ئیسرائیل و ئۆجەلان لە زاری ڕۆمانێکی بزرەوە

‌هونەر تۆفیق


هۆکاری بوونە قوربانی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ یاری و پیلانە سیاسیە نێو دەوڵەتیەکان لەزاری وەزیری دەرەوەی پێشووی سوریاوە فاروق شەرع ، بۆ فشاری ئیسرائیل دەگەڕێتەوە لەسەر سوریا تا رێککەوتنی ئاشتی بەرانبەر ئاشتی لەگەڵ سوریادا مۆر بکات .
شەرع دەڵێت : ئێمە دەمانویست بە پرەنسیبی زەوی بەرانبەر ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا ڕێک بکەویت . بەڵام ئیسرائیل لەساڵی ١٩٩١ ەوە بەدرێژایی هەموو کۆبوونەوە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی نێوانمان دەیوسیت بەبێ گەڕانەوەی جۆلان رێکبکەوین . جۆرەها فشاری لاوەکی دەکردە سەرمان . لەوانە جیاکردنەوەی رێکەوتنی گشتی هەمەلایەنەی عەرەبی . رێکەوتنی ستراتیژی سەربازی لەگەڵ تورکیادا .

لە بەشی شانزەهەم لاپەڕە ٣٦٩ ی کتێبی ڕۆمانێکی بزرەوە ، شەرع بەوردی باسی ئەو فشارەی ئیسرائیل دەکات لەسەر سوریا لەڕێگای تورکیاوە . دەڵێت لەپایزی ١٩٩٨ ەوە تورکیا لەپاش چەندین ئیستفزازی جیاوازەوە لەڕێگای وەزیری دەرەوەی میسر عەمرو موساوە دڵنیابووین کە لە باکووری خۆرئاواوە هێرش دەکاتە سەرەمان . بەبیانووی داڵدەدانی عەبدوڵا ئۆجەلان لە سوریادا .

حافز ئەسەد زۆر نیگەران بوو ، نەیدەویست ئۆجەلان بکەوێتە دەست تورکیا . زۆر ڕێزی ئۆجەلانی دەگرت و دەیگوت پیاوێکی ئازای ئازادی و سیاسیەکی ژیرە . ئەسەد سەخترین بڕیاریدا کە بەڕێوەبەری ئەمنی سیاسی لیوا عەدنان بەدر حەسەنی ناردە لای ئۆجەلان تاوەکو دۆخەکەی بۆ باسبکات . ئۆجەلان لای ئێمە گەورەتربوو کە بە لیوا عەدناندا وەڵامی بۆ ئەسەد ناردەوە نایەوێت ببێت بە ئەرک و کێشە بۆ سوریا . لەڕێگای چەند پارلەمانتارێکی چەپی یۆنانیەوە داوەتنامەی ئەو وڵاتەی پێشکەشکرا . سەرەتا ئۆجەلان گومانی لەو داوەتنامەیە هەبوو ، بۆیە ئەوانیش ژەنرالێکیان لە ئیستخباراتی یۆنانی ناردەلای بۆ سوریا کە جدیەتی داوەتنامەکەیان بۆ ڕوونکردەوە . ئۆجەلان بە پاسپۆرتێکی تورکی و ناوی خوازراوەوە سوریای بەجێهێشت .

ئێمە لە لە ئەدەنە لەگەڵ تورکەکاندا کەوتینەوە رێککەوتن . بەڵام ئەوان بەوەشەوە نەوەستان داوایان لە وەفدەکەمان کردبوو ئێمە لەکۆتایی ڕێکەوتنەکەدا بڵاوی بکەینەوە پارتی کرێکارانی کوردستان پارتێکی تیرۆریستە . هەرچەند تورکەکان هێڵی پەیوەندی وەفدەکەمانیان لەگەڵ ئێمەدا بڕی بوو بەڵام سەفیرەکەمان لە تورکیا ئەو داوایەی پێ گەیاندم . منیش پێم گوتن ڕاگەیاندنی وەها بڵاوناکەینەوە . بۆچوونمان بۆ تیرۆر یەک ڕەهەندی نیە . ئەگەر ئەوان داوای ئەوەمان لێ بکەن ئێمەش داوایان لێ دەکەین ئیسرائیل دەرحەق بە گەلی فەلەستین تیرۆردەکات . تەنیا بڵێن ئێمە دژی تیرۆرین بەبێ ناوهێنانی لایەنی دیاری کراو .

شەرع لەباسی پاش چوونە دەرەوەی ئۆجەلان لە سوریا . دەگێڕێتەوە :
ئۆجەلان لە یۆنانەوە بەرەو مۆسکۆ فڕی . ئێمەی لە سەفەر و داوەتنامەکانی ئاگادار دەکردەوە . مۆسکۆ لەو کاتەدا لاوازبوو و نەیدەتوانی ئۆجەلان بگرێتە خۆی . پارلەمنتارە چەپەکانی ئیتالیا داوەتیان کرد لە ئیتالیا بگیرسێتەوە . لەمۆسکۆوە چووە ئیتالیا . سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا ماسیمۆ دالیما کەوتە ژێر فشارێکی زۆری ئیسرائیلیەکانەوە چونکە بەڵێنیان بە تورکیا دابوو ئۆجەلانی بۆ بەدیل بگرن . بۆیە ئیتالیایان ناچارکرد ئۆجەلان بەدەربنێت . بەنهێنی گەڕایەوە یۆنان ، یۆنانیەکانیش بەنهێنی لە سەفارەتەکەی خۆیان لە کینیا شاردیانەوە .

لەسەرەتای شوباتی ١٩٩٩دا ئۆجەلان تەلەفۆنی بۆ لیوا بەدرکرد . پێ ی گوتن شتێکی خراپ دەگوزەرێت . کارمەندەکانی سەفارەتی یۆنانی لە نایروبی هەڵسوکەوتیان نامۆ و جیاوازە بەرانبەرم . دەڵێن نابێت لەمەودوا تەلەفونیش بەکاربهێنیت . لە ١٥ ی شوباتتدا پێ ی دەڵێن فڕۆکەیەکی نهێنی ئامادەیە دەبێت بفڕیت بۆ هۆڵەندا چونکە ئەمستردام بەڵێنی داوە وەک پەنابەری سیاسی قبوڵت بکات . بەوجۆرە ئیسرائیل ڕاوی ئۆجەلانی کرد بۆ تورکیا . لەپێناو ئەوەی تورکیا ئێمە لاوازبکات و فشارمان بۆ بهێنێت پەیمانی ئاشتی بێ بەرانبەر لەگەڵ ئیسرائیلدا مۆر بکەین . ئۆجەلانیشیان کردە قوربانی ئەو گەمەیە .


PM:03:49:13/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 1230 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی