کێ لە بارەى چییەوە قسە دەکات

‌ئەرسەلان ڕەحمان

هەڵبژاردنى میوان بۆ تەوەرى بەرنامەى میدیایى و بابەتەکانى گفتوگۆى رۆژنامەوانى هونەرێکى ورد و گرنگى پرۆسەى ئەنجامدانى گفتوگۆى رۆژنامەوانییە. گرنگە میدیاکار بەو پەڕى وردییەوە کار لە سەر هەڵبژاردنى میوانەکانى و کەسیى شیاو بۆ تەوەر و بابەتە میدیاییەکەى بکات، کە دەیەوێت قسەى لە بارەوە بکات.

جێى نەنگییە کەم تا زۆرێک لە شاشە کوردییەکان رەنگە رەچاوى وردەکارییەکانى هەڵبژاردنى میوان بۆ پرس و بابەتە گرنگ و هەستیارەکان نەکرێت.

بەشێکیان لەسەر بنەماى لاساییکردنەوەى یەکدى، بەشێکیشیان لەسەر بنەماى پڕکردنەوەى بۆشایى بڕیار دەدەن و رەنگە ناسیاوى و هاوڕێیەتیش رۆڵى گرنگیان هەبێت، ئێستا بابەتى سۆشیال میدیاشى هاتووەتە سەر. تا رادەیەکى زۆر سۆشیال میدیا راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەرى لەسەر دەستنیشانکردنى میوانى شاشەکان هەیە.

رەنگە بەشێکى هۆکارەکەش ئەکتیڤکردنى پەیج، کۆکردنەوەى لایک و کۆمێنت و درووستکردنى فەزایەکى ناجێگیر بێت بۆ ئەوەى هەرچى زیاترە کەناڵەکە ببێتە جێى قسە و باسى بەکارهێنەرانى فەیسبووک و ئینستاگرام.

لە چەند رۆژى رابردوودا، بینیمان بۆ قسەکردن لەسەر کۆرۆنا لە برى میوانداریکردنى کەسانى پسپۆڕو شارەزاى پزیشکى و تایبەتمەند بە نەخۆشییە گواستراوەکان و پەتا یان کەسانى رێگەپێدراو لە لایەن وەزارەتى تەندرووستییەوە، کەناڵى شوێنکەوتەى فەیسبووک میواندارى خاوەن گوتارێکى سەلەفیانەى ئەوتۆى کردبوو، کە نەک هەر نەگونجاو بوو بۆ قسەکردن لەسەر بابەتەکە، تەنانەت بۆ پرسە شەرعییەکان و روونکردنەوەى بنەما ئاینییەکانیش زۆرینەى خەڵکى موسڵمانى کورد هاوکۆک و تەبا نین لەگەڵ گوتارەکەى.

ئەم جۆرە پەلکێشکردنە و دەستبارگرتنەى خاوەنانى گوتارى سەلەفیەت بۆ کۆى فەزا رۆشنبیرى، هونەرى، پزیشکى و ژیارییەکانى کۆمەڵگە زەمینەى لە بارى بۆیان رەخساندووە تا ئەو جۆرە کەسانە فۆرمێکى دیاریکراو و گوتارێکى ئاینی خەلیجیانە بە باڵاى کایەى دیندارى هەرێمدا بدوورن و سیماى رەوتى ئایندارى کوردەوارى بشێوێنن.

کاتێک کەناڵ گوتارێکى پەڕگیر و ناباوى ئایندارى دەکاتە پرسێکى گشتى، سیمبوڵەکانى پەلکێش دەکات بۆ ئەوەى بواریان هەبێت لە هەموو کایەیەک قسەى خۆیان بکات، ئیدى دەبێت چ ئومێدێکت بە کەناڵەکە و ئەجێنداکەى هەبێت بتوانێت لە خزمەتى هۆشیارى خەڵک و بەرزکردنەوەى ئاستى رۆشنبیرى گشتییدا بێت.

ئەمە دەریدەخات ئەجێنداى ئەو کەناڵانە وابەستەى مەیلى فەزاى ناجێگر و ئاڵۆزى فەیسبووکە. خۆى لە ئاستێکى مەعریفى و زانستى و پیشەیی بوونى میدیاییدا نییە. تواناى نییە خۆى بە پێوە رابگرێت، ئەرکە میدیاییەکانى جێبەجێ بکات. لە باشترین دۆخیدا شوێنکەوتەى فەیسبووکە و پەیامەکەشى بارتەقاى ئەوە نییە ببێتە جێى بایەخى وەرگر، بۆیە ناچارە بۆ ئەوەى بمێنێتەوە دەست بۆ پووش و پەڵاشیش بەرێت.


PM:12:40:01/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 2912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی