قسەی ترامپ بەختی ڕەشی کاندیدەکانە

‌هێرش عەبدولڕەحمان

دیموکراتەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەکۆمەلێک بەڵگەو زانیاری زیاتر ڕووبەڕووی کۆماریەکان و بەتایبەت ترامپ دەبنەوە، دەیانەوێت ڕاستیەکان ببەنە ناو خەڵک، لەڕێگای مێدیاکانەوە، شاھیدەکان نیشانی خەڵک دەدەن تاڕاستیەکان شەفاف بێت، خەڵکیی خۆی وەریگرێت لەوەی بەچەند فلتەرێکدا بڕوات، ترامپیش ئامادەنیە ھیچ یەکێک لەستافەکەی بچێتە بەردەم لێژنەی لێکۆلینەوەکان، وە ئامادەش نیە پوختەی ئەو دەیان پەیوەندییە تەلەفۆنیە ئاشکرابکات کەداوای لەئۆکرانیەکان کردوە لەبەرامبەر ئەو ھاوکاریەی ئەمریکا ساڵانە بۆمەسەلەی ئاسایش پێیدەدات، لێکۆلینەوە  لەکوڕەکەی " جۆ بایدن " بکەن، کە وەک ڕکەبەری دیموکراتەکان، ترامپ ترسی لێی ھەیە ڕووبەڕووی ببێتەوە.

  لەماوەی مانگێکدا لەهەڵمەتی ھەڵبژادنەکان ترامپ پشتگیری سێ پاڵێوراوی کۆماریەکانیکرد لەویلایەتەکانی کەنتاکی و ڤێرجینیا و لویزانیا، بەدەر لە ڤێرجینیا، دوو ویلایەتەکەیتر بەویلایەتی سور ناسراون، کە ھەر کۆماریەکان تێیدا براوەبوون لەھەڵبژاردنی ڕابردوودا، لەو دوو ویلایەتە ترامپ بە ٢٠ خاڵ لەپێش " ھیلەری "ەوە بوو.

ئێستا زۆربەی کاندیدەکانی تری کۆماریەکان داوادەکەن ترامپ قسەیان بۆ نەکات بە چاک و خراپ، چونکە ئەگەر ئەو قسەی تێدا بکات ھەڵبژاردنەکە دەدۆڕێنن.! بۆیە مەسەلەی لێسەندنەوەی متمانە لە ترامپ و ئەو دۆڕانانە ئاماژەیەکی خراپە کە ترامپ بەکاتێکی زۆر دژواردا گوزەردەکات. ئەو دوو مانگەی داھاتوو چارەنوسی یەکلایی دەکرێتەوە، یان دروخستنەوەی لە کورسییەکە، یان ھەڵبژاردنێکی سەخت، کەبردنەوەی ئاساننیە.

لەکۆمەڵێک ویلایەتی گەورەی وەک پەنسلڤانیاو مەشیگان لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ ترامپ بە یەک خاڵ لەپێش " ھیلەری "ەوە بوو، ئێستا بەپێی زۆربەی ڕاپرسیەکان بەدەیان خاڵ لەدواوەیە. ھەرچەندە لەھەڵبژاردنی ڕابردوودا ھیلەری بەدەنگی گشتی و بەجیاوازی زیاتر لە سەرووی ٣ ملیۆن لەپێش ترامپەوە بووە، بەڵام بەدەنگی ئەلکترۆل، ترامپ بە ٣٠٤ دەنگ بەرامبەر ٢٢٧ دەنگ لەھیلەری بردوەو، بوو بەسەرۆک.

تێبینی، دەنگی " ئەلکترۆل "، لە ٥٣٨ دەنگ پیکھاتوە کە نوێنەرانی وولایەتەکانن لە دوای دەنگی گشتی ئەوان سەرۆک و جیگرەکەی ھەلبدەبژێرن


AM:09:50:18/11/2019

ئه‌م بابه‌ته 2880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی