كورسی بۆ نوێنەرایەتی یان بۆ فرۆشتن

‌عەلی مەحمود محەمەد

لە سەدەی هەژدەهەم ئادەم سمیس وتویەتی "ئەوانەی كە خاوەن كۆمەڵگان و سیاسەتەكانی دروستە كەن، بازرگان و پیشەسازكارانن". بیرمەندی سیاسی ئەمەریكی رۆبەرت دالیش گومانی هەیە لە چوارچێوەی ئابووری بازاڕی ئازاددا یەكسانی ئابووری لە نێوان تاكەكان بەدی بێت، كە زۆرێك پێیان وایە تاكە ڕێگایە بۆ گەیشتن بە دیموكراسیەت، بۆیە ناوبراو پێی وایە سەرمایەداری چۆن ناتوانێت یەكسانی ئابووری دابین بكات، بەهەمان شێوە ناتوانێت یەكسانی سیاسی لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگا دابین بكات. هەمیشە سەرمایەداری و پارێزەرانی ئەو سستەمە ئابوری سیاسییە لایەنگیری لەو چینە دەكەن كە نوێنەرایەتی دەكەن ئەویش چینی سەرمایەدارە، لەبەر ئەوەی هاووڵاتیان یەكسان نین لە روی ئابوورییەوە لە كۆمەڵگای چینایەتی سەرمایەداریدا، بۆیە لە ڕووی سیاسیشەوە تاكەكانی كۆمەڵگا یەكسان نابن، ئەم نا یەكسانیەش لە هەڵبژاردنەكاندا بە زەقی چڕ دەبێتەوە لە بەرژەوەندی كەمایەتییەك كە ئێستا بە ١%ی كۆمەڵگا لە چەمكە سیاسییەكان ئاماژەیان پێدەدرێت، چینە باڵاكان بۆ ئەوەی رەوایەتی بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن كە نوێنەری زۆربەن، لە رێگای هەڵبژاردنەوە دەسەڵاتی خۆیان دەسەپێنن بەناوی دیموكراسیەت و حوكمی گەلەوە ، لە رێگای سندوقەكانی دەنگدانەوە ٩٩%ی كۆمەڵگا دەكەنە خزمەتكاری ١%ی كۆمەڵگا، ئاخر ئەوان كە ئابووری و راگەیاندن و دامودەزگاكانی دەوڵەتیان كۆنترۆڵ كردووە و هەمووی لە خزمەت خۆیان بەكار دەهێنن، زەحمەتە ٩٩%ی كۆمەڵگا بتوانێت بچێتە پێشبڕكێیەكی دادپەروەرانەوە لە گەڵیان لە هەڵبژاردنەكاندا.

لە ساڵی ٢٠١٢ ی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری، ئەنجومەنی پیران و سەنات كۆی گشتی ٦ ملیار دۆلار خەرجیان هەبووە، ئەم پارەیەش لای كرێكارێك دەست ناكەوێت كە كاتژمێرێك بە ٣٠.٧ دۆلار كار دەكات لە كاتژمێرێك ، بگرە هەر ناتوانێت خۆشی كاندید بكات، لە هەڵبژاردنی ئەمجارە نەك بڕە پارەكە بەرزەوە بوو ، بگرە راستەوخۆ ١%ی كۆمەڵگا خۆیان هاتنە پێشبڕكێكەوە و دوای سەركەوتنی ترامپ كابینەی ملیاردێرەكانیان پێك هێنا.
 زۆرجار دەبینین هەڵبژاردنەكان بە تایبەتی لە وڵاتانی دواكەوتوو ململانێی هەڵبژاردن دەبێتە ململانێی نێوان جەمسەرە ئابورییەكان و جەمسەرە جیهانییەكان.

بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكان زیاتر دیموكراتی لە بەرژەوەندی زۆربە بێت، پێویستە دەستی وڵاتان و كۆمپانیاكان و دەوڵەمەندان لە ڕێگای یاساو بڕیارەوە كورت بكرێتەوە، ناڵێین كۆتایی پێ بێت چونكە لە چوارچێوەی سستەمی سیاسی ئابووری سەرمایەداری و دیموكراتی نوێنەرایەتیدا ئەمە محاڵە.

لە زۆر وڵات بڕی پارەی دیاریكراو بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و سەرچاوەكانیشی بە یاسا ڕێكخراوەو لە لایەن دەزگا دیاریكراوەوە كۆنترۆڵ دەكرێت، لێرەدا چەند نموونەیەك دەهێنمەوە:

لە بەنگەلادیش حكومەت بەخششی حیزبەكان ناكات، بەڵام حیزبی سیاسی مافی ئەوەی هەیە كۆمپانیای هەبێت و كاندید بۆی هەیە لانی زۆر ٥٠٠ هەزار تاك خەرج بكات ، كە هەر ٥.٧٧ تاك دۆلارێكە.

لە باشوری ئەفریقیا قەدەغەیە حیزبێك لە تی ڤی كات بكرێت بۆ ریكلامكردن، تەنها بەو بەشەی بۆی دیاریكراوە لە تەلەفزیۆنی فەرمی وڵات كە هەلی یەكسان دەدات بە هەمووان، پێویستە رازی بێت، كەچی لە كوردستان كەناڵەكان كۆنترۆڵ كراون بۆ دەستبژێری دیاریكراو و ئاراستەی سیاسی كوردستانیان بەرەو ئاراستەیەكی مەترسیدار گۆڕیووە.

لە ماوەی ڕابردوودا، حكومەتی میسری لانی زۆری خەرجیەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنی كاندیدانی سەرۆك كۆماری لە خولی یەكەمی هەڵبژاردندا لە ١٠ ملیۆن جونەیەوە زیاد كرد بۆ ٢٠ ملیۆن جونەیە، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەكانیش لە ٢ ملیۆن جونەیەوە زیاد كرا بۆ ٥ ملیۆن جونەیە كە هەر ٩٩.٦ جونەیە دۆلارێك بوو ئێستا هەڵكشاوە بۆ سەروی ١٢، ئەم بڕیارەش لە بەرژەوەندیی دەوڵەمەندان دەركرا، وەلێ سنوورەكەی دیاریكراوە.

ئەم بڕە پارەیە بۆ وڵاتێكی ٩٠ ملیۆنی وەك میسر لە چاو خەرجیەكانی هەڵبژاردنەكانی كوردستان زۆر كەمە، بەڵام ئەم پارەیەش لای هەژارێكی میسری دەست ناكەوێت، قازانجی ئەو لە ٤ ساڵدا تەنها ئەوەندەیە دەنگەكەی دەفرۆشێت و نانێكی گەرمی ئەو رۆژە پێ دەخوات وەك باوە.

لە كۆماری ئیكوادۆریش بۆ هەڵبژاردنی ٥٦٥١ سەرۆكی شارەوانی و ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی و پارێزگار و بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستانە كە ٢٧٨٩٥ كەس ململانێیان لەسەری كرد و ٦.١١ ملیۆن هاووڵاتی دەنگیان بۆی دا، تەنها ١٩ ملیۆن دۆلار لە لایەن حكومەتەوە بۆ هەڵبژاردنەكان تەرخانكرا، لەو بڕە پارەیە زیاتر نابێت پارەی دیكە هەرچییەك بێت سەرچاوەكەی، بچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە.

لە وڵاتی بۆتسوانای ئەفریقیا كاندید بۆی هەیە تا سنوری ٧٠٠٠ دۆلار خەرج بكات، لە وڵاتی بەنینیش هەر لە كیشوەری هەژاران كاندیدی پەرلەمان بۆی هەیە تا ٣ ملیۆن فرەنكی ئەفریقی و كاندیدی سەرۆك كۆماری تا ١٥٠ ملیۆن فرەنكی ئەفریقی دوا سنووری خەرجكردنییەتی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن، كە هەر یەك فرەنك ٤٥٠.٢ دیناری عێراقییە.

لە هەرێمی كوردستان، هیچ سنورێك بۆ بەخششی سەرمایەداران و خەرجی هەڵبژاردن و هاتنی پارە لە وڵاتانی بیانی بە تایبەتی وڵاتە هەرێمیەكان و كەڵك وەرگرتن لە ڕاگەیاندن دیاری نەكراوە، ئەمانە هیچیان بە یاسا ڕێك نەخراون "پشتیوانی حكومەت بۆ كاندید كراوان، مافی حیزب لە بونی كۆمپانیای تایبەت و تۆماركردنی بەناویانەوە، هاتنی پارە لە وڵاتانی دەرەوە، بەخششی سەرمایەداران و دیاریكردنی بڕەكەی و بڵاوكردنەوەی، كۆنترۆڵكردنی حیسابات لە كۆتایی هەڵمەتەكان ..." هیچی دیار نییە، هاوكات لە پاڵ هەموو ئەمانە پێشەكیەكی زۆریش بۆ خۆ كاندید كردن دیاریكراوە كە لە توانای هەژاراندا نییە دابینیان بكات، بەم هۆیانەوە سەرمایەداران و سیاسییە گەندەڵەكان بە ئارەزووی خۆیان بە پارە ڕەشەكانیان دەست دەخەنە ناو كاروباری دەنگدانەوە و لە بەرژەوەندیی خۆیان دەیشكێننەوە، وڵاتانی دەورو بەریش بەخششەكانیان ڕۆڵ لە هەڵبژاردنەكان دەبینێت بە قازانجی كاندیدە لایەنگرەكانیان، هەموو ئەمانە وا دەكات دادپەروەری لە هەڵبژاردن لە كوردستاندا نەبێت و هەموو دەنگدانێك بە قازانج دەوڵەمەندان و سەرمایەداران و نۆكەرانی وڵاتانی ئیقلیمی... كۆتایی پێ بێت، زیان و مەترسی ئەمانە زۆر زیاترە لە زیان و مەترسی ئەو فرت و فێڵانەی دەكرێت، لەبەر ئەوەی پارتە گەورەكان هەموو پێشێلكارییان هەیە و هیچی سیڤییەكەی پاك نییە لەو بارەیەوە، پارەی ڕەش و دراوی پیس لە هەڵمەتەكانیان بەكار دەهێنن، بۆیە سەرجەمیان لە ئاست ئەم مەترسییە بێدەنگن .

بۆ ڕێگرتن لەمەو هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانەتر لە هەرێمی كوردستان، پێویستە چەند هەنگاوێكی خێرا بنرێت كە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەیە:

  - نەختینەی پێشەكی بۆ خۆكاندیدكردن نەمێنێت.

- لانی زۆری خەرجكردن بۆ كاندیدانی سەرۆكی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا بۆ كاندیدانی تاك و لیستەكان دیاریبكرێت، بە پێی بارودۆخی گوزەرانی تاك دیاریبكرێت.

- بەخششەكان لە لایەن سەرمایەداران و سیاسیەكانەوە قەدەغە بكرێن، یاخود سنوری لانی زۆریان بۆ دیاریبكرێت و بڵاو بكرێنەوە.

- بەخششی وڵاتانی دەرەوە بە یاسا قەدەغە بكرێت و پێشێلكاران مافی كاری سیاسیان لێ بسەنرێتەوە.

- یاسای تایبەت بە مافی خاوەندارییەتی كۆمپانیا بۆ پارتە سیاسییەكان دەرچێت، داهاتی ئەو كۆمپانیانە بچێتە ناو حیساباتی دارایی حیزبەكانەوە، ئەو پارتانەی داهاتیان زۆرە مافی وەرگرتنی بودجەیان نەمێنێت.

- كۆنترۆڵی خەرجییەكان لە لایەن دەزگای تایبەتمەندەوە بكرێت و سزای قورس بۆ پێشێلكارانی دیاری بكرێت بە تایبەت بێبەش بكرێت لە مافەكانی ئەنجامی هەڵبژاردن.

- حكومەت لە رێگای دیاریكردنی بڕە پارەیەكی دیاریكراوەوە هەلی یەكسان لە روی ئابوری بۆ سەرجەم لیست و تاكەكانی بەشداربوو لە هەڵبژاردنەكان دیاری بكات.

- سەرجەم تاك و قەوارەكان پێویستە بڕی پارەی دیاریكراوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكان پێش دەستپێكی هەڵمەتی هەڵبژاردن بڵاو بكەنەوە، لەو بڕەیە زیاتر نەبێت كە دیاریدەكرێت و بە یاسا رێكخراوە .


AM:12:03:10/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 2260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی