کێ قسە لەگەڵ ئەمریکادا دەکات ؟

‌هونەر تۆفیق

پەیوەندی ئەمریکا وەکو دەوڵەت و وەکو گەل بە هەرێمی کوردستانەوە وەکو حکومەت و وەکو خەڵک ، پەیوەندیەکی پەنهان و ناڕوونە . هەموو پەیوەندیەک لەقسەوە دەست پێدەکات بۆ کردەوە . ئێمەی خەڵکی کوردستان نازانین چۆن قسە لەگەڵ ئەمریکادا دەکرێت و ئەمریکا چۆن قسەمان لەگەڵدا دەکات !!


یەکێک لەو قسە گرنگ و پێویستانەی کەدەبێت لە ئێستادا لەگەڵ ئەمریکادا بکرێت بریتی یە لە پرسی ئابڵۆقەی ئابووری سەر ئێران . 
ئەمریکا دەڵێت : غەزەب لەو وڵات و کۆمپانیایانە دەگرم لە پێنجی نۆفەمبەری ئەمساڵ بەدواوە بەردەوام دەبن لە پەیوەندی ئابووری بە ئێرانەوە . لەو هەڕەشەیەوە ئەمریکا ڕووی قسەی لە دۆستەکانیەتی بەر لە نەیارەکانی . 
گوایە کورد ( دۆست) ی ئەمریکایە لەهەرێمی کوردستاندا دەبێت پابەندبێت بەو داوا(هەڕەشە) یەی مام سامەوە . بەڵام لەناو هیچ یەک لەو قسانەی نێوان کورد و ئەمریکای دۆستدا نەمان بیستووە ئەی کێ قەرەبووی ئەو زیانەی کورد دەکاتەوە کە لەئەنجامی ئابڵۆقەی سەر ئێرانەوە بەری دەکەوێت .

هێشتا پێنجی نۆڤەمبەر نەهاتووە نرخی شتومەک و خۆراک لەبازاڕەکانی هەرێمدا لەبەرزبوونەوەدان . نرخی لیتری بانزین خەریکە دەبێت بەدووقات زیاتر لەچاو ساڵێک پێشدا . ئایا حکومەتی هەرێم و ئەوانەی قسە لەگەڵ ئەمریکادا دەکەن ئەم باسەیان لەگەڵ ئەمریکاییەکاندا کردۆتەوە ؟ ئەمریکا بەنیازە قەرەبووی هاوڵاتیانی هەرێم بکاتەوە ؟ ئەگەر بەڵێ یە چۆن ؟ بۆ ئەوەی بازاڕ لەوە زیاتر نرخەکانی بەرزنەبێتەوە . ئەگەر نەخێرە ( دۆستایەتی ) نێوان ئەمریکا و کورد مانای چی ؟ ئەمریکا زۆر زیاتر لەکورد لە بایەخی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخ تێدەگات کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئەمنی قەومی وڵاتانەوە هەیە . ناهاوسەنگی لەبازاڕدا لەنێوان نرخ و توانای کڕیندا ناهەوسەنگیە لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابووری گەلاندا . کورد لەپێناو چی ئەمریکادا ئەو باجە گەورەیە بدات کە ئەوسەری دیارنیە ؟!! ئایا ترامپ لە ئەمریکاوە تەماتە و بانزین بۆ کورد دەنێرێت ؟ یان کورد قسەی نیە لەگەڵ ئەمریکادا تەنیا گوێ لە قسە دەگرێت !!


PM:03:45:10/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 1459 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی