ڕەخنە وگلەیی لە بزوتنەوەی گۆڕان بۆچی؟

‌عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک

‎بزوتنەوەی گۆران شیاوی ئەوەیە لە لایەن ھاولاتیانەوە ستایش بکرێت و پشتیوانی زیاتری لێ بکرێت، لەبەرامبەر ئەو قوربانیدانەی کە بە بەرکەوتەی خۆی و ھەڵسوڕاوانی دا، سەرباری ئەو دۆخە ئالۆزەش کە دووچاری کراوەتەوە، توانی خۆراگڕانە لە بەرامبەری بوەستێتەوە و پشو درێژبێت لە پێناو رێزگرتن لە سەروەری یاساو سوربوون لەسەر داوا ڕەواکانی ھاولاتیان، نەوەک ڕەخنەی بێ بنەمای ئاراستە بکرێت و هاوشێوەی هێزەکانیتر ببینرێت، ئەمە بێ ویژدانی و غەدرێکی گەورەیە کە دەرحەق بە بزوتنەوەی گۆڕان دەکرێت

‎بزوتنەوەی گۆڕان ڕاستگۆترین هێزی سیاسی بووە لەگەڵ دەنگدەر و جەماوەرەکەی خۆی و تەواوی خەڵکی کوردستانیش، ڕێزی لە ئیرادە ودەنگیان گرت وھیچ ڕێککەوتنێکی لە سەر بنەمای پشک پشکێنە و بەرکەوتەی کۆمپانیای نەوت و بودجەی حزبی و پلە و پۆست نەکردوە،

‎ بەهیچ شێوەیەک ئامادەی سازشکردن نەبووە لە سەر ماف و داواکارییەکانی هاوڵاتیان، لەو پێناوەشدا سەرۆکی پەرلەمان کە پشکی گۆڕان بوو بە کودەتایەکی سەربازی لە پەرلەمان دورخرایەوە، چوار وەزیر وسەرۆکی دەستەیەک لە حکومەت دور خرانەوە، ھەڵسوڕواوێکی ئەم بزوتنەوەیە نەماوە سزا نەدرابێت بە نانبڕین یان سجن کردن یان گواستنەوە بۆ شوێنێکی دوور لە جێگای نیشتە جێبونی و تا تەقە کردن لە ماڵی ھەڵسوڕاوان وتیرۆر کردنیان، بە جۆرێ ئابڵوقەی ئابوری خراوەتە سەر گۆڕان، ناچار گۆڕانخوازان لەسەر ئەرکی خۆیان ئیدارەی مەکۆکان دەدەن و تا تەواوی دامەزراوەکانیتریشی، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی تۆمەت بۆ ڕێکخەری گشتی گۆڕان ھەڵبەستراو ھەڕەشەی دادگایی کردنی کرا وە ھەروھا ھەڕەشەی وەرگرتنەوەی مۆڵەتی حزبی لە بزوتنەوەی گۆڕان دەکرا و چەندین فشاری تر خرایە سەر گۆڕان و ئێستاش زۆرێک لە فشارەکان بەردەوامن، ئەم ھەموو فشار و غەدرەی لە بزوتنەوەی گۆڕان کرا لە سەر ئەوە نەبوو کە بزوتنەوەی گۆڕان داوای پشکی کۆمپانیا وحیسەی نەوتی کردبێت بەڵکو تەنھا وتەنھا ھۆکار ئەوە بوو کە ناچاربکرێت تا دەست بەرداری ئەو بابەتانە بێت کە پەیوەستن بە ژیان و گوزەران و مافی خەڵک، سەروەری یاسا،

‎ شەفافیەت لە سەروەت وسامانی کوردستان، دەساودەسکردنی دەسەڵات وسیستەمی سیاسی گونجاو کە سیستمی پەرلەمانییە لە کوردستان، خۆ ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان تەنھا بێدەنگی ھەڵبژاردایە لە بەرامبەردا پشکی کۆمپانیا، پشکی نەوتی دزراو، بودجەی حیزبی باش وپۆستی زیاتری پێ ئەدرا، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان نەک ھەر ئەوەی قبوڵ نەکرد بەڵکو بەرگەی ھەموو ئەو غەدر لێکردن و دورخستنەوە و تا کار گەیشتە کودەتاکردن بەسەر دامەزراوەی پەرلەمان تەنیا لەبەر ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆکایەتی دەکرد، بەڵام بەهیچ جۆرێک ئامادەی سازشکردن نەبوو لە داوا ڕەواکانی هاوڵاتیان
‎ئیتر گلەی و ڕەخنە گرتن لە گۆڕان بۆ؟

‎ڕه‌نگه‌ بپرسن ئه‌ی چارەسەر چیه‌ و لای کێیە؟

‎بێ گومان لە کۆتایدا خراپ تر بوون، یان چارسەر كردنی ئەم دۆخە لای خەڵکە و وەستاوە لە سەر وشیاری و ڕۆشنبیری خۆیان

‎ئایە خەڵکی کوردستان پشتیوانی لەو بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن؟ کە کەوتە بەر سزا دانێکی قورس و، غەدرێکی گەورەی لێ کرا لە پێناو داکۆکی کردن لە مافی ئەوان، ئەگەر ئەمە بکرێت ئەوە لە دوو لاوە قازانجی ھاولاتیانە

‎ لایەکیان ئەوەیە کە خه‌ڵك په‌یامێك ئه‌نێرن بۆ حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و پێیان ده‌ڵێن چیتر سیاسه‌تی سه‌ر كوت كاری و زۆره‌ ملێ جێگای قبوڵ نیه‌، ئێمه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ هه‌ڵده‌بژێرین كه‌ وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان قوربانی به‌ خۆیان ئه‌ده‌ن له‌ پێناو ماف و ئامانجه‌كانمان، گۆڕانیش لە بەرامبەردا زیاتر سور ئەبێت لە داکۆکی کردن لە مافی خوراویان

‎لایەکی تریان ئەوەیە کە لایەنی دەسەڵات بە دەستان و پول پەرستان و کورسی پەرستانی ئێستای کوردستان پەیامێک لە خەڵکەوە وەردەگرن و پێیان دەوترێ کە ئێمە وشیارین و پشتیوانی لە داکۆکی کاری ڕاستە قینەی خۆمان دەکەین، ئەو پەیامە بە جۆرێ ترس دەخاتە نێو دڵیانەوە کە ترسی لە ناوچونی خۆیان و سزادانێکی قورسی خەڵک ئەدرێ بە گوێیاندا

‎بەڵام ئەگەر خەڵکی کوردستان ھەر بە نائومێدی و ڕەشبینیەوە بڕواننە بارودۆخەکە و پێیان وابێت کە بزوتنەوەی گۆڕان ھیچی پێ نەکراوە و ناکرێت، تەسلیم بن بە ئەو عەمری واقعەی ئەمڕۆ سەپاوە بە سەر کوردستاندا لە لایەن چەند حزب و گەورە بەرپرسێکی بازرگان و نەوت فرۆش و کورسی پەرستەوە، ئەوە ھەڵەیەکی کوشندەیە وغەدرێکی ئێجگار گەورە لە خۆیان و نەوەکانی داھاتویان دەکەن، چونکە بەم ھەنگاوە ھەم بزوتنەوەی گۆڕان نائومێد و کول ئەبێت لە داکۆکی کردن لە مافیان و ھەم حزب و گەورە بەرپرسە پاوەن خواز و بەرژەوەندی خوازەکان وا ھەست دەکەن کە خەڵکی ئەم جۆرە حکومڕانیەی بە دڵەو شایستەی ئەم جۆرە لە حوکمڕانێیە، بۆیە سور تر ئەبن لە سەر ئەو سیاسەتەی کە ئێستا گرتویانەتە بەر، زیاتر ھەوڵی چەوساندنەوەی داکۆکیکارانی داوای ھاولاتیان ئەدەن، بێ باک تر و بێ ترس تر ئەبن لە برسیکردنی خەڵک و زیاتر و زیاتر داھاتی ئەم نیشتیمانە ئەدزن و بە ھەدەری ئەدەن

‎ھیوادارم کە ئیتر خەڵکی کوردستان بە ئاستێکی هۆشیاری و ڕۆشنبیری بەرزەوە بڕیار بدەن لە چارەنوس و مافی خۆیان، فریو نەخۆن و بیری تەسکی حیزبی نەبێتە ھۆکاری بێ دەنگ بوونیان لە بە تاڵان بردنی سەروەتی ئەم نیشتیمانە و برسی کردنی ماڵ ومنداڵیان و بێ ڕێزی کردن بە یاسا و دامەزراوە شەرعییەکان

عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک


PM:02:52:14/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 3794 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی