گەنە و پارتی

‌رێبوار سیوەیلی

1. پارتی لە گایەکی پیری تەمبەڵ دەچێت کە نە توانای ئەوەی هەیە کلکی ڕاوەشێنێت و مێشەکان لە خۆی دەرکات و بە ئارامیی بەردەوام بێت لە کاوێژکردن، نە توانایشی هەیە ئەو هەموو گەنەیە لە خۆی دوورخاتەوە کە بن گوێ و ژێر ڕان و دەورە قوونیان گرتووە و بەردەوام خوێنی دەمژن.

2. پارتی لە هەموو لایەکەوە گەنە تێی داوە. ڕەنگە سەرۆکی حکومەت بە هاوکاریی گشت حزبەکان کە هەست بە مەسئولییەت دەکەن، بتوانێت قەوارەی حکومەت لە هێرش و لە دەستدان ڕزگار بکات، (کە من پشتیوانی تەواوی ئەم مەسەلەی ڕزگارکردنەی حکومەت دەکەم)، بەڵام ئەم ڕزگارکردنی حکومەتە لە هێرش و هەڕەشەی بێگانە بەبێ ئازادکردنی لە مەترسیی گەنە ناوخۆییەکان ئامانجێکی نابێت.

3. هاوکات بە ڕزگارکردنی قەوارەکەمان لە تاوانبارانی جەنگ و پلانی خیانەتکارانی ناوخۆیی، پێویستە حکومەت و کۆمەڵگای کوردی لەو هەموو وەزیر و مدیرعام و وەکیل وەزیر و کارمەندە ڕەفتار و هزر بەعسیانەی ناو حکومەتیش ئازاد بکرێن کە ڕۆژانە لە بەشەکانی (وەرگرتە و دەرکردە/ صادرە و واردە)ی فەمانگەکانەوە غەدر لە هاووڵاتیان دەکەن و بە جۆرەهاشێوە بێڕێزییان پێدەکەن تا دەگاتە نووسینگە جەنابی وەزیر .

4. تکایە یەکێک لە دڵسۆزەکانی ئەم قەوارەیە لە سەرۆکی حکومەت بگەیەنێت با پێش هەوڵدان بۆ بە دەستهێنانی ڕەزامەندیی عەببادی بۆ چوونەوە بەغدای قەفەسی ئاسنیین، ڕەزامەندیی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەدەست بهێنێت ئاخۆ ڕازیین بەو ڕەفتارە ناشایستانەی لە زۆربەی دائیرەکانی ئەم حکومەتەدا لەگەڵیان دەکرێت..

5.پێویستە ئەم حکومەتە پێش هەرشتێک ئەم هەموو گەنانە لە بن گوێ و بن ڕان و لاقوونی خۆی بکاتەوە کە خوێنی دەمژن، ئەوسا بیر لە ڕزگارکردنی خۆی بکاتەوە لە بێگانەکان..

6. گەنە حەشەرەیەکی بۆری خوێنمژە کە لە لاڕان و بن قوون و لاملی ئاژەڵانیتر دەنیشێ و بە تێپەڕینی کات لاوازیان دەکات.
جاران دەبوو بە دەرمان یان نەوت یاخود بە کڕاندن لەوشوێنەی دوور بخەیتەوە کە دەمی تێژەندووە.

7. حکومەتی هەرێم نەک هەر لا مل و بن ڕان و لاقوونیی گەنە لێی داوە بە ڵکو خۆیشی وەک گەنەی لێهاتووە بۆ کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان .

بۆیە دەبێت حکومەت لە خۆیەوە دەستپێکات و خۆی لە گا پیرە تەمبەڵەکە ڕزگار بکات تا بتوانێت مژدەی ئازادیی بە کۆمەڵگا بدات..


AM:09:43:26/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 5953 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی