‌كورد و عێراق!
PM:10:07:05/11/2019
رێبوار سیوەیلی


1. كورد دەزانێت عێراق كۆتایی پێهاتووە، پێویستیش ناكات زیندووی بكاتەوەو لەسەر خۆی بیكاتەوە بە مڵۆزم، چونكە دەزانێت كە بە زیندووبوونەوەی ئەم عێراقە شۆڤێنییە، یەكەم لایەن كوردەكانن بۆخۆیان زەرەر دەكەن. عێراق لە دەمێكی پڕ كەڵبە زیاتر بۆ پەلاماردانی كوردستان، هیچ شتێكیتر نییە و نابێت و نەبووە. 

2. یەكدەنگی و یەكڕزیی و نمایشی لەو جۆرەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ، هیچی لێبەرهەم نایەت ئەگەر كورد سوپایەكی بەهێزی نەبێت. ئەوەی سەنگ بە كورد لە ئاست بەغدا و هەر حكومەتێكی ناوەندیی داهاتوو دەدات، تەنیا هێزی چەكداری یەكگرتووی كوردستانە. دەتانەوێ حسابتان بۆ بكرێت، سەنگین بن، خۆتان بنوێنن، فەرموون هێزێكی یەكگرتووی چەكدار دروستبكەن و گەمەی دیموكراسییەت و قسە ڕتووشكراوەكان بخەن لاوە، كە هەمووی بۆ ڕازییكردنی ئەوانیترە، كە پاشان ئیهمالت دەكەن و حسابی یەك پێشكەت بۆ ناكەن. 

3. سەردەمی ناسیۆنالیزمی پشی پشی و نەرمەخوویی دیموكراسیی بەسەرچووە. دنیا كورد وەك نەتەوەیەك دەناسێتەوە، كە هەمیشە خۆی وەك یەكەیەكی مرۆیی زوڵملێكراو پێناسە دەكات!. یان وەك كۆمەڵگەیەك، كە دەیەوێت ئەوانیتر ڕازیی بكات و كاتێكیش بۆخۆی داواكارییەكی دەبێت، دنیا پشتی تێدەكات و پێیڕادەبوێرێت! پێویستە بچینە قۆناغێكی دیكەوە: دنیا وەك مەترسی و خاوەن هێز بتانسێتەوە، نەك وەك گێل و نەزان و دەستەمۆ.

4. یەكدەنگیی و یەكڕیزی و یەكبڕیاری لە یەكهێزییدایە. دەتوانیت خۆت وەك هێزدار پێناسە بكەیت، حسابت بۆكراوە، ناتوانیت بێدەنگ و بەو ڕازیی بە بەو چارەنووسەی گەمەی دیموكراسی بۆتت دەستنیشان دەكات. بەڵام گێلێتی سنووری هەیە..


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.