رێککەوتنى چوارقؤڵی

‌سەلام عەبدوڵا

لەم رۆژانەدا رێكەوتنێكی چوار قۆڵی لەنێوان روسیا و ئێران و سوریا و عێراقدا كرا، كەبەتەواوی بەندەكانی كەلەسەرچی رێكەوتوون نازانرێ بەڵام ئەوەی نیشاندرا ئەوەیە كە ئەو رێكەوتنە چوار قۆڵیە مەبەست لێی گۆڕینەوەی زانیاری و هەماهەنگی یە لەنێوانیاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی تیرۆریستی داعش.

روسیا لەسەر زاری ڤلادمێر پۆتین، ئەوەی راگەیاند كە رۆژئاواو بەتایبەت ئەمریكا جدی نییە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش وەك ئەو چوار وڵاتەی كە رێكەوتنەكەیان كردووە، چونكە ئەوان مەبەستیانە كۆتایی بەداعش بهێنن نەك رۆژئاوا. هەرچەند ئەمە ئەو ڕاستییەش ناشارێتەوە كە حكومەتی سوریا تائێستا سوور نەبووە، لەسەر لەناو بردنی داعش چونكە كارەكانی ئەو دەوڵەتە تیرۆرستییە لەبەرژەوەندی حكومەتەكەی بەشار ئەسەد بووە هەروەك حكومەتی عێراقیش مەسەلەی دژایەتی داعش زۆر بەهەند وەرنەگرتووە، چونكە گەروابوایە ئەوا وابەئاسانی شارێكی گەورەی وەك موسڵی بەتەواوی چەك و جبەخانە پێشكەوتووەكەوە رادەستی داعش نەدەكرد.

ئەمە جگە لەڕادەستكردنی چەندین شارو شارۆچكەی تر، جا ئەوەی دەمێنێتەوە روسیاو ئێران دەبێ ئەوان مەبەستیان لەم رێكەوتنە چی بێت. ئەوەی دیارە روسیا دەیەوێت رژێمی ئەسەد لەسوریا بمێنێتەوە چونكە روسیا پێگەی تایبەتی سەربازی خۆی كە زۆر گرنگە بۆی لەو وڵاتە هەیە بۆیە نایەوێت ڕژێمی ئەسەد بروخێت و بەو پێیەش ئەو ئیمتیازاتانەی لەدەست بچێ. بەنیسبەت ئێرانیشەوە نایشارێتەوە كە داكۆكی لە ڕژێمی ئەسەد دەكات و بەهەموو توانای پشتیوانی بە چەك و بەسەرباز و بەراوێژكار دەكات و دەیەوێ لەو رێگایەوە هەم داكۆكی لەسوریا و هەم لەحزب و اللەی لوبنانی كە هاوپەیمانێكی گرنگە بۆ ئێران بكات و بەهێزی بكات.

ئەوەی گرنگە ئێستا كورد لەو هاوكێشەیەدا رۆڵی چییە، ئایا بۆ كورد لەورێكەوتنەدا پشتگوێخرا، ئایا ئەوە ئێمە نین كە لەسەر زەوینە واقیع شەڕی داعش دەكەین و تائێستا نزیكەی هەزار و سێسەد شەهیدمان لەپێناودا، ئەمە جگە لەحەوت هەزار بریندار، داوە. دیارە ئەو وڵاتانە چاك ئاگاداری بارودۆخی هەرێمی كوردستانن و ئەو ڕاستییە دەزانن كە هەرێم لەلایەن هەندێك هێزی سیاسییەوە لەبری ئەوە داوای بەشداری لەو جۆرە رێكەوتنانە بكات كەمافی خۆیەتی، چونكە لەپێناویدا رۆژانە قوربانی دەدا، هەموو خەڵكی هەرێمیان سەرقاڵی پرسی سەرۆك و سەرۆكایەتی هەرێمەوە كردووە ئەوەیان كردۆتە ئامانجی خۆیان بۆیە نایانپەرژێ بیر لەداهاتووی ئەم گەلە قوربانیدەرە بكەنەوە، بۆیە نابێت گلەیی لەو دەوڵەتانە بكەین كە خۆمان باندۆری ئەو ئەنجامە بین. شایانی گوتنە، رێكەوتنە چوارقۆڵییەكەی لای خۆشمان بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمە، لەم ساتەوەختە چارەنووسسازەدا..


PM:04:33:30/09/2015

ئه‌م بابه‌ته 3758 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی