‌ سنوورەكانی ڕەخنە
PM:03:10:30/04/2019
رێبوار سیوەیلی



1. هەموو ڕەخنەیەك سنوورێكی هەیە كە خۆی لەو زانینەدا دەبینێتەوە، كە ڕەخنەكە پشتی پێدەبەستێ و بۆ بەڵگەكانی دەیكاتە سەرچاوە. دەرچوونی ڕەخنە لەم چوارچێوە داناییە، دوو زیانی گەورەی هەیە، یەكەم) زیانگەیاندن بە دانایی ڕەخنەگرانە و 2) زیانگەیاندن بە كردەی ڕەخنەگرتن. بەبێ ڕەچاوكردنی ئەم دوو پرانسیپە هەمووكەس دەتوانێت ڕەخنە بگرێت، بەبێ ئەوەی بەرپرسیار بێت لە سەرچاوەكانی دانایی خۆی، هەموو كەسیش دەتوانێت ڕەخنەگربێت، بەبێ ئەوەی كارەكەی ڕەخنەگرانە بێت. لەوەها دۆخێكدا، سنووری نێوان ڕەخنە، كە هەڵگری ئاستێكی داناییە و سنووری نێوان هەر شتێكی دی كە ڕەخنە نییە و هەڵگری تایبەتمەندیی دەروونی و پەرچەكردارە، نامێنێت.

2. ڕەخنە سنوورێكی دیكەیشی هەیە: دانایی ڕەخنەگرانە،(بەرپرسیارێتی) لە ئاست بابەتی ڕەخنەكەیدا و ڕەهەندە پەروەردەییەكەی هەڵدەگرێت. هەموو ڕەخنەگرتنێك ئاستێكی پەروەردەیی هزرینیش دەگرێتە خۆی. ڕەخنە جۆرێكە لە دەربڕین لە بەرامبەر ڕای گشتییدا. ئەگەر دەربڕینەكە، بەدەر لە ناوەڕۆكە ڕەخنەییەكەی پەروەردەییانە نەبوو، ئەو ڕەخنەیە لە (ڕەخنە)، دەگیرێت كە بە زمانێكی دژەپەروەردەییانە گوزارشی كردووە و ئەمەش لە پێشنموونەیی ڕەخنە و زمانی ڕەخنە وەك چەكێك بۆ نەوەكانی داهاتوو، كەمدەكاتەوە. ڕەخنە لە زمانەكەیدا، جۆرایەتی دەربڕینێك دەكاتە نموونە، كە شایانی سەرسامی بێت، نەك شەرمەزاری. ئەمە بۆ زۆربەی ئەو ڕەخنانە ڕاستە، كە بابەتی ڕەخنەگرتنەكە دەپێكن، بەڵام كواڵێتی و جۆرایەتی گوزارشكردنەكە تیایاندا بەدوورن لە زمانێكی ڕەخنەیی و لێرەشەوە زمانیان دەبێتە زمانێكی دژە پەروەردەیی.

3. سنوورێكی دیكەی ڕەخنەگرتن ڕەچاوكردنی مافی هاووڵاتیبوون و هاوشارییبوون و هاوچەشنبوونە. ڕەخنەگری باش، كاتێك لە ڕوانگەی داناییناسیانەوە و بە زمانێكی ڕەخنەیی شیاو، ڕەخنە دەگرێت، هەموو دنەدان و خرۆشانە دەروونییەكانی خۆی لە ئاست و لە دژی بابەتی ڕەخنەكەی بەوە پاساو دەداتەوە، كە نابێت ڕەخنەكەی بچێتە ناوچوارچێوەی تەخوێنكردن و خزمەت بە ئوسوڵییەت و ڕەهاییگەریی بكات. ئەو تێدەگات، ڕەخنەگرتن لە خۆیدا، وردكردن، حەیابردن، شكاندن و چاوشۆڕكردن، نییە. ئەگەر وایكرد، بەمانای ئەوەیە، ئەركی ڕەخنەی لە ڕۆشنگەرییكردنەوە، بۆ سڕینەوە و مەحووكردنەوەی بابەتی ڕەخنەكەی، گۆڕیوە. هەر كات ڕەخنەگر و ڕەخنەگرتن بیریان چوو، كە بابەت و كەسانی ڕەخنەلێگراو (هاووڵاتیی و هاوشاریی و هاوچەشنن) و خستنیە خانەی دوژمنەوە و زەمینەی مانەوەیانی وەك هاووڵاتی خستە مەترسییەوە، لەڕووی یاسایی و ویژدانییەوە، بەرپرسیار دەبێت و ئەو جۆرە ڕەفتارە شوێنی سیستەمە ستەمكارەكان دەگرێتەوە. ڕەخنە ڕزگاركەرە، نەك ستەمكار.

4. ئێمە لە كوردستان ڕەخنەی باش دەگرین، دەستنیشانی بابەتی ڕەخنەیی گرنگ دەكەین، بەڵام جۆرایەتی زمانی ڕەخنەییمان زیاتر پەرچەكردارییانەی دەروونییە، نەك داناییناسیانە (مەعریفییانە). جۆرایەتی زمانی گوزراشكردنمان لە ئاستی ڕاستەقینەی ڕەخنەكەمان دەهێنێتە خوارەوە. ڕەخنەی ئێمە هێشتا نەبۆتە پێشنموونە بۆ نەوەكانی داهاتوو تا چاوی لێبكەن، لە زمانەكەیەوە فێرببن و وانەی پەروەردەیی لێوەهەڵێنجن. لە ڕەخنەگرتندا زیاتر، ئابڕووبردن، شكاندن، وردكردن دەبێتە ئامانجمان، نەك ڕاستكردنەوە، ڕۆشنگەرییكردن و گەڕان بەدووی ڕاستییدا. ڕەخنەی ئێمە لەسەر بنەمایەكی ئوسوڵیانە، ڕەهاییخوازانە و تەخوێنكارانەوە خۆی ڕۆ دەنێت و ئەمەش وایكردووە، كە شێوازی ڕەخنەگرتنی ئێمە یارمەتیدەری فراوانكردنی پانتایی دەمارگیریی و سڕینەوەی جیاوازیی و نەبوونی لێبووردەیی بێت. ڕەخنەی ئێمە، ئەوەندە سیاسیی بووە، بنەما زانستیی و ئەقڵی و داناییناسییەكانی خۆی لەبیركردووە و ئەمەش بۆتەهۆكاری ئەوەی ڕەخنەی ئێمە بكەوێتە بەردەم چورتم و كەندڕێكی گەورە، كە پێویستە خۆی لێدەرباز بكەین. ڕەخنە بیری چۆتەوە ژانرێكی مەعریفییە، نەك ئامرازێكی سیاسی.

5. ئێمە بەم زمان و ئاستە مەعریفییە ناتوانین لە ڕەخنەگرتن بەردەوام بین، كە ئاستێكی بەرزی هزرین و فۆڕمێكی هونەریی دەربڕینە. داهاتووی ڕەخنەیی ئێمە لە مەترسییدایە.

30/4/2019


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.