‌پرسیارێک لە رۆحی گۆڕانەوە!
PM:10:54:03/05/2019
عەبدوڵای‌ مەلا نوری‌


هەمو بیرمانە کاک نەوشیروان بە نامەیەک چەند پەرلەمانتارێکی گۆڕانی دەرکرد، لە بەر ئەوەی واژۆیان لە سەر نوسراوێک کردبو خانوەکانی پەرلەمانیان لە سەر تاپۆ بکرێت، ئەمە نەک بە خوڕایی بەڵکو بە نرخی خۆی، بەڵام بە قیستی درێژ خایەن.

ئێوارەیەکی درەنگ عەدنان عوسمان، کاردۆ محەمەد، من لە هەولێرەوە کەوتینە رێ بۆ سلێمانی بۆ لای کاک نەوشیروان بۆ ئەوەی داوای لێبکەین پەلە نەکات لە بڕیارەکانی لە ئاست ئەو پەرلەمانتارانە، تا وا دەکەین پاشگەز ببنەوەو داوای لێبوردن بکەن.

وڵامی کاک نەوشیروان ئەوە بو دەبێ بە رون و راشکاوی دان بە هەڵەکەیاندا بنێن و داوای لێبوردن لە خەڵک و گۆڕانخوازان بکەن. سەرئەنجام لە بەر ئەوەی بە سیغەیەکی نارون و درنگ وەخت داوای لێبوردنیان کرد دەرکران.

سەرنج بدەن عەبدولرەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بە رون و راشکاوی دەڵێت: وەزیری کۆچوکۆچبەرانی پێشوی عێراق (دکتۆر دەرباز محەمەد) دۆسیەی گەندەڵی لە سەرە، تا ئاستی ئەوەی دەتوانرا وەک وشیار زێباری متمانەی لێوەر بگیرێتەوە! بە راشکاوی دەڵێت: ئارامی شێخ محەمەد ئاگای لە دۆسیەی گەندەڵیەکەیەتی!

هەروەها ئەوەش دەڵێت: وەزیری ناوبراو لەو گەندەڵیە بەشی گۆڕانی داوە!

سەرنج بدەن چ کارەساتێکە، چ بێدەنگیەکی کوشندەیە، لەم پرسەدا ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی باسی گەندەڵی وەزیرێکی گۆڕان لە عێراق دەکات، بە ئاگاداری و شایەتی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هەروەها دەڵێت گۆڕان شەریکی گەندەڵیەکەیە!

کەچی ئەوە وتارەکەی عەبدولرەزاق شەریف بو بە رابردو، وەلێ لە نزیکەی ۱۳٠ ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و گشتی یەک کەس قسەیەکی جدی نەبوو نیە، نە رەد دەکرێتەوە، نە رونکردنەوەیەک بە خەڵک دەدرێت؟!

لەوە کارەسات بار تر نە هەڵسوڕاوێک نە دەنگدەرێک، نە پەرلەمانتارێکی کوردستان، نە عێراق قسەیەکی نیە.

ئاخر بێ دەنگی و دیزە بە دەرخۆنە کردن، پینەو پەرۆکردن، بەرنامەی گۆڕان کلتوری نەوشیروان مستەفا نەبو!

لەم پرسەدا بۆ من دو شت گرنگ بو:ـ
یەکەم: لە پرسێکی لەم جۆرەدا بەدواداچون و لێکۆڵینەوە دەبێت بکرێت بۆ خستنە روی راستیەکان بۆ هاوڵاتیان.

دوەم: هەرکات ئەندام و لایەنگرانی حیزب لە پرسە هەستیارەکان بێ دەنگ بون ئیدی بە دەستی خۆیان خەرمانی رەنجی خۆیان
دەسوتێنن


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.