پاڵتۆکەم نەلێمونبوەو نەلێمدزراوە!

‌بڕوا به‌رزنجی‌

بەڕێز ئەکاکی ئەکاکایڤیچ، کارەکتەری سەرەکی چیرۆکە بەناوبانگەکەی نیکۆلای گۆگۆل_ە چیرۆکی - پاڵتۆ-. کە یەکێک لەبەناوبانگترین چیرۆکەکانی ئەدەبیاتی ڕوسیشە. ئەکاکی پاڵتۆیەکی کۆنی هەیە، وەک کۆنی حکومەتە کۆمۆنیستیەکەی، ڕزاو و بێکەڵک. لە کۆتایدا لێیدەدزرێت هەرچی دەکات ناتوانێت بچێت شکات بکات ، چونکە ئەگەری زۆرە خۆی تێیدا تاوانباردەرچێت. دەبێت بەڵگەو دۆکیۆمێنتی هەبێت کە پاڵتۆکە هی ئەوەو لێیشی دزراوە.

دەرئەنجام بە یارمەتی هاوڕێ و خێرەومەندان چاکەتێکی نوێی لە پێستی پشیلە کڕی، بەڵام دەیشیزانی چاکەتە نوێکەیشی هەر بەقەد چاکەتە کۆنەکەی باشە.

ئەم چیرۆکە پێشبینی و وێناکردنی ئەدەبیاتی ڕوسی بوو لە داوەشینی حکومڕانی کۆمۆنیزم و هەروەک تێگەیشتن لەوەی لەو ژینگەدا حکومڕانی وسیستەمی نوێ لە کۆنەکە خراپترنەبێت باشترنابێت.

من و تۆی ئینسانی کورد، بە ئاسانی خۆمان لەوەها دۆخێک و خراپتریش دەبینینەوە.
من و تۆیش بەدیوێکدا پاڵتۆکەمان، کە هەموو مافەکانمانە لەو نیشتیمانەدا لێدزراوە، تۆ دەزانیت کێ سەروەت و سامانی دزیوە، بەڵام بڕۆ ناوی دزێک بێنەو شکات بکە، ئایا دادگا بەبیانوی نەبونی بەڵگەی سەلمێنەر چەند ساڵ دەتکاتە ژورەوە.

دیوێکیتری پاڵتۆکەی من و تۆیش حکومەت و حکومڕانییەکەیە ، کە داڕزاوە. لەو ژینگە سیاسییەی لە چەند دەیەیی ڕابردو تا ئێستا دروستکراوە، هەر حکومەتێک بێت یان بڕوات هەر هەستی پاڵتۆ کۆنەکەمان هەیە. ڕازین بە پاڵتۆ تازەکە، نەک لەبەر ئەوەی تازەیە، بەڵکو لەبەرئەوەی ناتوانین لای پۆلیس و حاکم بڵێین پاڵتۆکەمان دزراوە، پاڵتۆی مافەکان و ژیانمان.یاسا دۆکیۆمێنتی سەلمێنەری لە من و تۆ دەوێت، بەس لە سەروەت   و سامان و دەسەڵاتی ڕەهایی شۆڕگێڕە پاتە لە پێکانی دوێنێ نەخێر. بۆیە من لێرەدا و ڕو لە جەنابی یاسا و داواکاری گشتی دەڵێم: من نە پاڵتۆکەم لێ ونبوەو نەلێم دزراوە. بەڵام پاڵتۆکەمان ڕزیوە، زۆر ڕزیوە جەنابی حاکم!


PM:09:50:18/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 4786 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی