لەبارەی ریفراندۆمەوە (دەبێ شکستەکانمان بە شکست ببینین)

‌کاوێز مەلا پەروێز

ریفراندۆم و شانزەی ئۆکتۆبەر دوو رووداون کۆمەڵگەی کوردییان لە باشوور دوو لەت کرد. کە لەم وتارەم بە هۆی یادی سێ ساڵەی راپرسی هەوڵ ئەدەم لە چەند گۆشەیەکەوە بابەتییانە دوور لە سۆز سەرنجەکانم تەنیا لەسەر راپرسی بخەمە روو.

 بۆ خۆم هیچ کات بۆ دروستکردنی دەوڵەت باوەڕم بە راپرسی نەبووە، یەک تەڕەفە راگەیاندنی دەوڵەت بەیاننامەیەکی بەسە، بەڵام دەبێ پێشتر هەل و مەرجی بۆ رەخسێنرابێ، رەخساندنی هەل و مەرجەکانیش دوو رێگەن، یان پشتیوانیی دەوڵەتە گەورەکانی بۆ دەستەبەر کرابێ، یان نەتەوەکەت لە رووی ئابووری و سەربازی و سیاسی بۆ ئامادە کردبێ، ئێمە هیچ زەمینەسازییەکمان بۆ ئەو ئامانجە بە ئێستاشەوە نەکردووە. بۆیە بە تەنیا راپرسیمان کرد، چونکە راپرسی بۆ دەوڵەتیش نەبوو، دیتمان زیاتر لە جاران لە بۆتەی ئێراقدا تواوینەتەوە، خۆ ئەگەر تێبینی بکرێ پێش راپرسی دەنگمان بەرامبەر ئێراق دلێر تر بوو، کەچی پاش راپرسی بۆ مووچە و پۆست زیاتر زمانمان زمانی کروزانەوە بووە.

لەبەر ئەوەی دەوڵەتمان کرد بە بەشێک لە پرۆسەی موزایەدە، وەک مێژووشمان پڕە لە شکست و هەڵهاتن هەمیشە شکستەکانمان بە دەستکەوت بەوانیتر دەفرۆشینەوە، ئەمجارەش رووداوێکی تری شکستتاویمان کردووە بە دەستکەوت و پاڵاوانێتیی خۆمان بە خۆمانی دەفرۆشینەوە. هەر وەک چۆن ساڵانە هەڵهاتنمان لە کۆڕەوی ساڵی نەوت و یەک بە شکۆدارییەوە یادی ئەکەینەوە، لە ئاستی باڵای حکومەت ساڵانە لیژنەی باڵای مەڕاسیم و یادەکانی ئازاری بۆ دروست ئەکەین! وەک چۆن ئەو ئەفسەرانەمان کردووە بە سیمبۆلی قارەمانێتیی مێژوومان کە لە چلەکانی سەدەی رابردوو خۆیان رادەستی دەوڵەتی ئێراق کردووەتەوە و بەقارەمانیان ئەشوبهێنین!

دەبێ کورد شکستەکانی وەک شکست ببینێ، وەک شکست لێی بکۆڵێتەوە، ئەوجا بە لۆژیک هۆکارەکانی شکست بابەتییانە بخاتە روو، نەک شکستی ناو تەپ و تۆزی ئەو مێژووە بە دەستکەوت بە نەوەی داهاتوو بناسێنێ، کە هەڵهاتن و خۆڕادەستکردنی لا بکرێتە خووی قارەمانێتی.

رێک دوای پرۆسەی دەنگدانمان لە راپرسی بۆ دەوڵەت و سەربەخۆیی، بە چەند مانگێک گەرمتر لە جاران بەشداریمان لە هەڵبژاردن بۆ خوولی چوارەمی پەرلەمانی ئێراق کرد، کە گەرمترین ململانێی هەڵبژاردنمان بوو، شارەکانمان بە پێی ئامارەکان رێژەی بەشداری تێدا زۆر زیاتر بوو لە بەشداری دەنگدەرانی شارە عەرەبییەکان، زیاتر لە دەنگدەری عەرەبی شارە عەرەبییەکان دەنگدەری راپرسی بۆ سەربەخۆیی لە شارە کوردستانییەکان بە جۆش و خرۆش تربوون، ئەمە هەموو چەند مانگێک دوای بەشداریمان بوو لە دەنگدان بۆ سەربەخۆیی. بۆیە هەر بەشداری و دەنگدانمان بۆ پەرلەمانی ئێراق و کێبڕکێی گەرمی هەڵبژاردن مردنی ئەو پرۆسەیەی راگەیاند کە ناومان نا بوو راپرسی بۆ سەربەخۆیی.

لەوەشدا خۆمان لە گێلیدا و گوتمان؛ ئێ بەڵکو نوێنەرانی ئەم شارانەی هەرێم کە دەچنە پەرلەمانی ئێراق، لەوێوە دەنگی سەربەخۆخوازی بن، وەلێ دیتمان شەڕ بۆ پۆستەکانی ئێراق بە گەرمی ئەکەن، ئەو پۆستانەی کە ئەرکیانە و سوێندی دەستوریشیان بۆ خوارد کە یەکپارچەییی خاکی ئێراق و ئاسمان و ئاوی بپارێزن! هێندە بێ ئومێدیشیان کردین، ئەوانەی خستە کێبڕکێی پۆستەکانەوە کە شاندی گەیاندنی پەیامی کورد بوون بۆ ئێراق کە پەیامی ماڵ جیایی بە گوێی برا عارەبەکانماندا بدەن، ئێستاش ئەو بەڕێزانە باشترین رۆڵی دیبلۆماسی بۆ خزمەتی ئێراق دبینن.

لە دوو هەزار و چواردەوە کە هەم شەڕی دەوڵەتی ئیسلامیمان ئەکرد هەم بەغا بوودجە و مووچەی بڕیبووین، هیچ جارێک کورد بە قەد دوای پرۆسەی راپرسی بۆ سەربەخۆیی لەو ئێراقە بۆ مووچە  نەکروزاوەتەوە و بۆ پۆست شەڕی نەکردووە!

پێش راپرسی کێ حەددی هەبوو لە سنوورە گومرکییەکان بای باڵی ئێراقیبوونی با بدات، نەک هەر ئەوەشمان بینی بەڵکو بە سوپاسگوزارییەوە نیوەی داهاتمان رادەستکردن، ئەوە بۆ فرۆکەخانەکانیشمان راستە دڵیشمان لەسەر مشتی دەستمانە کە نەکا فرۆکەخانەکانمان لەوە زیاتر لە لایەن ئێراقەوە کۆنترۆڵ بکرێ!

دەبێ قبوڵمان بێت و دانی پێدا بنێین بۆ دەوڵەت بە میکانزمی راپرسی شکستمان هێنا، ئەگەر دەوڵەت ئامانجە بۆ حزب و تاکەکانی ئەم هەرێم و کۆمەڵگەیە، دەبێ میکانزمی تر بگرینە بەر و بۆ ئەو ئامانجە بە کردار راستگۆ بین.
بەرئەنجام دڵسۆزیی بۆ نەتەوە و پرسی سەربەخۆیی کورد بە موزایەدە هەر ئەو ئەنجامە بە دەستەوە ئەدات کە سێ ساڵە لە بۆتەی ئێراقیبووندا ئەخوولێنەوە، بۆیە دەبێ بە ژیری لەسەر پرسی نەتەوەیی ورد بینەوە و سەرخستن و خۆشگوزەرانکردنی نەتەوەکەمان ئامانج بێت نەک کەرەسەی موزایەدە، وەک لە ساڵیادەکانی راپرسی بەری دەکەوین.


AM:11:09:24/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 4336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی