عه بادى هه ره شه ى توند له توركيا ده كات

‌سەلام عەبدوڵا

ماوەی چەند رۆژێكە هێزێكی سەربازی توركیا لە نزیك شاری موسڵ جێگیركراوە.
توركیا دەڵێت ئەو هێزە بە ئاگاداری حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغدا نێردراوە بۆ ئەو ناوچەیەو گوایە مەبەست بەشداریكردنە لە رزگاركردنی موسڵ لەدەستی داعش.
جا سەیر ئەوەیە حكوومەتی عێراقی لەسەر زاری حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیران زۆر بە توندی بۆ ئەو كارە، كاردانەوەی نواند و دەڵێت گەر ئەو هێزەی توركیا لە ماوەی 84كاتژمێردا سنووری عێراق بەجێنەهێڵێت ئەوا هەموو ئەگەرەكان لە ئارادایە.

ئەم كاردانەوەیە كە زیاتر لە نوكتە دەچێت لە گیڤ بوونەوەی -ببورن- عەلی شیش دەچێت، چونكە گەر ئەم وڵاتەی كە لە لێواری رووخان و دابەشبوون و ئەویش بەهۆی سیاسەتە هەڵەكانی مالیكی و عەبادی و دەسەڵاتدارەكانیتر دایە، تۆزێك دەسەڵاتی فیعلی هەبوایە نە موسڵ و نە سامەڕا و نە بێجی و نە ئەنباری وا بەئاسانی بەدەستەوە دەدا.

ئەوەتا موسڵ كە زیاد لە ساڵێكە لەژێر چنگی داعشدایە، حكوومەتی عێراقی تا ئێستا چی كردووە بۆ رزگاركردنی، ئەو شارە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە هەر خۆیان لە زەمانی مالیكیدا چەك و جبەخانەی 3 فیرقەی سەربازی بەهەموو پێداویستییەكانەوە بۆ بەجێهێشتن كە بریتی بوون لە تازەترین و نوێترین چەك كە بە پارەیەكی خەیاڵی لە ئەمریكا كڕدرا بوون و لەگەڵ ئەوەشدا نەیانتوانی بەرگەی چەند كاتژمێرێك بگرن و هەر هەموو هەڵاتن.

نازانم بۆ لە ماوەی 18 مانگدا حكوومەتی عێراقی ئینزارێكی وا (شەدیدول لەهجەی) ئاراستەی داعش نەكرد كە شارێكی وا گەورەی عێراقی داگیر كردووە و مۆڵەتی پێنەداوە كە لەماوەی 48 كاتژمێر، نا، بەڵكوو 48 مانگی بدایە بە داعش، رەنگ بوو داعشیش دڵی نەرم بوایە و بە گوێی فەرمانی بەغدای بكردایە.

بەگشتی تا ئێستا حكوومەتی عێراق و سوپاكەی نەیانتوانیوە بەشێوەیەكی بەرچاو بەرەنگاری داعش ببنەوە و لە زۆربەی شەڕەكانیشدا سەرنەكەوتووبوون، كەچی هادی عامری فەرماندەی سوپای بەدر، زیاتر حەماسەت دەیگرێ و دەڵێ داگیركاری توركیا بۆ عێراق بێوەڵام نابێت، نەك تەنها ئەوەش بەڵكوو هەڕەشەی ئەوەش دەكات كە تانكەكانی توركیا تێكدەشكێنن.

پرسیارەكە ئەوەیە، گەر خاوەنی ئەو هەموو توانا و هێزەن، بۆ تیرۆریستانی داعش كە چەندین شار و شارۆچكەی گرتووە كە بە سێ یەكی هەموو عێراق دەخەملێنرێت دەرناپەڕێنن و وڵاتەكەی خۆیان رزگار ناكەن و ئیدی ئەوسا با بێن و داوا بكەن ئەو هێزە بچكۆلەیەی توركیاش- كە ئیدی پێویست ناكات- خاكی عێراق بەجێبهێڵێت.

بەڵێ دەمێكە كورد دەڵێت، هەڵگرتنی بەردی گەورە نیشانەی نەهاویشتنە.


AM:10:34:08/12/2015

ئه‌م بابه‌ته 3620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی