‌بۆچی پۆستەكەم لە سەر (تۆپتۆپێن) نووسی؟!
PM:04:36:28/06/2018
رێبوار سیوەیلی


1. . هەمیشە وەك توێژەرێك، كتێب و توێژینەوەكان لەبارەی كۆمەڵەگەكانەوە سوودبەخش و رێپیشاندەری تیۆریكی من بوون بۆ ئەوەی بتوانم لێیانەوە بیر لە كۆمەڵگەی خۆمان بكەمەوە و تیۆریزەی دیاردەكانی بكەم. بەڵام بۆ تێگەیشتن لەم كۆمەڵگەیە، دواندنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەكتەرە كۆمەڵایەتییەكان كە لەناو دیاردەكاندا چالاكن، سەرچاوەی سەرەكیی تێگەیشتنمن.

2. ئەمرۆ هێزێكی بەرفراوانی كۆمەڵایەتیمان هەیە لە گەنجان كە لە زۆر شت مەحرووم و كەڵەكەبوونێكی دەروونی و سیاسیی زۆریان لەسەر كراوەتە بار، هەر ئەم نەوەیەش بەدوای ئەو ڕێگایانەدا دەگەڕێت كە دووری بخەنەوە لەم گووشارانە. پێویستە ئەم نەوەیە بدوێنرێت و گوێی لێبگیرێت و بیركردنەوە و هیوا و چاوەڕوانییەكانی بە وردیی هەڵبسەنگێنرێت بۆ ئەوەی تێبگەین ئاخۆ چی ئەم هێزە كۆمەڵایەتییەی لە دەوری خۆی كۆكردۆتەوە.

3. هەر بەو مەبەستە و بۆ تێگەیشتنی زیاتری خۆم لە ئێستای ئەم كۆمەڵگەیە، دوێنێ پۆستێكی بە مەبەستەوە ورووژێنەری فەیسبووكیم نووسی، بەناوی (تۆپتۆپێن)، كە مەبەستی سەرەكییم ئەوە بوو جەماوەری وەرزشی وڵاتەكەم بجوڵێنم تا وەڵامی هەندێك پرسیارم دەستكەوێت. رێك ئەوەش ڕوویدا. كۆمێنێتێكی زۆرم بۆ هات و تیایدا ئەو نەوەیە و ئەو جەماوەرە بە زۆر شێواز گوزارشیان لە بۆچوونی خۆیان و ئینتیمای وەرزشییان كرد. زۆر كەسیش لەبەر توندیی هێرشەكە بۆ سەر من و گرژیی كۆمێنتی دۆستان، داوایانكرد پۆستەكە بسڕمەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی من پێویستیم بە ڕێژەیەكی باش لە بەشداربووان هەبوو، تا بیروڕایان بزانم، ئەو كارەم نەكرد و پۆستەكەم نەسڕییەوە.

4. بەدەر لەوەی كۆمێنتەكان چۆن بوون، من سوودێكی زۆرم لێبنین و زۆر زیاتر لە كۆمەڵگە و وڵاتی خۆم و ئەو هێزە كۆمەڵایەتییە گەورەیە تێگەیشتم، كە وەرزش كۆیان دەكاتەوە. پێشتریش لە ڕەمەزاندا پۆستێكی هاوشێوەم كرد و ویستم لە رێگەیەوە بزانم ئاخۆ بەڕۆژووبوونیش هەر چالاكییەكی كۆكەرەوەیە لە مەراسیمی دینییدا، یان نا؟ ئەنجامەكان بەم شێوەیەی خوارەوە بوون:

یەكەم: وەرزش و ئایین لە كۆمەڵگەی ئێمەدا لە كێبەڕكێیەكی بەردەوامدان. مزگەوت وەك دامەزراوەی ئایینی و وەرزش، بەتایبەتیش تۆپتۆپێن، لە ڕكەبەریدان بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی گەنجان و هێزی كۆمەڵایەتی بەلای خۆیاندا ڕا بكێشن. بەڵام ئەم كێبڕكێیە جێگیر نییە و گۆڕاوە، واتە وا نییە كە ئەوانەی بەلای وەرزشدا دەڕۆن، نەچنە مزگەوت، یان ئەوانەی دەچنە مزگەوت، تەماشای یارییەكان نەكەن. لە هەردوو دۆخدا ئەندامانی هەردوو دەستە، لە هەرەوەزییەكی سەرتاپاگیردان بۆ تێكەڵبوون و جیابوونەوە.

دووەم: هەردوو كایەی وەرزش و ئایین لەو دوو چالاكییەدا، جۆرێك لە دەستەگەری و لایەنگیریی لەسەر بنەمای دروستكردنی (ئاپۆرە) و جەماوەرێكی بەرفراوان پێكدەهێن كە لە هەمان كاتیشدا بەخشینی دڵنیاییەكە بە بەشدارانی هەردوو مەراسیمەكە. ئەمەش ئەوە ڕووندەكاتەوە كە ئەم هێزە كۆمەڵایەتییە كە زۆربەیان لە نەوەی دوای ڕاپەڕینن، پێویستییان بە دڵنیایی و كۆبوونەوە هەیە لە شوێنێكدا و بە دیار بەهایەكەوە كە بۆ ئەوان گرنگە. دیسانەوە ئەوەش ڕووندەكاتەوە، كە پێویستە ئەو دوو دامەزراوەیە لەسەر بنەمایەكی زانستی و سیاسی و مەدەنی ڕێكبخرێت.

سێیەم: كۆبوونەوەی جەماوەرێكی زۆر لە دەوری ئایین و وەرزش، بەمانای ئەوە نییە كە تاكەكەسە پێكهێنەرەكانی ئەم جەماوەرە شتێكی دیكەیان نییە لە دەوری كۆببنەوە، بەڵكو بەمانای ئەوەشە كە ئەم كۆبوونەوانە لە دەوری ئەم دیاردانە جۆرێكیشن لە بەدەستهێنانی شوناس و لەخۆ تێگەیشتن، كە بەجۆری دی نایەنە دەست، یان لە نەبوونی شێوازەكانی دیكەی شوناس بەدەستهێنانەوە دەكەونەوە. دەكرێ ئەم جۆرەی بەدەستهێنانی شوناس و لەخۆتێگەیشتن ئاراستەیەكی نێگەتیڤ و توندڕەوانە بە خۆیەوە بگرێت و دەشكرێت ئاراستە بكرێت بۆ شێوازێكی ئاشتیانەتر و رێكخراوتر لە پێناوی یەكبوونێكی كۆمەڵایەتیدا كە بوونە هێزێكی گۆڕانخوازیی لێبكەوێتەوە. بۆ نمونە هەر ئەو ئەكتەرانەی لەم دوو كایەیەدا ئەوەندە یەكگرتوون، بۆ كاتەكانییتریش بەو جۆرە بمێننەوە. بۆ نمونە ببنە هێزێك لە پێناوی چاكسازیی و گووشار، یان داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ و ژنان، یاخود ژینگە و ئاژەڵ و دروستكەری گۆڕانكاری لە هزری عاممەدا لەسەر ئەو دیاردانەی دیكەی نێو كۆمەڵگەی ئێمە، كە شیرازەی كۆمەڵایەتی و هاوسەنگیی ژیانی ئاسایی تێكدەدەن. بۆ نمونە لە ئێستادا هەر ئەم هێزە كۆمەڵایەتیە بە هەمان ئەو حەماسەیەی هەیەتی بۆ بەشداریی لە مەراسیمی ئایینی وەك بەڕۆژووبوون، یان تەماشاكردنی وەرزش، دەتوانێت هێزێكی كاراش بێت بۆ گۆڕینی بیروڕای گشتی لەسەر دیاردەی چەكداری و گووشار خستنە سەر حكومەت بۆ قەدەغەكردنی یاساییی ئەم دیاردەیە. بەو جۆرەش چ كایەی ئایین و چ كایەی وەرزش دەتوانن لە پێگەیاندنی ئەو دەستە كۆمەڵایەتییەدا بەشدار بن، كە سوودی گشتی بگەیەنن و ئەركی ئەخلاقی و مەدەنی لە ئاست گشت كۆمەڵگادا بگرنە ئەستۆ، ئەمەش لەلایەكەوە دین لە ئایدیۆلۆژیای ئایینی جیا دەكاتەوە و لەلایەكیتریشەوە، وەرزش لە چێژێكی تایبەتی و تاكەكەسییەوە دەگۆڕێت بۆ چالاكییەكی كۆمەڵایەتی دەروەست و بەرپرسیارانە.

چوارەم: ئەوەی لە كۆمێنتەكانەوە دەخوێنرێتەوە ئەوەیە: ئەم هێزە كۆمەڵایەتییەی لە دەوری ئەو دوو كایەیە كۆبوونەتەوە، ناڕازیی و ماندوو و خەمبار و تاڕادەیەكیش هەست بە لاوازیی و بێدەسەڵاتیی لە ئاست سیستەمێكدا دەكەن، كە ئەوانی بەپەراوێز خستووە. بەمجۆرەش دەكرێ ئەو ناڕەزایەتیە وەك بەرهەمی ململانێیەكی سیاسی تووند چاوی لێبكرێت، كە بەسەر ئەواندا سەپاوە و بگرە ئەوانی بۆ كراوەتە قوربانی. ئەمەش خۆی لە نەبوونی ئاستی ئابووری، بیكاری، نەبوونی هەلی كار و ئەو بوارانەدا دەبینێتەوە، كە مرۆڤ وەك تاكەكەس پێویستی پییەتی تا لەڕێگەوە هەست بكات دەتوانێت ڕێزی كۆمەڵایەتی و هەیبەتی شەخسی بۆخۆی بەدەستبهێنێت. لە نەبوونی ئەو بوارانەدا، بێگومان هەردوو بواری ئایین و وەرزش دەبنە دوو كایە كە چاوەڕێی توندوتیژییان لێدەكرێت.

پێنجەم: پێویستە ئەو هێزە كۆمەڵایەتیانەی كە بە تەمەنی جیاواز و لە چین و دەستەی جیاوازیی كۆمەڵایەتی و لە ئاستی ڕۆشنبیری و باگراوندی ئەكادیمی جیاوازەوە، لە دەوری كایەی ئایین و وەرزش كۆدەبنەوە، ئەوەیان بۆ ڕوونبكرێتەوە كە كایەی ئایین و وەرزش هەریەكەیان پێویستی بە ئاستێكی بەرزی خۆڕۆشنبیركردن و هووشیاری هەیە لەلایەن تاكەكەسەكانەوە بۆ ئەوەی بتوانن ئامانجی خۆیان بپێكن كە بریتیە لەوەی مرۆڤ لە ڕێگەی ئایین و وەرزشەوە بتوانیێت ئارامیی دەروونی و ڕۆحیی بۆخۆی دابین بكات. لە زۆربەی ئەو گوزارشانەدا كە لە كۆمێنێتەكاندا هاتوون، ئەم ئارامییە ون و بگرە نادیارە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت، كە وەرزش و ئایین لە كۆمەڵگای ئێمەدا نەیانتوانییوە هووشیاریی پێویست بۆ تاكەكەسەكان لە حەزكردنیان لە ئایینداری و وەرزش، دابین بكات. ئەمەش گرنگییەكی تایبەت بەخۆی هەیە، چونكە نەبوونی ئەو ئارامییە دەروونییەیە كە وا دەكات زۆرجار تاكەكەسی ئاییندار و وەرزشدۆست، كاریگەری نەرێنی بۆسەر ئەو كەسانە هەبێت، كە ئەو لە كاتی گەڕان بەدوای حەزی خۆیدا، كاریگەرییان دەكاتە سەر. ئەمەش بەمانای ئەوەیە كە چ ئایینداری و چ وەرزشدۆستی لەحەد بەدەر، دەتوانن ببنە سەرچاوەی تێكدانی شیرازەی خێزانیی و دەوروبەریش.

شەشەم: هەردوو ئەم هێزەی كە لەناو كایەی ئایین و كایەی وەرزشدا خۆیان دۆزیوەتەوە، دەتوانن ئەو وزەیەی بۆ دەربڕینی حەزیی ئایینی و وەرزشیی خۆیان دەیخەنەگەڕ، بكەنە وەزەیەكی ژیاندۆستانە لە پێناوی نوێكردنەوەی كولتووری و كۆمەڵایەتیشدا. ئەو حەماسەت و ئیلتیزامەی كەسی باوەڕدار بە ئایین و كەسی باوەڕدار بە وەرزش، دەكرێت حەماسەتێكیش بێت بۆ وزەی ژیاندۆستی و پەروەردەكردنی نەوەیەكی نوێ كە وەرزش و ئایین وەك بەشێك لە پێگەیاندنی تایبەتیی و كەسیی خۆی چاو لێبكات. ئەمە جگە لەوەی هەمان ئەم دوو هێزە كۆمەڵایەتییە بە هەمان خرۆشیانەوە بۆ ئایین و بۆ وەرزش دەبێت بەشداریی لە ژیانی گشتیی كۆمەڵگەدا بكەن و هەست بكەن بەرپرسیارێتیان هەیە لە ئاست گشت كێشەكاندا. ئەمەش ئەو چاوەڕوانییە دروستدەكات، بۆ نمونە ئەم دوو هێزە بتوانن سندوقی هاوبەشی كۆمەك و دەستگیرۆیی بۆ هەژاران و دەستكورتان نەخۆشە بێدەرەتانەكان دروستبكەن، ئەگەر بە كەمكردنەوەی بۆ نمونە مەسرەفە ڕۆژانەییەكانی خۆشیان بێت.

حەوتەم: لە ئاستی جێندەرییدا، (جیاوازیی نێر و مێ)، بەشێكی زۆری ئەوانەی كۆمێنتیان نووسیوە لە ڕەگەزی نێرینەن و ئەمەش ئەوە ڕووندەكاتەوە كە دەسەڵاتی نێو ئەم دوو كایەیە بەدەست نێرینەوەیە كە بڕوای بە خۆدەربڕینێكی توندوتیژانە هەیە كە هەم لە ڕۆحی مەعنەوییەتی دینەوە دوور و هەمیش لە ڕۆحێیەتی وەرزشییەوە. ئەمەش ئەوە ئاشكرا دەكات، ڕەگەزی مێینە بە هەمان شێوازی نێرینە گوزارشت لە خۆی ناكات، ئەگەرچی لە هەردوو كایەكەدا هەردوو ڕەگەز ئامادەییان هەیە، بەڵام هەمان كولتووریان نییە.

هەشتەم: بە چاوپۆشین لەو توڕەییەی لە كۆمێنتەكاندا بۆ پۆستەكەی من دەردەكەوێت و بە تێپەڕین بەسەر ئەوەی چەندە ناوەڕۆكی ئەو كۆمێنتانە كە پڕن وشەی نەشیاو وەك: (گوو بخۆ، بڕۆ گوو بخۆ و هتد..)، گوزارش لە ڕاستەقینەی نووسەرەكانیان دەكات، یان تەنیا پەرچەكرداریانە نووسراون، ئەوە زمانی كۆمێنتەكانیش لە ئاست ڕینووس، خاڵبەندی و ڕێزماندا، لە ئاستێكی زۆر خوارەوەیە، ئەمەش بە ئاشكرا ئاماژەیە بە دابەزینی زمانی كوردیی وەك زمانی دایكیی لەلای گەنجان دەكات. هۆكارێكی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوە و ڕۆشنیریی و هووشیاریی زمانی كە لە قوتابخانەن و زانكۆكانی ئێمەدا زۆر دابەزیوە. هۆكارێكی دیكەیشی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە بە كاریگەریی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكەوە، كە لەلایەكەوە مرۆڤی بەكاربەری كۆمەڵگەی ئێمەی "لە كۆمەڵایەتی خستووە" و لەلایەكیتریشەوە، توانای فێربوون و بەكارهێنانی زمانیی لەلای ئەم نەوەیە بەتەواوی دابەزاندووە و هەژارییەكی زمانی ڕەواج پێداوە، كە كاریگەریی قورسی دەبێت لەسەر شوناسبەخشین بە نەوەی نوێ. چونكە ئەگەر ئەم نەوەیە نەتوانێت لە زمانیی دایكییدا و بەو زمانە گوزارشێكی ڕوون لە شوناسی خۆی بكات، تووشی كێشەی دەروونپشێوی درێژخایەن و دڵەڕاوكێی هەمیشەیی دەبێت و ئەمەش دەیكاتە نەوەیەكی سەرگەردان و خێر لەخۆ نەدیو.

هەموو ئەم خاڵانە و گەلێكیتریش، دەبێت چاومان لە ئاست ئازار و كێشەی ئەم دەستە و گرووپە كۆمەڵایەتیانەدا بكاتەوە و ئەو هۆكارە ئابووری، كولتووری و ئیداری و ئایدیۆلۆژی و كردەییانە بنەبڕ بكەین، كە مرۆڤی ئەم كۆمەڵگایەی كردۆتە قوربانییەكی بەردەوام، كە تەنانەت نەتوانێت چێژی تەواو لەو چالاكییانەش وەربگرێت، كە بانگەشە دەكات، چێژیان لێوەر دەگرێت.

لە كۆتاییدا، كۆی ئەو دۆستانەی كۆمێنتی جۆرێكیان بۆ من نووسیوە، خۆشەویست و هاووڵاتی وڵاتەكەمن، كە من ویستم بە هۆی پۆستەكەمەوە، كەمێك ناچاریان بكەم قسەی دڵی خۆیان بكەن. وەڵام و پەرچەكرداری ئەوان لە سەرووی چاوەڕوانییەكانی منەوە بوون، بەڵام هەر لەوێشدا برینە قووڵەكەم ناسی و بۆم دەركەوت كە بە تەنیا كتێب خوێندنەوە و میتۆدە تەقلیدییەكانی ڕاپرسی، بەس نین بۆ تێگەیشتن لە نییەتمەندیی بكەری كۆمەڵایەتی، بەڵكو دەبێت بكەری كۆمەڵایەتی بەبێ خۆسانسۆركردن و شەرمكردن، بەدەنگ بهێنین بۆ ئەوەی زمانی ئەو گوزارش لە تووڕەییە ڕاستەقینەكانی بكات. سوپاسی هەموو ئەو خۆشەویستانە دەكەم كە بە كۆمێنتەكانتان بەشدارییەكی باشی كارەكەی منتان كردووە. ئەم دەستنیشانكردنانەم لایەنە بەرپرسەكان و حكومەت ناچار بكات بە چاوگێڕانەوەی شێلگیرانە بە كێشەی گەنجەكاندا.

هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.