‌دیوێکی تری سەعاتەکەی سەماوە
PM:01:28:24/07/2019
هونەر تۆفیق

کاتێک جێگری کونسوڵی تورکیا لە هەولێر کوژرا ، سەرۆکی هەرێم بەپەلە کۆتایی بە سەفەرەکەی هێنا لە فەرەنسا و گەڕایەوە هەرێمی کوردستان .

ئەحمەد مەنفی پارێزگاری موسەنا ، شەوێکی درەنگ هەواڵی دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵیان لە دووری سەماوە بە ١٦٠ کلم پێگەیاند . هەر ئەو شەوە ئەو پیاوە ١٦٠ کلم بیابانی بڕی بۆ ئەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکە بەسەربکاتەوە . وەک خۆی دەڵێت پەیوەندی بە دەستەڵاتدارانی هەرێمەوە کردووە کە گۆڕێکی بەکۆمەڵی کوردە ئەنفالکراوەکان دۆزراوەتەوە . لیژنەی تایبەت بەهەڵدانەوەی لێ ئاگادارکردۆتەوە ، بەوپەڕی ڕێزەوە ئێسک و پروسکەکان لێکدی جیادەکەنەوە . 

رۆژی دواتر سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ وەفدێکی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی گۆڕەکە دەکات . گۆڕەکە بۆ جیهان ئاشکرادەکەن .
ئەوەی مایەی سەرسامیە ، نە سەرۆکی هەرێم ، نە سەرۆکی حکومەت ، نەسەرۆکی پارلەمان ، وەک ئەوەی ئەو گۆرە بەکۆمەڵە ڕوفاتی قەومێکی تربێت ، ئەوەندە خۆیان نەڕەنجاند بچن لەکاتی هەڵدانەوەیدا ڕێز لە قوربانیەکانیان بگرن . 

سەرۆکی هەرێم لەپێناو کوشتنی جێگری کونسوڵی تورکیادا لەماوەی چەند سەعاتێکدا لە پاریسەوە گەڕایەوە هەولێر ، بەڵام لەپێناو دەیان ژن و منداڵی کوژراوی وڵاتەکەی خۆیدا چەند سەعاتێک ڕێگا ، خۆی ماندوونەکرد !!
ئەو سەعاتەی لە گۆڕەکەدا دۆزراوەتەوە ، حەقە بکرێتە سەعاتی خەمساردی سەرۆکایەتی و حکومەت و پارلەمانی کوردستان ، کە نەیانتوانی بچن دوو مۆم لەسەر روفاتی ناو ئەو گۆرە دابگیرسێنن و تاجە گوڵینەیەکی لەسەر دابنێن .


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.