ره‌حمه‌ت له ئاشتی هه‌ورامی!!!
عەبدوڵای مەلا نوری
له په‌رله‌مان ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و وزه بوم. به‌و هۆیه‌وه هه‌رزو هه‌ستمان به شكستی سیاسه‌تی نه‌وتی كرد. له‌و كاته‌دا چ له لیژنه‌كه‌ماندا، چ له ناو هۆڵی په‌رله‌ماندا، چ به نوسراوی فه‌رمی چ به زاره‌كی، چ له رێگه‌ی میدكانهوه ده‌یان جار هاوارمان ده‌كرد سیاسه‌تی نه‌وتی كاولهو ئایندهی سیاسی و ئابوری ئه‌م وڵاته ده‌خاته مه‌ترسیه‌وه. به پرۆژه داوامان ده‌كرد پێداچونه‌وه به سیاسه‌تی نه‌وتیدا بكرێت و وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان له جانتاكه‌ی ئاشتی هه‌ورامیه‌وه بكرێت به دامهزاوهیهكی نیشتیمانی و له ژێر چاو‌دێر په‌رله‌ماندا كاره‌كانی بكات....
به‌ڵام به داخه‌وه له‌و كاته‌دا جگه له به‌شه‌كه‌ی پارتی له كادری حزبی و میدیاكارو وه‌زیرو په‌رله‌مانتاره‌كانیان و سه‌رۆك حزب و سه‌رۆكی حكومه‌ته‌كه‌یان، له پاڵ ئه‌مانه‌شدا زۆربه‌ی زۆری ده‌ستڕۆیشتوه‌كانی ناو یه‌كێتی، به نمونه‌ی عیماد ئه‌حمه‌د كه ئه‌و كات جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت بو، هه‌روه‌ها له ناو په‌رله‌مانیشدا نزیكه‌ی هه‌مو په‌رله‌مانتاره‌كانی یه‌كێتی و، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی حسك و به‌شێك له په‌رله‌مانتارانی پێكهاته‌كانی تر دیفاعی كوێرانه‌و سه‌رسه‌ختانه‌یان له سیاسه‌تی شاره‌وه‌ی نه‌وت و دزینی داهاته‌كه‌ی ده‌كرد.
بیرمه زۆر قسه‌م له سه‌ر دزینی نه‌وت ده‌كرد، له سه‌ر خراپی گرێبه‌سته نه‌وتیه‌كان ده‌كرد، له سه‌ر رێكه‌وتنه په‌نجا ساڵیه‌كه‌ی پارتی و توركیا، ئا له‌و كاته‌دا زۆرێك پێیان وابو قسه‌كانی ئێمه خزمه‌ت به دوژمن ده‌كات، زۆرێكی تریش پێیان وابو بۆ خۆده‌رخستنه.
ئێستا كه وڵات له قه‌یرانی قوڵدایه، كه خه‌ڵكی كوردستان باجی سیاسه‌تی نهوتخۆرهكان ده‌ده‌ن، هه‌ندێ راستی هه‌یه ده‌بێت بوترێت، ئه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌ی به‌م رۆژه گه‌یاند ته‌نها ئاشتی نه‌بو، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ش بون كه له ناو په‌رله‌مان و له ناو حكومه‌ت و له ناو حیزبه‌كاندا به راسته‌خۆ و به ناڕاسته‌وخۆ دیفاعیان له ئاشتی ده‌كرد.
راستیه‌كی تریش ئه‌وه‌یه، له‌م پرسه‌دا زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان تاوانباران، بیرمان نه‌چێت پاش چوار ساڵ له ده‌نگه‌ده‌نگی ئێمه له په‌رله‌ماندا، پاش ته‌پڵلێدان و شه‌ڕه‌شه‌ق و شه‌ڕه ده‌به‌و ته‌نانه‌ت پهراسوشكان و مانگرتنی شه‌وانمان له ناو په‌رله‌ماندا، به‌ڵام كه هه‌ڵبژاردن كرا دیسان زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان به پارتی و یه‌كێتی دایه‌وه. كه ئه‌مه‌ی ئێستا به‌رهه‌مه‌كه‌یه‌تی.
راستیه‌كی زۆر تاڵی تریش هه‌یه‌و ده‌بێ بوترێت، دۆخی خراپی ئابوری ئێستا پێشبینی باشبونی لێ ناكرێت، به‌ڵكو پێشبینی زیاتر خراپ بونی لێ ده‌كرێت، چونكه هێشتا سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی نه‌وتی و دزی و راوڕوت له‌و بواره‌دا هه‌ر به‌رده‌وامه، وه كۆمپانیاكانی حزب و به‌رپرسانی حزب له‌م قه‌یرانه دارایه‌دا نه‌ك زیانیان پێ نه‌گه‌یشتوه به‌ڵكو قازانجه‌كانیان زیادی كردووه، هه‌روه‌ها له‌م كاته‌دا ئه‌وانه‌ی كه له حكومه‌تدان به تایبه‌ت براده‌رانی یه‌كێتی هه‌روه‌ك جاری جارن بێ هه‌ڵوێستن (ئیدی نازانم بۆ)، براده‌رانی یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵیش شتێكی ئه‌وتۆیان پێ ناكرێت.
بۆیه ئه‌گه‌ر له ئێستاشدا سنورێك دانه‌نرێت بۆ ئه‌و هه‌ڵانه‌ی سیاسه‌تی نه‌وتی، بۆ ئه‌و دزی و راوڕوتانهی كه له‌و بواره‌دا ده‌كرێت، ئه‌وا دڵنیابن بری قه‌رزه وههمیهكانی سه‌رشانی حكومه‌ت زۆر زیاتر ده‌بن، به‌مه‌ش رۆژێك دێت ده‌بێت كه‌لوپه‌لی ماڵه‌كانیشمان بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی نه‌وت بفرۆشین، ئه‌و كات ره‌حمه‌ت بۆ ئاشتی هه‌ورامی ده‌نێرین، كه زوتر پرۆژه‌ی بۆ فرۆشتنی خاكی كوردستان و كێڵگه نه‌وتیه‌كانی هه‌بو!!!
PM:10:10:27/12/2016
ئه‌م بابه‌ته 8711
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی