کوڕەکانی ئیمام!

‌هونەر تۆفیق

لەپاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران ١٩٧٩، ڕوخاندنی حکومەتی شاهەنشاهی ئێران، خومەینی بانگەواز بۆ دامەزراندنی هێزی پارێزگاری لەشۆرش ( سوپای پاسداران ) دەکات. بەپێ ی مادەی ١٥٠ لە دەستوری ئێران، پاسداران دەبەسترێتەوە بە سوپای ئێرانەوە . لەهەمان ساڵدا خومەینی بانگەوازێکی تر دەکات بۆ دروستکردنی هێزێکی تری خۆبەخش ( بەسیج) بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دامودەزگاکانی حکومەت و کەسایەتیە ئایینیەکان بکەن.

لەسەرەتادا ئەو دوو هێزە لە ناوچەکانی کوردستان و بەلوجستان لەگەڵ کورد و بەلوجیەکان کەوتنە شەڕەوە . دواتر کە جەنگی عێراق - ئێران هەڵگیرسا، پاسداران و بەسیج بوونە هێزی سەرەکی ئێران لەو جەنگەدا ، ڕاستەوخۆ بەسترانەوە بە کەسی ئیمام ( وەلی فەقی )ەوە.

پێکهاتەی سوپای پاسداران:
پاسداران پێکهاتووە لە پێنج هێزی سەرەکی ، حسەین سەلامی سەرکردایەتیان دەکات
هێزی زەمینی  ، محەمەد پاک پور فەرمانداری دەکات.
هێزی ئاسمانی  ، ئەمیر عەلی حاج زادە فەرمانداری دەکات.
هێزی دەریایی ، عەلی فدوی فەرمانداری دەکات.
فەیلەقی قودس ، تایبەت بە دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل قائانی فەرمانداری دەکات.
هێزی بەسیج ، غوڵام ڕەزا سلێمانی فەرمانداری دەکات.

ئەم هێزانە لە سەردەمی جەنگی عێراق - ئێرانەوە ، دابەشبوون بەسەر چەند قەرارگا  (مرکز قیادە) یەکدا کە گرنگترینیان قەراگاکانی : خاتەم ئەنبیا ، ئیمام عەلی ، کەربەلا ، ڕەمەزان ، حەمزە ، فەتح بوون . زۆربەیان لە شارەکانی سنووری نێوان عێراق - ئێران جێگیربوون . هەر قەراگایەک چەند لەشکرێکی پێوە بەستراوە ، لەوانە لەشکرەکانی :نەسر ، ئیمام ڕەزا ، ساروڵا ، مەهدی ، عاشورا ، نەجەف ، وەلی عەسر ، ئیما حسەین ... هتد . ئەو لەشکرانە رۆڵی سەرەکیان هەبوو لە بەرگریکردن لە ئێران لەسەردەمی جەنگی عێراق - ئێراندا . گەورەترین ئۆپراسیۆنە سەربازیەکانی ئەو جەنگە کە بریتی بوون لە : تەریق قودس ، فەتحی موبین ، فەتحی  یەک تا دە، فەجری یەک تا دە ، رەمەزان ، کەربەلا یەک تا هەشت ، محەڕەم ، ئەو لەشکرانە ئەنجامیان داوە.

کوڕەکانی ئیمام:
خومەینی وەک ئیمام و وەلی فەقی لە ئێراندا ، ئەرکی بانگەوازی دروستکردنی ئەو سوپایەی لە ئەستۆ گرتبوو ، بەڵام هەمئاهەنگی و بەشداری لە گۆڕەپانی جەنگەکانی ئەو سوپایەی بە عەلی خامەنەئی سپرادبوو . خامەنەئی بەچاولێکردن لە فیدل کاسترۆ بە جلە ساربازی و ڕیشە درێژ و عەینەکەکەی چاویەوە هاوشێوەی کاسترۆ لەماوەی ئەو هەشت ساڵەدا لەناو ئەو کۆمەڵە گەنجە خۆبەخشانەی پاسداراندابوو لە گۆرەپانی جەنگەکەدا.

سەرکردەکانی ئەمڕۆی سوپا:
غولام رەزا سلێمانی - بەسیج ، قالیباف- پارێزگاری تاران ، موحسن ڕەزایی - تەشخیسی نیزام، ئیسماعیل قائانی - فەیلەقی قودس ، حسەین سەلامی - سەرلەشکری پاسداران ، عەلی شەمخانی -ئەنجومەنی باڵای ئەمنی قەومی ئێرانی ، محمەد عەلی جەعفەر - پاسدارانی پێشوو ، سەید یەحیا سەفەوی - ڕاوێژکاری سەربازی خامەنەئی ، غوڵام محسین غەیب پور - جێگری فەرماندەی گشتی پاسداران ... هتد.

لەگەڵ ئەوانەشی کوژراون (قاسمی سلێمانی بەنمونە) یان  ئەوانەی تەرخانکراون لە بواری ئابووری ئێراندا لە کەرتەکانی بانک، وەبەرهێنان، نەوت ، پیشەسازی. هەموو ئەو ناوانە، ئەو گەنجە خۆبەخشانەی ناو پاسداران بوون لە خامەنەئی لەماوەی ئەو هەشت ساڵەی جەنگەکەدا هاوکار و هاوژیانی ناو سەنگەرەکانی شەڕەکەبوون. ئەو پەیوەندیە باوکانەی نێوان سەرکردەکانی ئەمڕۆی پاسداران و خامەنەئی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رۆژانەی ناو سەنگەرەکان. دواتر زۆرترین جومگەکانی سوپا و ئابووری ئێرانیان گرتە دەست و دوانەی ئیمام ( وەلی فەقی ) و سوپایان لە ئێراندا پێکهێنا.
                      
قەرارگای ڕەمەزان:
قەراگای ڕەمەزان گرنگترین فەرماندەیی سەربازی سوپای پاسداران بوو لە جەنگی عێراق - ئێراندا . زۆربەی ئەو لەشکرانەی پاسداران لە سنوری قەرارگای ڕەمەزاندا بەشداربوون و رۆلیان بینیووە . دەتوانرێت بە مەکتەبی پێگەیاندنی فەرماندەی سیاسی و سەربازی ئێران ناوی بهێنرێت.

لەبەرئەوەی زۆربەی ئەو گەنجانەی ئەوکاتە لە قەرارگای ڕەمەزاندابوون وەک: ئەحمەدی نەژاد، محەمەد باقر زولقەدەر، ئیرەجی   سەراجی ( سەفیری ئێستای ئێران لە بەغدا) قاسم سلێمان، کەسی خامەنەئی، لە قەراگای ڕەمەزاندا کاریان کردووە.

بنکەی سەرەکی قەرارگاکە لە دەڤەری مەریوان  بوو ، نوێنەرایەتی لە یاخسەمەر بوو . ئەو کەسایەتیانە لەپاش جەنگەکە، رۆڵی سەرکردایەتی سەربازی و سیاسی سەرەکی لەئێراندا دەگێڕن. پەیوەندی تایبەتیان لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی کورد هەبوو، چونکە سنووری قەرارگای ڕەمەزان کوردستانی - عێراق بوو. ئۆپەراسیۆنی سەربازی فەجرەکان، فەتحیان پێکەوە ئەنجامداوە کە بەناوبانگترینیان فەتحی ٢ بوو بە قوڵایی ١٨٠ کلم لەناو عێراقدا لە سنووری کەرکوک، کەبەیەکێک لەهەرە هێرشە ستراتیژیەکانی جەنگی عێراق - ئێران حساب دەکرێت لە ئۆکتۆبەری ١٩٨٦ دا.


PM:05:58:15/01/2020

ئه‌م بابه‌ته 3028 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی