‌پرسی شەرعیەت لە حکومڕانیدا؛ سەرۆکی حکومەت‌و جێگرەکەی بە نمونە
PM:04:31:16/11/2017
د.محەمەد عەلی


لەوەتەی بابەتی شەرعیەت‌‌و بێتوانایی‌و شکستی کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێم سەری هەڵداوە، ژمارەیەک میدیا‌‌و سیاسی‌‌و چاودێری سیاسی، مامەڵەکردنی هەرێمی‌‌و نێودەوڵەتی‌‌و سەردانەکان‌‌و ناوهێنانی سەرۆکی حکومەت‌و جێگرەکەی لەنامەی ئیدارەی ئەمریکیدا‌، دەکەنە بیانو یان پاساو هێنانەوە بۆ مانەوەی ئەم دوبەڕێزە لە پۆستەکەنیاندا. تەنانەت ئەم پاساوانە بۆ شاردنەوەو پەردەپۆشکردنی شکستە بێشومارەکانی سەرۆک وەزیران‌و جێگرەکەی بەکاردەهێنن. بەڵام ئایا سەرچاوەکانی شەرعیەت کامانەن لە حکومڕانیدا؟ ئایا سیستمی سیاسی ‌و فەرمانڕەواکانی، شەرعیەت لە ناوخۆ وەردەگرن یان لە دەرەوە؟

شەرعیەت (ڕەوایەتی) پێگەی سەرەکی دامەزراندن‌‌و کارکردنی هەر سیستمێکی سیاسی‌ و حکومڕانییە. شەرعیەت Legitimacy وشەیەکی لاتینیەو مەبەست لێی یاسایی بوونی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنە ‌و ئاماژەیە بۆ شەرعیەتی یاسایی، سیاسی‌و رەوایەتی بە پێی ستاندەرە ناوخۆییەکان. شەرعیەت‌ و دەسەڵات Authority دوو چەمکی گرێدراون‌‌و ماکس ڤیبەر سێ جۆر لە دەسەڵات جیادەکاتەوە: تەقلیدی، کاریزمی‌‌و یاسایی (عەقڵانی و دامەزراوەیی). ئەمەی سێیەمیان پەیوەندی بەباتەکەی ئێمەوە هەیە، چونکە ئەگەر بمانەوێت قسە لەسەر حکومەتێکی دیموکرات‌و پێشکەوتوو بکەیەن، ناکرێت باس لە شەرعیەت‌‌و دەسەڵاتی تەقلیدی‌‌و کاریزمی بکەین. ئەگەر ئەم دوانەمان قبوڵە بۆ حکومڕانی، ئەوا دەبێت هەرسێ دەسەڵاتی تەشریعی، جێبەجێکردن‌ و دادوەری هەڵوەشێنینەوە یان ڕۆڵێکی لاوەکی‌‌و روکەشان هەبێت. هاوکات یاساکان بکەینە دەرەوە لە پرۆسەی حکومڕانی هەرێمەوە.

کەواتە شەرعیەت‌‌و دەسەڵاتی یاسایی (حکومڕان) پێویستیان بە هەڵبژاردن‌‌و دەنگدان‌‌و پشتگیری هاوڵاتیان (حکومکراو) هەیە، لەلایەك‌ و لەلاکەی دیکەوە، کارکردنی بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی ناوخۆی وڵات. بەکورتی ئەوەی چارەنوس‌‌و شەرعی بوون‌‌و نەبوونی دەسەڵاتێك دیاری دەکات، فاکتەرە ناوخۆییەکانن نەک دەرەکیەکان.
بەهەمو پێوەرەکان‌و داتاو زانیاریەکان‌و ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان، کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێم شکستێکی گەورەی هێناوە لە زۆربەی بوارەکاندا. زەقترینیان کارنامەی ئابوری سەربەخۆی کابینەی هەشت بو کە هەرێمی توشی کارەساتی گەورەکردوە. سەرۆک وەزیران‌و جێگرەکەی متمانەی هاوڵاتیانی هەرێمیان نەماوە بۆ حکومڕانی‌و هاوکات هەستی لێپرسراویەتیان لەدەستداوە بەرامبەر بەم هەمو قەیرانانە.

لە دەرەنجامدا، ئەگەر باوەڕمان بە دیموکراسی‌‌و سەروەری یاسا‌و دامەزراوەکان (دەسەڵاتی عەقڵانی‌و یاسایی) هەیە، کەواتە ڕازیبون‌و متمانەی هاوڵاتیانی هەرێم‌‌و سەرکەوتن لە پرۆسەی حکومڕانیدا،  زامنی مانەوەی سەرۆک وەزیران‌و جێگرەکەیەتی لە پۆستەکانیاندا، نەوەک پشتگیری دەرەکی‌‌و بەشداری لە کۆنفراس‌‌و کۆڕبەندی هەرێمی‌‌و نێودەوڵەتیدا، وەک چۆن هەندێ لە میدیای بەناو پرۆفیشناڵ ‌و سیاسی بەناو بە ئەزمون بانگەشەی بۆ دەکەن!



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.