تا ئێستاش خەڵک دڵی لای حیزبەکانە!

‌عەبدوڵای‌ مەلا نوری‌


راستیەکەی کێشەکە هەر ئەوە نیە، پارتی جار لە دوای جار هەڵەی سیاسی گەورە دەکات و بۆی دەچێتە سەر.
بەڵکو کێشەی گەورە ئەوەیە هەمو جارێک لە ئەنجامی هەڵەکانی پارتی حەماسێکی سەیر لای خەڵکانێک دروست دەبێت و یەکسەر دەڵێن دەبێ حیزبەکانی تر دژ بە پارتی یەک بگرن و ئەمە قبوڵ نەکەن.
وەک ئەوەی حیزبەکانی تر بەشێک نەبن لەم دەسەڵات و سیستمە، وەک ئەوەی دیدو کردارو ئەزمونی حیزبەکانی تر جیاوازبن.
خەڵک بیری چووە هەر بە رێکەوتنی ئەمانە ئەنجامی تەزویرکراوی هەڵبژاردنەکان قبوڵ کرا و ٤٥ کورسی درا بە پارتی.
هەر بە دەنگی ئەندام پەرلەمان و ئیرادەی ئەم حیزبانە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و دواتر دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم کارا کرایەوە.
بە دەنگی ئەم حیزبانە سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردران.
بە دەنگی ئەم حیزبانە نێچیرڤان بارزانی کرا بە سەرۆکی هەرێم.
هەر بە دەنگی ئەمانە مەسرور بارزانی کرا بە سەرۆکی حکومەت.
خەڵک بیری چووە ژمارەیەک لەوانەی لە ئێستادا رەخنە لە پارتی دەگرن بە شان و باڵی حکومەتەکەی مەسرور بارزانیدا هەڵیاندەدا.
بەشێک لە حیزبە موعارەزەکان تا دوا سات خوا خوایان بو بچنە ناو حکومەتەوە.
دڵنیابن چارەسەر لای حیزبەکان نیە، ئەوانە هەریەکەو روخسارێکی جیاوازی یەک سیستمی حیزبایەتی و حکومڕانین.
بۆیە دەبێ ئەگەر بۆ ساتێکیش بێت، خەڵک لە حیزبەکان دور بکەوێتەوە.
لانی کەم لەم قۆناغەدا دەبێ حیزبەکان فڕێ بدرێنە دەرەوەی هاوکێشەی سیاسیەوە.
گەر خەڵک ئیرادەو یەکگرتویی هەبێت دڵنیابن چارەسەر کۆی کێشەکان لە دەست و ئیرادەی خۆماندایە.
لێرەدا دەپرسم ئایا زۆرینەی خەڵک دەتوانین بۆ ساتێک پێکەوە لە دەوری یەک ئامانج کۆ ببینەوەو کار بۆ بەدیهێنانی بکەین؟
تکایە یەکسەر مەڵێن دەستخۆش.
بەڵکو بە ئارامی و مەنتقی وڵامی پرسیارەکەم بدەنەوە.
عەبدوڵای مەلا نوری


AM:10:45:08/05/2020

ئه‌م بابه‌ته 3636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی