤایرۆسە مەترسیدارتر ببێت.. كاتێ بیر لە پیسبوونی ژینگە بەدەستی مرۆڤ و زیانە گیانییەكانی بۆ ژینواری مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندان دەكەمەوە، ئەم ڤایرۆسە دڵۆپێكە لە دەریاییەك. بیهێنەرەوە پێشچاوی خۆت ڕۆژانە چەند كەس بەڕووداوی هاتووچۆ دەمرن و بە هۆی دەرمانی هەڵەوە، گیان لەدەستدەدەن! كەمێك بیر بكەینەوە لەو نایەكسانییە ئابوورییەی كە سیستەمی سەرمایەداری لە جیهاندا دروستیكردووەو بۆتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی بێكاری و بەرزبوونەوەی هەژاریی و دەرەنجامەكانی.. كەمێك بهزرین لەو هەموو زیادە مەسرەفەی لە جیهاندا و لە بابەت و كەرەستەی ڕازاندنەوەو لۆكسووسیدا، سەرفدەكرێت و بەراوودیی بكە بەو بڕەپارەیەی كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی دڵ پێویستیمان پێیەتی و دەستناكەوێت..

بۆیە وەكچۆن كاتی خۆی بە ناوی ئەنفلۆنزای باڵندەوە، كردیانینە ڕاوچیی باڵندە هاوماڵە بێگوناهەكانی خۆمان و بە بەرد و دارلاستیك شوێنیان كەوتبووین، ئەم نومایشەی ڤایرۆسی كۆرۆناش بە دروستكراوێكی دەستەناشیرینەكەی جیهان دەزانم، كە ئێستا خۆی لە گۆشەیەكەوە دانیشتووە و قاقا بە مرۆڤایەتی پێدەكەنێت.. من دەزانم ئەم ڤایرۆسە هەیە و نوێیە و مەترسییە، بەڵام دەشزانم كە ئەم كەمپانیای ترسە دەستێكی لە پشتە بۆ گەورەتركردنی و شاردنەوەی شتی دیكە. جاران زیرەكەكان لە بیری چارەسازیی كێشە جیهانی و مرۆییەكاندا بوون، بەڵام لە ئێستادا و لە سایەی ئەم سیستەمە سەرمایەدارییە خۆسەپێنە، زیرەكەكان بێباكانە كێشەكان دەنێنەوەو گەورەیان دەكەن و خۆشیان پێمان پێدەكەنن..

 میللەتان شایانی ئەم هەموو گاڵتەجاڕییە نین. بەڵام سیستەمێكی ئابووریی سەنتەر، هیچ گوێ بەو هەموو قوربانیانەی مرۆڤایەتی نادات كە شارستانییەتی بەم ڕۆژە گەیاندووە. ئەم سیستەمە هەر ماوەیەك و بڕێك لە كات، بە هۆی نانەوەی قەیرانێكەوە، كە ڕەنگە هەشبێت، بەڵام بەهۆی گەورەكردنی لە ڕاددەبەردەرییەوە، دەیكاتە ئامرازێك بۆ گەیشتنی خۆی بە ئاماجەكەی. لەم نێوانەشدا چەند كەس دەبنە قوربانی، بۆ ئەو كێشە نییە، چونكە ئەو وەك "بەڵگە" بۆ كەمپانیا تۆقێنەرەكەی بەكاریان دەهێنێت..

دروستكردنی مژدە و ترس، هەمیشە بەشێك بووە لە میژووی مرۆڤایەتی. ئایینەكان لەمەدا دەستپێشخەر بوون و مژدە و ترسیان وەك میكانیزمێك بۆ پێملكردنی مرۆڤ لە پێناوی مانەوەی خۆیاندا، بەكارهێناوە.. لە ئایینە تاكخوداییەكاندا، ڕەگەزی ترس بكەیتە دەرەوە، هیچكەس بڕوای بەو مژدەیە نامێنێت كە لە پەسڵانێدا دێتە دی.. ئەو سیستەمە ئابوورییەی ئێستای جیهان، لە هەموو شوێنەكانی ئەم سەر عەردەدا، دەستی درێژكراوەی خۆی هەیە. هەرچی بیەوێت لە ڕێگەی دەستە درێژكراوەكانییەوە دەیكات، كە هاوبەشی ئابووری و دەستندەخۆری خۆیین. سەرمایەدارییەت لە ئێستادا بە قۆناغێك گەیشتووە، پێویستی بەوە نییە لەڕێگەی سوپا و لەشكرەوە مرۆڤایەتی داگیر و پێمل بكات بۆ ژێر خواستەكانی خۆی. نانەوەی ترس و پێدانی مژدە زۆر بە ئاسانیی ئەمەی بۆ دەكەن. ئێمە ڕێك لە نێوان ئەم دوو هێزەداین: لە ترسی ئەوەی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا نەمرین، بڕوا بەو مژدەیە دەكەین كە پیماندراوە..

 من بوونی زانستیانە و واقیعیانەی ئەم ڤایرۆسە ڕەتناكەمەوە، توانای ئەوەشم نییە و ناشڵێم نییە و پێی نامرین و ڕێنماییە ساخلەمییەكان ڕەچاو نەكەین و ئاگامان لە منداڵەكان نەبێت.. بەڵام من گومانیكم هەیە ئەوەی كە هێزێكی جیهانی نەبێت، ئەم كەمپانیای ترسەی نەخستبێتە گەڕ بۆ تۆقاندنی مرۆڤایەتی و گەیشتن بە ئامانجەكەی خۆی.. وەلێ پێمخۆشە ئەوەندە گەمژە نەبم كە پاشان بەخۆم بڵێم: چەندە ئاسان ژیان و ئاسوودەییم لە خۆم و ماڵ و منداڵم تێكدا و ماچكردنی هاوسەرەكەم تەرك كرد.. یەكێك لە جوانییەكانی ئەم ڤایرۆسە ئەوەیە كە كچانی تەلەفزیۆن وەك نقووڵ لە زاریان بەردەبێتەوە.. كە گوێم لەو دەنگە ناسكەیان دەبێت چۆن گۆی دەكەن، ئەم ڤایرۆسەم لێدەبێتە شیفاو چارەسەر.. چونكە من لە ناخی خۆمدا بەرگریی دەكەم و ترس ناكەمە بەشێك لە ژیانی ناو ماڵەكەم.. نیو كارتۆن ماسكیشمان هەیە كە شەش مانگ پێش ئێستا دوای نەشتەرگەریی دڵم كڕیومانن، كێ پێوستی پێیانە بەدیاری پێشكەشیانی دەكەم.. نابێت ترس لە دڵی مندا هەبێت، وەلێ خەمی كچە دەستدرێژیكراوەسەرەكە، خەمگینی كردووم.. ئەو گەورەترە لە ڤایرۆسێكی بچكۆلە كە ئەوەندە گەورەمان كردووە..


PM:01:44:25/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 6196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی