سەرکردایەتی سیاسی کورد ،کێن ؟

‌دڵشاد عەبدولڕەحمان

سەرکردایەتی سیاسی کورد ،کێن ؟
بەئیجازەی کاک نەوشیروان
ڕۆژ نیە چەندین جار لە میدیا جۆربەجۆرەکانەوە لەسەر زاری خەڵکە ئاساییەکەوە تادەگاتە کەسە سیاسی وخاوەن پلەوپۆستی حزبی وحکومی بەرزو هەروەها بە مەحشەری چاودێرو شرۆڤەکارانیشەوە ،گوێبیستی دەستەواژەی سەرکردایەتی سیاسی کورد نەبین .

بەڵام ئاخۆ کەس پرسیاری ئەوەی کردوە کێن ئەوانەی سەرکردایەتی سیاسی کورد پێک دەهێنن ؟بۆوەڵامی ئەوپرسیارە من دەگەڕێمەوە بۆ دوادیدارم لەگەڵ ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێز نەوشیروان مستەفا. کەلەڕۆژی 09/09/2015 لەبارەگای سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجاممدا ولەمیانەی کاتژمێرونیوێک ،گفت وگۆی گەرم وئاڵ وگۆڕی بیروبۆچوون لەسەر زۆربەی بابەتەگەرمەکانی ئەوێ ڕۆژێ، کە بەحەقیقەت دەبێ بڵێم من لەساڵی ۸٤ وە کەلەکۆنفرانسی سێی کۆمەڵەوە کاک نەوشیروانم ناسیوەتا ئەودیدارە هیچ کاتێک چاوپێکەوتن وسەردانەکانی من بۆلای بەڕێزیان سەردانی مجامەلەو ئاسایی نەبوە بەڵکو هەمیشە بۆ گفت وگۆی ڕاشکاوانەو بێ ڕتووش بوە و سەرەڕای جیاوازی بیرو بۆچونمان لەسەر هەندێ لەوبابەتە باسکراوانە.

 بەڵام هەمیشە دوای سەردان ودیدارەکان پێگەی بەڕێزیان لای من زیاتر وسەنگینتر بوە ،بگەڕێمەوە ئەسڵی مەقسەد لەودیدارەی دواییدا کاک نەوشیروان گێڕایەوەو گوتی (جارێک بەرپرسێکی باڵا گلەیی لێکردم ووتویەتی کاک نەوشیروان تۆ هەمیشە کۆمەڵێک ڕەخنەمان لێدەگری کەمن خۆم بە موستەحەقی ئەو ڕەخنانە نازانم ،منیش پێم ووتوە فڵانی کوا لەکوێ ولەلای کێ من ڕەخنەم لەتۆ گرتوە ؟ئەویش ووتویەتی بێ قەزابی ڕۆژ نیە ڕەخنە لەسەرکردایەتی سیاسی کورد نەگری ئاخر هەموومان وەک یەک نین ؟منیش ووتومە خۆناشێ تۆ خۆت بەیەکێک لەسەرکردایەتی سیاسی کورد بزانی ؟

تەنێ مام جەلال وکاک مەسعود سەرکردەی سیاسی کوردن و سەرکردایەتی سیاسی کوردستان هەر ئەو دوو جوامێرەن )ئەوەی نێوان کەوانەکان دەقی گێڕانەوەی قسەکانی بەڕێز کاک نەوشیروانە .منیش گوتم کەوابێ ئێستا کەبەداخەوە جەنابی مام جەلال لەگۆڕەپانی سیاسی دوورە ،بەڕێزت وجەنابی کاک مەسعودن ئەو سەرکردایەتیە پێک دێنن .

ئیتر نازانم گەلۆ ئایا بەهەق ئەو پرسیارە کەکێن ئەوانەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان پێک دەهێنن پرسیارێکی ڕەوانیە ؟من پێم وایە وەڵامدانەوەی ئەوپرسیارە دەبێتە هەوێن وکلیل ودەلاقەیەک بۆ چارەسەری کێشە سیاسیەکانی ئەمڕۆ .


PM:08:31:15/12/2016

ئه‌م بابه‌ته 10121 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی