دارۆی خاک و خۆشەویستی
نهرمین عوسمان
ئێستا شازدە ساڵی تەواو بەسەر کۆچتدا تێپەڕ دەبێ، شازدە ساڵ ھێندە ئازارەکانی زۆرە، وەک گاسن ناخم دەکێڵێ.
دارۆ گیان تۆ پیاو و مرۆڤێکی وا بوویت ھەر زۆر زوو دڵ و عەشقی منت کێش کرد، نیگای رۆژانی زانکۆت، خاکێتی و مرۆبوونت، سەر راستی و ئەوینی راستت، دڵسۆزیت بۆ خاک و پێشمەرگە و وەستانەوەت دژی ستەم و زۆرداری، گەورەیی نواندنت لە ئاست خزم و کەسوکار، بەتەنگەوەبوونت بۆ ھەمووان، ھەوێن و ھۆکاری عەشق و دڵنەواییم بوون.
دارۆی من و ھەمووان، شازدە ساڵە بێ تۆم، بەس دڵ لە دڵ مەدە، نەک لای من، بگرە لای ھەمووان ھێشتر ھەیت و لامانی.
تۆ دڵی منت پڕ کرد لە عەشق، دڵی ھاوڕی و ئارام و نارینت پڕ کرد لە دڵسۆزی و رێزگرتن و خاکەڕایی و خۆشەویستی بۆ کوردستان، تۆ ھێندە بێ وێنە بووی، ھەمیشە ئەڵێم بۆ لەم سەر زەمینە ھەر یەک دارۆ ھەبوو.
دارۆی من، ئازیزە بێ وێنەکەم
شازدە ساڵە تۆ ھەر بە جەستە لێم دووری، دەنا خۆشت ئەزانی بە ھەموو ھەست و ھۆش و رۆح و ژیانمەوە لاتم و لات ئەبم.
تۆ رۆیشی، بەڵام زۆر شتت بۆ بەجێھێشتم، وەفا و راستگۆیی، ئەوین و جوانی، منداڵە نازدارەکانمان، ھاوە و ئارەکۆ و نارە گوڵی، تۆ ئەزانی بە تۆ و ئەوان چەند ئاسوودەم. ئەزانی لە دووری تۆ دوو کوڕ و تاقانە کچەکەمان چەند حەیرانی تۆن و نازی منیش ئەکەن.
بنوو دارۆکەم، دارۆی عەشق و خەندە و جوانی، چۆن زوو جێتھێشتم، چۆن زوو بێ نازت کردم، بەس من ھەر وەکو سەردەمی پێکەوەبوونمان بۆ تۆ و منداڵەکانمان ئەژیم.
ھەم عاشقتم وەکو سەردەمی پێکەوەبوونمان، ھەمیش بیرت ئەکەم چوون باڵندەیەکی باڵشکاو.
AM:11:30:31/05/2020
ئهم بابهته 1872
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی