ھاوخەمی و بایکۆت

‌عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک

ھاوخەم و نیگەرانم بە ھۆی ئەو ھێرشە دڕندانەیەی کە ئەمڕۆ لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە کرایە سەر خوشک و برایانمان لە حزبی دیموکراتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، سەری ڕێز دائەنەوێنم بۆ ڕوحی پاکی شەھیدانی ئەو ھێرشە و ھیوای زو چاکبونەوە بۆ بریندارەکان ئەخوازم.

ھیرشی ئێران بۆ سەر حزبی دیموکرات لەم کاتەدا و لە نێو قوڵای ھەرێمی کوردستان، بە ڕونی و ئاشکرا دیارە کە ڕێککەوتنێکی ئێران و حزبە دەسەڵاتدارە کوردیەکانە بۆئەوەی لەبەرامبەردا ئێران تەزویر و ساختەکاریان بۆ بکات لە ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستاندا، ئەگەر وانیە پێویستە بەلای کەمەوە حکومەتی بەناو ھەرێمی کوردستان کە لە ژێر دەست و ھەیمەنەی ئەو حزبە تەزویر چیانەدایە ئەگەر بۆ تەنھا یەک مانگیش بێت ھەڵوێست وەربگرێت و کۆنسوڵگەری و کۆمپانیاکانی ئێران لە ھەرێمی کوردستان دەربکات و خاڵە سنوریەکان بە ڕوی ئێراندا دابخات کە دڵنیام ئەوە ڕونادات، چونکە خۆیان دەستی ئێرانیان ڕاکێشاوە بۆ ئەم کارە.

بۆیە داوام لە خەڵکی کوردستان ئەوەیە با ھەموان بایکۆتی ھەڵبژاردن بکەین، ھەر ھیچ نەبێت با شەرعێتیان پێ نەدرێت و وڵاتانی چاکە خواز و دیموکرات خواز بزانن کە ئەمانە بە زۆر خۆیان سەپاندوە بەسەر ئەم خەڵکە چەوساوە و ماف خوراوەی کوردستاندا، ئاخر ناکرێت ئەمانە ھەر بە گەندەڵی و ستەمکاری ناوخۆیەوە نەوەستن و کار بگاتە ئەوەی نۆکەرایەتی دوژمنەکانمان بکەن و لە نێو ماڵی خۆمان خوێنی خوشک و براکانمان بڕێژن لەپێناو مانەوەیان لە دەسەڵات بەو تەزویر و ساختەکاریەی کە چەندین ساڵە لەبەرامبەر سازشی نەتەوەی و نیشتیمانیدا لەلایەن ئێران و تورکیاوە بۆیان دەکرێت.

زۆر ڕێگای وەک دروستکردنی ئۆپۆزیسۆن، خەباتی مەدەنی، خۆپیشاندان و مانگرتن تاقیکرایەوە، ھەمو ڕێگاکان بێسود بون و ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە بەھاوکاری دوژمنانی گەلەکەمان ھەر مانەوە و بەردەوامن، ئێستا تەنھا کارت بایکۆتە بۆ ناساندنی دیکتاتۆریەکەیان بە ھەمو دنیا و خستنە ڕوی قەبارە و ڕوخسارە ڕاستەقینەکەیان بۆ ھەمو خەڵکی کوردستان و عێراق.

بۆیە تکایە با ھەمومان بایکۆت بکەین.


AM:09:48:09/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 4257 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی