‌سه‌رده‌می وڕێنه‌: من وڕێنه‌ ده‌كه‌م، كه‌واته‌ من هه‌م!
PM:10:36:24/03/2019
رێبوار سیوەیلی


1. شار، له‌ ڕاستیدا، وێرای هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیتری، شوێنی وڕێنه‌كردنیشه‌، به‌تایبه‌تی له‌ سه‌رده‌می ئێستاماندا، كه‌ میدیاكان و به‌رنامه‌كانی (شۆ) و دنیای تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی، تا دێت ئه‌م ڕه‌هه‌ندی وڕێنه‌كردنه‌ی مرۆڤ، به‌رجه‌سته‌تر ده‌كه‌ن، یان ناچاری ده‌كه‌ن به‌وه‌ی هه‌میشه‌ وڕێنه‌ بكات. له‌ هه‌شتاكاندا، مرۆڤی كورد هه‌رچی گوتبای لای به‌عسییه‌كان وه‌ك وڕێنه‌كردن وابوو. ئێستا سه‌رده‌مه‌كه‌ و مرۆڤه‌كانی به‌ هۆی له‌وچه‌له‌وچی فه‌یسبووكیانه‌ و "چات" و "لایڤ" و "ئینستاگرام" و ته‌نانه‌ت "توێته‌ر"یشه‌وه‌، كه‌ گوایه‌ "پایه‌به‌رزانه"‌تره‌، خۆویستانه‌ خه‌ریكی وڕێنه‌كردنن‌.

2. به‌مجۆره‌ش وڕێنه‌ له‌ كرده‌یه‌كی تاكه‌كه‌سییانه‌وه‌ كه‌ سته‌می لێكراوه‌، كه‌ ناچاركراوه‌ ئه‌وه‌ی پێوسته‌ له‌ ڕۆژدا بیڵێت و چه‌پاندوویه‌تی، ناچار بێت له‌ شه‌ودا بیكاته‌ وڕێنه‌.. یان وڕێنه‌ی شه‌وانه‌ی له‌ ڕۆژدا دووباره‌ بكاته‌وه‌. به‌مه‌ش، وڕێنه‌كردن ده‌بێته‌ چالاكییه‌كی ڕه‌شۆكیی و هه‌مه‌كیی و ئاپۆره‌یی به‌ربڵاوی هه‌ر ساته‌وه‌ختێكی مرۆڤ،  كه‌ به‌ داوی سته‌مكارییه‌كی شاراوه‌ی بێده‌نگ و گه‌وجێنه‌ره‌وه‌ بووه‌. ئه‌مه‌ لووتكه‌ی زه‌لیلیی مرۆڤی كورده‌، كه‌ قاره‌مانه‌كانی شه‌وانه‌ و ڕۆژانه‌ی ده‌بنه‌ ئه‌و پێشكه‌شكاره‌ گه‌وج و گه‌وجێنه‌رانه‌ی كه‌ له‌ به‌رنامه‌كانی خۆیانه‌وه‌، ده‌سته‌بژێرێك داوه‌ت ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی "چه‌رخی به‌خت" باده‌ن و له‌ ته‌كیا له‌وچه‌وله‌وچ و وڕێنه‌ بكات و به‌هۆی ژماره‌ی سه‌د هه‌زاریی هاووڵاتیانی خۆبه‌خشه‌وه‌ كه‌ "فۆڵه‌وه‌ر"ی لاپه‌ڕه‌كانیانن، چوونی خۆیان بۆ په‌رله‌مان و كورسیی وه‌زاره‌ت دابین بكه‌ن.

3. به‌مجۆره‌ش ئه‌وه‌ گه‌وجێتی و وڕێنه‌كردن و له‌وچه‌ له‌وچه،‌ كه‌ مرۆڤ له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌گه‌یه‌نێت به‌ ده‌سه‌ڵات، نه‌ك به‌رخۆدان و پرانسیپ و ڕۆشنبیری.. ئه‌وه‌ش گه‌وجبوونی جه‌ماوه‌رییانه‌یه‌ كه‌ قاره‌مانی كارتۆنیی سه‌رشاشه‌كان و كوڕ و كچه‌ قۆزه‌كانی، (به‌ڵام ماكیاژكراو و بۆتۆكسیی و فیڵه‌رییه‌كانی)، لێده‌بێته‌ قاره‌مانی ڕاسته‌قینه، كه‌ شانازیی به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌ن فڵان كۆمپانیا "سپۆنسه‌ر"ی جله‌كانی كردووه‌‌!..

4. ئه‌وه‌ش وڕێنه‌كردنه‌ كه‌ ته‌نیا چه‌ند ڕۆژێك دوای له‌ ده‌ستدانی شارێك و ئاواره‌بوونی هه‌زاران دانیشتوانه‌كه‌یی و كوژرانی بێگوناهانه‌ی سه‌دان منداڵ، تۆ له‌ شارێكی دیكه‌ به‌ دیار به‌ندبێژێكی سووكه‌وه‌ هه‌ڵده‌په‌ڕیت و هاوار ده‌كه‌یت: "هه‌موومان عفرینین"! هههه، ئه‌وه‌یه‌ لوتكه‌ی وڕێنه‌كردن، كه‌ جگه‌ له‌ وڕێنه‌ی جه‌ماوه‌ریی و ڕه‌شۆكی، هیچیتر به‌رهه‌م ناهێنێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش ئه‌و واقیعه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ی تێدا ده‌ژین.

5. پیرۆزه‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ له‌ هاوزمانه‌كانم، كه‌ ناهووشیاریی وایكردووه‌ تا بینه‌قاقایان له‌ سته‌مكاریی خۆویستانه‌دا دابڕزێن و له‌جیاتی ئه‌وه‌ی خۆیان له‌ كۆیلایه‌تییه‌ جۆربه‌جۆره‌كان ئازاد بكه‌ن، ئازادانه‌ ده‌بنه‌ كۆیله‌ی خۆویست و خۆبه‌خشانه‌ كۆیله‌.. ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ جه‌ماوه‌ری هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكه‌، بێگانه‌ یان خۆیی، به‌مه‌رجێك وڕێنه‌ی پێ بكات..

6. من وڕێنه‌ ده‌كه‌م، كه‌واته‌ هەم ..

هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.