كێن ئەوانه ی‌ دژی‌ ده وله تی‌ كوردین

‌سەلام عەبدوڵا

لە گەڵاڵەبوونی وەدیهێنانی خەونی سەدان ساڵەی كورد، ئێستا لەم ساتەوەختە مێژووییەدا، كە دۆخی ناوچەكە و جیهان لە لەبارترین شێوەیدایە، كە دەبێ بێ دوودڵی كورد سوود لەم دەرفەتە وەربگرێ و ئاواتی دێرینی خۆی كە سەدان ساڵە خەبات و قوربانی بۆ دەدات بهێنێتە دی، بەداخەوە دەبینین كەسانێك، كە لەراستیدا بیرو بۆچوونێكی چەوت باڵی كێشاوە بەسەر هزر و بیركردنەوەیاندا، بە پاساوی جیاجیا دژایەتی ئەم قۆناغە هەستیارە دەكەن و دەیانەوێ دڵی گەلەكەمان كە لە هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی، سارد بكەنەوە.

ئەم بیرە چەوتەی كە كورد بە شایەنی سەربەخۆیی و دەوڵەت نازانێت، لە هەر سەردەمێكدا بە بەرگێكی نوێ‌وە خۆی دەنوێنێت و دەیەوێ خەڵكی پێ چەواشە بكات.

سەردەمانێك كە بیری ماركسیزم لینینیزم باڵی كێشابوو بە سەر نەوەی نوێدا بەتایبەتی لەساڵی پەنجاكان و شەستەكانی سەدەی پێشوودا بە پاساوی ئەوەی كورد(ئوممە) نییە! كە تێزێكی ستالینی بوو، باسی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردییان بەهەموو جۆرێك رەتدەكردەوە و بە مەترسییەكی گەورەیان دادەنا بۆ سەر چینی كرێكارانی جیهان بەگشتی و چینی كرێكارانی عێراق بەتایبەتی و ئەم بیرۆكەی دامەزراندنی دەوڵەتە – كە ئەوكات چەند بیرمەندێك بانگەشەیان بۆ دەكرد- بە كۆنەپەرستی و عەمالەت بۆ ئیمپریالیزم لە قەڵەم دەدا و تەنانەت دژی ئەوەش دەوەستانەوە كە چینی كرێكاری كوردی، پارتێكی كۆمۆنیستی سەربەخۆشی هەبێت، بەو بیانووەی كە لە وڵاتێكدا نابێت دوو پارتی كۆمۆنیستی هەبێت. ئەم بیرۆكەیە بە رووخانی بلۆكی سوسیالیستی لەسەرەتای نەوەدەكانەوە گۆڕ كرا و دەیان وڵات و نەتەوە كە لەلایەن پارتی كۆمۆنیستی سۆڤییەتەوە حوكمدەكران، سەربەخۆیی خۆیان و جیابوونەوەی خۆیان راگەیاند و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان دامەزراند و ئێستا ئاڵاكانیان لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەشەكێتەوە.

ئەوان سوودیان لە داڕمانی سیستەمی سوسیالیستی وەرگرت و دەستپێشخەری خۆیان كرد و ئەو مۆڵەتەیان لە كیس خۆیان نەدا.

ئێستا كە ناوچەكەی ئێمە كە لە ئەنجامی رێككەوتننامەی سایكس- بیكۆ نەخشەی بە بێ خواستی گەلانی ناوچەكە – بەتایبەتی كورد- بۆ كێشرا، بە بارودۆخێكی نوێدا تێدەپەڕێت و سەرەتای هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێككەوتننامەیە دەردەكەوێ، ئەویش بەهۆی كۆمەڵێك پێشهاتی نوێوە كە نوێترینیان دروستبوونی داعش و دەوڵەتۆكەكەیەتی و شكاندنی ئەو سنوورانەی سایكس- بیكۆ دایڕشتبوون.

ئێستا بۆ كورد كە كارەكتەری سەرەكی دژایەتی داعش و دەوڵەتۆكەكەیەتی لەلایەن تەواوی جیهانەوە بە چاوێكی تر سەیر دەكرێ و باشتر لە خواستەكانی گەلەكەمان تێدەگەن و هەست بەو غەدرە مێژووییە دەكەن و لە زۆر بۆنەشدا پشتیوانی خۆیان بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان نیشاندەدەن و پەیوەندییەكانیان تا دێت تۆكمە و پتەو دەكەن و ئاستی دیپلۆماسییان گەیاندۆتە گۆڕینەوەی كونسولگەری و یارمەتی بەرچاوی پێشمەرگە دەدەن، هەق نییە مۆڵەت بدرێ كە بیرۆكەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی لەلایەن هەندێكەوە بەوجۆرە دژایەتی بكرێ و ئەوانیش پێویستە لەم ساتە چارەنوسسازەدا بە ئەركی نیشتمانی خۆیان هەڵبستن و واز لەم گەمە ترسناكە بهێنن.

 دەنا ئەوانەی دژایەتی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەكەن، شەرمەزار و ریسوای گەل و نەتەوەكەمان – بێ دوودڵی – دەبن.


PM:12:41:14/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 3950 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی