بۆ مه‌رگی سه‌روین لۆمەی کێ بکەین؟

‌شنیار ئەنوەر

 لە ٢٢/١٢/٢٠١٦ تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پڕبوو لە وێنەو نوسین دەربارەی مەرگی گوماناوی کچێکی ٢١ ساڵ بەناوی سەروین نۆبەدار.
خەڵکێکی زۆر لەبارەی ئەمەوە نوسی، تەنانەت ھەندێکیان بەخێرای پەنجەی تۆمەتیان بۆ ئەندامانی خێزانەکەی سەروین ڕاکێشا، بەتایبەت باوکی.
شوێنی ڕوداوەکەو، لێدوانە دژ بەیەکەکانی پۆلیسی مێرگەسور، وەنەبونی پرۆسەی لێکۆڵینەوەی خاوێن لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە لەڕابردودا بووەھۆی دابەشکردنی خەڵکی کوردستان لەسەر ئەم کەیسە.
بابەتەکە ئێستا بەسیاسی بووە، کەبەڕای من شتێکی خراپ نیە، لەبەرەوەی لەکوردستان هیچ پرسێك نابێتە جێگەی سەرنجی میدیا، وە حوکمەت بەئاگا ناھێنێت ھەتا بەسیاسی نەکرێت.
لەڕاستیشدا ئەم بابەتە ڕیشەکەی لەسیستەمی سیاسی ئەم وڵاتەدایه‌. لەگەڵ ئەوەشدا دیبەتەکە نابێت دەربارەی یەک ڕووداوی دیاریکراو بێت، بەڵکو لەسەر ڕۆڵی خراپی حکومەت لەزیادکردنی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز ئەویش بەھێشتنەوەو، بەھێزکردنی ڕێسا خێڵەکییەکان کەمافی ژن پێشێل دەکات.

سەروین نۆبەدار، خەڵکی شارۆکەی بلێی سەربەناوچەی بارزانە. سەروین خوێندکاری زانکۆی عیشق بووە لە ھەولێر. خێزانەکەی سەروین تاڕادەیەک موحافزکارن و لەڕوی ئابوری و کۆمەڵایەتیشەوە ئاستێکی مام ناوەندیان ھەیە، خێزانەکەی بەشێکە لە عەشیرەتی بارزانیەکان، کەئەمە وادەکات کەیسەکەی ھێندەی تر ھەستیاربێت.
بەپێی ھەندێک لەو ڕاپۆرتانە، سەروین لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ کوڕێکدا کە ناسنامەکەی نادیارە، بەڵام ھەندێک لەسەرچاوەکان باس لەوەدەکەن کە پێناچێت کوڕەکە لەھەمان کاستی کۆمەڵایەتی خێزانەکەی سەروین بوبێت. باسیش لەوەدەکرێت کەئەم کوڕە چەندین جار داوای سەروینی کردووە، بەڵام باوکی سەروین ڕازی نەبووه‌ و ڕه‌تیكردۆته‌وه‌.

 لە ١٥/١٢/٢٠١٦ سه‌روین گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی تایبەتمەند بە سوتاوی لە ھەولێر چونکە %٩٠ جەستەی سوتابوو. ھەندێک ڕاپۆرتی سەرەتای ئەوەیان بڵاوکردەوە کە باوکی ئاگری تێبەرداوە، بەڵام برایەکی کەلەماڵەوە بووە ھەوڵی داوە باوکی بوەستێنێ و ئاگرەکە بکوژێنێتەوە، بەڵام ئەویش بەشێک لە جەستەی سوتاوە. ھەندێک سەرچاوەی تریش وەک پۆلیس شتی جیاوازتری وت.
پۆلیسی مێرگەسور سەرەتا وتی "ڕوداوی سوتانەکە بەھۆی گڕگرتنی بەنزینی مۆلیدەوە بووە لەماڵەکەدا".
بەڵام تازەترین لێدوان وتەی برایەکی سەروین بو بۆ کەناڵی کوردستان ٢٤ سەربە مەسرور بارزانی، لەلێدوانەکەدا ئەو ئەڵێت "سەروین خۆی خۆی سوتاندوە". کەیسەکەی ئێستا بووە بە کەیسی خۆسوتاندن. ئەوە باگراوندێک بو لەسەر کەیسەکەی سەروین، بەڵام ئەوەی من ئەمەوێت قسەی لەسەر بکەم ھۆکارە ڕیشەییەکانی زیادبونی توندوتیژیە لەسەر بنەمای ڕەگەز وە کەیسەکەی سەروینم وەک نمونەیەک وەرگرتوە.

 ئەگەر ئێمە قسەکەی براکەی سەروین بکەین بە بنەمای نوسینه‌كه‌ ئەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کەئەمە کەیسێکی توندوتیژیە لەسەر بنەمای جێندەر، وە ئەم کچە لەژێر فشارێکی دەرونی و کۆمەڵایەتییە خۆی سوتاندووە ئەگینا کچێکی خوێندەواری زانکۆ دەبێت لەژێر چ فشارێکی ترە پەنا بۆخۆکوشتن ببات؟!

ناوچەی بارزان کە کۆمەڵگەیەکی داخراوە، کۆمەڵێک عادەتی خێڵەکی حوکمی ناوچەکە ئەکەن نەک حکومەت، بۆ نمونە بارزانییەکان ژینگە دۆستن و سروشتەکەی خۆیانیان زۆر خۆشدەوێت. ڕاوکردن و بڕینەوەی دار بەھەمو شێوەیەک قەدەغەیە، سزای توندیش بۆ ئەوکەسانە ھەیە کە لە مەلا بدەن. لە پرسە کۆمەڵڵایەتیەکانیشدا ڕێسا خێڵەکییەکان زاڵە بەسەر یاسا مەدەنییەکاندا.
ژمارەیەک سەرۆک عەشیرەت شێڵتەری تایبەت بەخۆیانیان ھەیە کە بونەتە لانەیەک بۆ زۆر لە کوڕ و کچ کە ڕەدوئەکەون و ڕووبەڕووی ھەڕەشەی کەس و کاریان ئەبنەوە لە ناوچەکانی تری کوردستان.
ئەم سەرۆک عەشیرەتانە بەشێوەیەکی وا ئەیان پارێزن کە ھیچ كەس ناتوانێت دەستبخاته‌ کاروباریان، تەنانەت حکومەتیش.
 کە ئەمانە شتانی خراپ نین، بەڵام ھەر ئەم ڕێسا خێڵەکیانە ڕویەکی تاریکیشیان ھەیە.

 بارزانییەکان دابەش بوون بەسەر شێخەکان و "مسکێنەکان " یان ھەندێک جار بە " میللەتیش" ناوئه‌برێن. شێخەکان لەڕووی کۆمەڵایەتی و دیننیەوە بە کاستێکی بەرز ئەژماردەکرێن لەکاتێکدا گروپەکەی تر لەخوار ئەمانەوەن.
ھەروەھا عەشیرەتی بارزانی بەڕووی خۆیانە داخراون و عەشیرەتەکانی تر بە ئاستی خۆیان نابینن. بۆیە کوڕان و کچانی بارزانی ئەبێت بەرلەوەی پەیوەندی سۆزداری دروستبکەن ئەم ڕێسا خێڵەکییانەیان لەبەرچاوبێت، بۆ نمونە کچێکی شێخەکانی بارزان ڕێگەی پێنادرێت ھاوسەرگیری لەگەڵ کوڕێکی چینی خوارەوەبکات. ھاوسەرگیریکردن لەگەڵ کوڕی عەشیرەتێکی تر ئێجگار سەخترە، بەڵام پیاوانی چینی شێخەکان ئەتوانن ھەرکچێک کە بیانەوێت ھاوسەرگیری لەگەڵدا بکەن، تەنانەت کچی عەشیرەتەکانی تریش، بەڵام ئامۆژگاری ئەکرێن کە کچی چینەکەی خۆیان بێنن. بۆیە سەروین و ئەودەنگە نەبیستراوانەی تر لەم ناوچەیە ئەکرێ ببنە قوربانی ئەم ڕێسا خێڵەکیانە کە لادان لێیان ئەستەمە.

ئەم ڕێسا خێڵەکیانە کاریگەری ھەبووە بەسەر دونیا بینی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربارەی پرسی ژنان، چونکە خێزانێکی کاریگەری بارزانی لەچینی شێخەکانى بارزان سیاسەتی پارتی دادەڕێژێت.
ھەربۆیە بەدەگمەن ژنانی بارزانی لە بۆنە گشتییەکاندا ئەبینی وە زانیاری زۆرکەمیش دەربارەیان ھەیە. ئێمە ھەتاوەکو ئێستانە نه‌ خانمی یەکەمی کوردوستان و نەکچی یەکەمی کوردستانمان بینیوە، بەڵام ھەر ناوە ناوەیەک فیگەرێکی پیاوی بارزانی بەدیاردەکەوێت و دەھێنرێتە پێشی شاشەکان.
زۆر ژن کوژران، زۆر ژن خۆی سوتاند، قوربانیانی توندوتیژی لەسەربنەمای ڕەگەز لەبەرزبونەوەدایە، بەڵام لەماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا من نەم بینی مەسعود بارزانی ڕاستەوخۆ بێتە سەر شاشە و لەسەر کوشتنی ژن یان ئەوەی کە پێی ئەوترێت کوشتنی شەرەف بە جدی قسەبکات، بێجگە لەھەندێک بەیاننامەی گشتی شتێكی جدی نه‌كردووه‌ بۆ پرسی ژنان. بەپێچەوانەوە بارزانی بەدەرکردنی لێبوردنی گشتی ڕێگەی خۆشکردووە بۆ ئازادکردنی بکوژانی ژن و تاوانبارانی کەیسەکانی توندوتیژی لەسەربنەمای ڕەگەز.

ئەم ڕێساخێڵەکیانە تەنھا تایبەت نیە بە بارزانییەکانەوە، بەڵکو چەندین عەشیرەتی تر لەتەواوی کوردستان ھەمان شت دەکەن. بۆ بەدەستھێنانی پشتگیری ئەم عەشیرەتانە لە ڕابردو،‌ لە ئێستاشدا پارتی و یەکێتی بەردەوامن لەپاراستنیان، بەڵام ئەو عەشیرەتانەی تر بەوڕادەیە بەھێزنین کە نەتوانرێت فشاری گەورەیان لێبکرێت و ملکەچ بکرێن بۆ یاسا.
ھەرەوەھا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش توانیویانە گۆڕانکاری کۆمەڵڵایەتی بکەن لە بەرژەوەندی مافەکانی ژنان، زۆرێک لە تۆمەتبارانی کەیسەکانی ژنان ڕاپێچی دادگا بکەن، بەڵام مەخابن ڕێکخراوەکان ئەودەرفەتەیان نەڕەخساندووە لە ناوچە دورەدەستەکان لەسەر پرسی ژنان زیاتر کاربکەن، ھەرچەندە لەناوچەیەک وەک دەڤەری بارزان کارکردنی ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی تر لەمپەری گەورەی لەبەردەمدایە تا ڕادەی مەحاڵ بوون.

 تا ئەوکاتەی ئێمە لە ڕیشەی کێشەکان تێنەگەین، ئەوە بەردەوام ئەبین لەژماردنی مەرگی چەندان ژنی تر و بڵاوکردنەوەی ئامار لەسەرقوربانیانی توندوتیژی دژ بە مێیینە.
ھەواڵە خراپەکە ئەوەیە کە ئێمە نابێت ھیچ ھیوایەکمان بەم سیستەمە سیاسیەی ئێستا ھەبێت، چونکە ئەم سیستەمە خۆی پەرە بە ڕێسا خێڵەکیانە ئەدات و لێبوردنیش بۆ بکوژانی ژن دەرئەکات.
لەبەرئەوە کەیسەکەی سەروین کەیسێکی سیاسیشە و ئەبێت دیبەیتەکەش سیاسی بێت نەک بەتەنیا پرسێکی ژنان.
 *توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌ و خاوه‌ن بروانامه‌ی ماستەره‌ لە کۆمەڵناسی


PM:04:27:26/12/2016

ئه‌م بابه‌ته 4429 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی