گۆڕان بەدیلە یان دۆست و شەریک؟

‌عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک

کارێزمایی نەوشیروان مستەفا ئەمرێندرێت یان نا؟

لە ھەمو دونیادا خەڵک بۆ وەرگرتنەوەی مافی خۆی بەدوای بەدیلی ستەمکاردا دەگەڕێت، لە ھیچ کوێی دونیاش نەبوە خۆت بە بەدیلی دەسەڵاتی ستەمکار بزانیت، بەڵام پەیوەندی ژێربەژێرت لەگەڵیدا ھەبێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت و پارەی لێ وەربگریت، زۆر جار بە ئاشکراش باسی لێکنزیکبونەوە و ڕێککەوتنی ستراتیجی و بگرە یەکگرتنەوەش بکەی.

ھێزی بەدیل بۆی نیە باسی ڕێککەوتنی حزبی، لێکنزیکبونەوە، یەکگرتنەوە لەگەڵ بەرامبەرەکەی بکات، چونکە جەماوەرەکەی لەسەر ئەو ئەساسە شوێنی کەوتون کە حەق و مافیان بۆ بگێڕێتەوە، نەک خۆی نزیک بکاتەوە لە زاڵمی جەماوەرەکەی.
بۆ ھێزی بەدیل بەس ئەوە ئاساییە کە بە ئاشکرا و تەنھا بۆ وەرگرتنەوەی ماف و ئازادی جەماوەرەکەی گفتۆگۆ و کۆبونەوە و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە بکات کە خەڵک ئەمی بۆ ڕوبەڕو بونەوەی دروستکردوە.

ڕاستە شەڕی ناوخۆ و دوژمنایەتی ھێزی خۆماڵی و ھاوزمان و ھاونیشتیمانی باش نیە، بەڵام ناشکرێت شەریکایەتی بکەیت لەو کێک و سفرەوخوانەی بە پارەی خەڵک ڕازاندوێتێوە و خۆیشت بە بەدیل و پێشڕەوی ئەو خەڵکە حەق خوراوە بزانیت، بە لای منەوە نەک لەسەر ئاستی حزبی، بەڵکو ناگونجێت ئەندامێکی خانە و جڤات لە گۆڕان لەگەڵ ئەندامێکی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی گەعدە و شەریکایەتی و ڕاوشکار بکەن، تەنھا ئەوەندە ئەتوانیت پەیوەندیت لەگەڵیان ھەبێت کە داوای ئازادی و مافی خەڵکیان لێ بکەیتەوە.

عەیبە لەوەدا نیە بەھۆی ھێز و دەسەڵاتی زۆری ستەمکارەوە و بەھۆی لاوازی تۆوە و ناھاوسەنگیەوە نەتوانی دەرەقەتی بەرامبەر بێیت، عەیبە ئەوەیە ئەگەر دەرەقەتی نەھاتی واز لە نەخێر بۆ ستەم بێنیت و بچیتە پاڵی و تەئیدی بکەیت.
شعاری ڕاستەقینە یان سەرکەوتن یان وازھێنان نیە، بەڵکو یان سەرکەوتن یان مردنە.

بزوتنەوەی گۆڕان بە حوکمی ئەوەی نوێخواز و بەدیلە ئەبێت ھەوڵ و تێکۆشانی بۆ دو مەبەستی سەرەکی بێت.
یەکەم: سیستەمێکی سیاسی ئەمین کە خەڵک لە سایەیدا ئازاد بێت و حوکمی سوڵتانی بەسەردا نەسەپێندرێت، دور بێت لە ترس و تۆقاندن، تیرۆر نەکرێت و سزای سیاسی و دینی و قەومی نەدرێت.
دوەم: سیستەمەکانی خۆش گوزەرانی خەڵک، خەڵک بتوانن وەکو یەک و بەبێ جیاوازی بیروباوەڕ و چینایەتی و ناوچەیی سودمەند بن لەو خزمەت گوزاریانەی مافی خۆیانە و لە توانای حکومەتدایە.

لەپێناو چەسپاندنی ئەو دو خاڵەی سەرەوەدا ئاساییە ھەر گفتۆگۆ و دانیشتن و ڕێککەوتنێک بکرێت، بەڵام لەلایەن لیژنەی دانوسانکار و بڕیار لێدراوی ھەردولاوە بێت و بە ئاشکرا و لە شوێنی فەرمیدا بێت، نەک لە تاریکیدا و لە ماڵان و ھەر کەس و گروپێک بۆ خۆی و بە میزاجی خۆی ئەوە بکات.

کەسیش بیانو بە ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی لەسەردەمی کاک نەوشیرواندا نەھێنێتەوە، ئەو ڕێککەوتنە سەردەمی کاک نەوشیروان بوبێت و بەھەر ھۆکارێک بوبێت ھەڵەیەکی کوشندە بوە بۆ گۆڕان لە ڕوی جەماوەریەوە، یەکێک بوە لەو ھەڵانەی کە گۆڕان نیوەی کورسیەکانی لەدەستدا، کاک نەوشیروان یان ھیچ کەسێک لەسەر ئەم ئەرزە بەدەر نیە لە ھەڵە، وە عەیبەیشی تیا نیە، عەیبە ئەوەیە دەرس لە ھەڵەکە وەرنەگریت و دوبارەی بکەیتەوە.

کارێزمایی کاک نەوشیروان ئەمرێندرێت یان نا؟
گومانی تیا نیە بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی پیلانی تۆکمە و سیاسەتی ھەنگوینی ژەھراویان داڕشتوە و پارەی زۆریان تەرخان کردوە بۆ مراندنی کارێزمایی کاک نەوشیروان، چونکە نە بنەماڵەی تاڵەبانی قبوڵیانە کەس لە کوردا لەسەروی جەلال تاڵەبانیەوە ببینرێت و نە بنەماڵەی بارزانی قبوڵیانە کەس لەسەروی مەلا مستەفا و بگرە مسعود بارزانیشەوە ببینرێت، باشترین نمونەش کاتی کۆچی کاک نەوشیروان بو، ماڵی تاڵەبانی ئەیانویست فێڵ لە گۆڕان و ھاوڕێیانی کاک نەوشیروان بکەن و بە دزیەوە تەرمەکەی بنێژرێت، چونکە ئەیانزانی ڕێوڕەسمێکی خۆڕسکانەی ھێندە گەورەی بۆ دەکرێت کە لە مێژووی سەرکردەکانی کوردا دوبارە بونەوەی ئەستەمە، بنەماڵەی بارزانیش کە دەسەڵاتی بڕیاردانی بە فەرمی کردنی پرسەکەیان لەدەست بو، ئەوەیان نەکرد بۆ کاک نەوشیروان و وەکو کەسێکی ئاسایی پیشانیاندا، لەکاتێکدا کاک نەوشیروان سەرکردەیەکی گەورە و ئەفسانەی کورد و ئەندازیاری ئەو ڕاپەڕینە بو کە حکومەتی ھەرێمی لێ ھاتە کایەوە.

ئەوانەی بەرپرسن لە پارێزگاری و ھێشتنەوەی کارێزمایی کاک نەوشیروان بە زیندویی بە دەرەجەی یەک کوڕوکەسوکاری و ھاوڕێ نزیکەکانیەتی، چونکە ئەوان جەڵە و بڕیاری ئاخیر پرۆژە و بزوتنەوەکەیان گرتۆتە دەست، ئەوەی پێویستە لەسەریان بیکەن قورس نیە، بەڵکو تەنھا خۆیان بە دور بگرن لەو ھەنگوینە ژەھراوی و پارەیەی کە بۆ مراندنی کارێزمایی کاک نەوشیروان تەرخانکراوە، ئەگەر ئەوان تەنھا ئەوەندە خۆ ڕاگریان تیابێت ئیتر شوێنکەوتوانی کاک نەوشیروان توشی بێ ئومێدی نابن و درێژە پێدەری پرۆژە و فکرەکەی دەبن و بە زیندویی ئەیھێڵنەوە.


PM:08:12:22/05/2019

ئه‌م بابه‌ته 3592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی