کورد و شکست ، یەک ساڵ بەنمونە

‌هونەر تۆفیق


مێژووی کورد ، مێژووی شکستەکانیەتی نەک مێژووی سەرکەوتن . ئینسانی کورد لەسەر ئەوە مێژووە پڕ لە شکستە بونیادنراوە ، بۆیە لەناخەوە مرۆڤی کورد هەر لە زاینیەوە مرۆڤێکی تێکشاوە .

زۆربەی گەلانی دنیا لە ئەزموونی شکستەوە ( سەربازی ، سیاسی ، ئابووری )کیانێکی تۆکمەیان بۆ خۆیان دروستکردووە کورد نەبێت . کورد لە شکستدا لە دایک دەبێت ، لە شکستدا دەژی و بە شکستەوە دەمرێت . مردنی هەموو سەرکردەکانی کورد ، مردنێک بووە لە شکستدا . لەناو ئەو دنیای شکستەدا سیاسەتی شکست چەند بارە دەکرێتەوە .

لەماوەی ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک شکستی گەورە بەسەر ئینسان و حیزب و سیاسەت و سوپای کورددا هاتووە کە بەر هەر گەلێکی دیکە کەوتبا ئێستا بە سەدان پێداچوونەوەی مێژوویی بەخۆیدا دەکردەوە ، هەموو بوونی خۆی تەرخان دەکرد بۆ چارەسەری . تەنانەت تاقمێکی بێ دەماغی وەکو داعش لەپاش شکستە سەربازیەکانیەوە ، خەریکی پێداچوونەوە و چارەسەری پرسی شکستەکەیەتی . کەچی کورد نا .
لەنێوان ٢٥ ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ دا ، تا ئەمڕۆ ، ئێمە کۆمەڵێک شکستی قورسمان خواردووە :

شکستی ڕیفراندۆم و لەدەست دانی نیوەی خاکی هەرێمی کوردستان .
شکستی لەدەستدانی عەفرین .
شکستی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لەهەرێمدا و لەدەستدانی نیوەی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنەکاندا .
شکستی ئابووری و قوڵبوونەوەی قەیرانی دارایی .
شکستی پێگە و ڕۆڵی کورد لە سیاسەت و هاوکێشەکانی ناوچەکەدا .
شکستی حیزبە کوردیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان . بەتایبەتی نامەکەی ئێران لە ڕێگای بۆردمانی رۆکێتەکانیەوە .
شکستی پەیوەندی نێوان پەکەکە و یەکێتی . ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی کێشەکەیان تا ناکۆکی سەربازی و پێکدادان .
شکستی پێگەی کورد لە ناو حکومەتی نوێ ی عێراقدا ... هتد

بەم هەموو شکستەوە کورد ناتوانێت پێداچوونەوەیەک بە پەیوەندی کورد و کورد خۆیدا بکات و هەوڵی چارەسەری پرسی شکستەکانی بدات. بۆیە چاوەڕوانی شکستی ترسناکتر دەکرێت لەناو پرۆژە شەڕانگێزە دێرینەکەی تورکیادا بۆ کوردستان .

ئەگەر یەکێتی وریانەبێت و بیەوێت بەم هەڵەشەیەوە لەناو شکستەکاندا بجوڵێتەوە، تورکیا توشی شەڕێکی ترسناکی دەکات کە دوور نیە سەری یەکێتی بخوات . بەریەککەوتنی پەکەکە و یەکێتی لە زۆنی سەوزدا . بۆ تورکیا دەکاتە کردنەوەی ئەو دەرگایەی بەنیازە لێوەی تاقمە تیرۆریستەکانی سوریای پێدا بگوێزێتەوە بۆ سنوورەکانی ئێران لە قەندیل و خوارترەوە .

دروست بوونی کەلێنێکی وەها ، دەکاتە ڕەخساندنی زەمینە بۆ ناردنی ئەو گروپانە بۆ زۆنی سەوز . بێ گومان ئێران دەستەوەستان نابێت لە حاڵەتی بوونی هێزگەلێکی عەقائیدی و مەزهەبی دژ بە ئێران لە نزیک سنوورەکانیدا . ئەگەر یەکێتی خۆی بخاتە ناو ئەو تەڵە ترسناکەی تورکیاوە . یەکەم لایەن کۆتایی بە یەکێتی بهێنێت خودی ئێرانی دۆستی یەکێتی خۆی دەبێت و تورکیاش لەهەموو ئەگەرەکاندا بە سوودمەندی و براوە دێتە دەرەوە .


PM:12:39:01/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 1163 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی