لە نەوەی تەزبیحەوە بۆ نەوەی سمارت فۆن

‌هونەر تۆفیق

سەرکردە سیاسیەکانی سەدەی ڕابردوو لەکوردستاندا ، کێشە و گرفتە حیزبی و سیاسیەکانی نێوخۆیان  درێژکردەوە بۆ ئەم سەدەیە . لە پار ساڵەوە  بەکۆچی دوایی کردنی هەندێک لە ناوە دیارەکانی سیاسەتی کورد لەهەرێمدا . نەوەیەکی تر لە زوڕیەتی سیاسی ئەو سەرکردانە ڕۆڵی نەوەی  سیاسیە تەزبیح بەدەستەکان دەگێڕن بەڵام ئەمان لەبری تەزبیح وەک نەوەی سمارت فۆن دەردەکەون.

ئەم نەوە سمارت فۆن بەدەستانە هەتا ئێستا ڕوون نیە ئاڕاستە سیاسی و مەنهەجە حیزبیەکەیان لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت ؟! بەڵام ئامادەی سەرکێشی کردنن لە ناو سیاسیەتی باوی هەرێمدا.

لەماوەی ساڵێکدا ئەم نەوەیە کۆمەڵێک جوڵەی  سیاسی سەرچڵانەیان بەبێ گەڕانەوە بۆ نەوە تەقلیدیەکەی پێش خۆیان یان پێچەوانەی ڕای نەوەی تەزبیح بەدەستەکان ئەنجامداوە.

لەلایەن نەوەی پێش خۆیانەوە  کردە  سیاسیەکانیان مەترسیدارە، لادانە لە یەک ڕێزی نێو ماڵی کورد، بەڵام لای نەوەی سمارت فۆنەکانیش بڕیارەکانیان  تەحەداکاریەکی ژیرانەیە لە چاو مەترسیەکاندا.

لەناو یەکێتی نیشتمانی دا بەریەککەوتنێکی توند هەیە لەنێوان هەردوو نەوەدا، سەرەتای ئاشکرابوونی ئەو بەرکەوتنەی نێوان هەردوو نەوە لە دروست بوونی ناوەندی بڕیار لەو حیزبەدا دروست بوو، دواتر لە جیاوازی رای نێوانیان بۆ ریفراندۆم و نزیک بوونەوەی حزبەکەیان لە پارتی و بارزانی یان بزوتنەوەی گۆڕان هێندەی تر نێوانی ئەو دوو نەوە جیاوازەی یەکێتی نیشتمانی لەتکرد.

لە هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی عیراق و دواتر هەرێمی کوردستاندا ، ڕۆڵی نەوەی سمارت فۆنەکان پاشەکشەی بە نەوەی پێشترکرد، دواتر هەر ئەوانیش لە پرسی یەکلاکردنەوەی سەرۆک کۆماری عێراقدا لە نەوەی تەزبیحیان بردەوە.

پارتی شاراوە و ئارامتر پەیوەندی نێوان هەردوو نەوەکەی خۆی ڕاگرتووە . گوێڕایەڵی نەوەی سمارت فۆنەکانی بۆ نەوەی تەزبیحەکانی و شۆڕکردنەوە و بەخشینی دەستەڵات بە قەد پێویست لەنەوەی پێشترەوە بۆ نەوەی پاشتر جۆرێک لە سەقامگیری سیاسی و حزبی پێوە دیارە.
 
لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەمان بەریەککەوتنی ئەو دوو نەوەیە لە جیاوازی نێوان خانەی ڕاپەڕاندن و نەوەی نوێدا دەردەکەوێت . نەوەی سمارت فۆنەکانی گۆڕان ئۆباڵی کەمبوونەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردن دەخەنە گەردنی نەوەی تەزبیحەکانەوە . پێیان وایە هۆکاری شکستی سیاسی گۆڕان بەهۆی بێ ئیرادەیی لەبڕیاردانی نەوەی تەزبیحەوەیە . بۆیە داوای دەست لەکارکێشانەوەیان دەکەن.

کێشەی نێوان ئەم دوو نەوەیە لەناو حیزبە سیاسیە ئیسلامیەکاندا کەمترە یان هەر نیە  . ئەویش بەهۆی ڕێبازە ئایینیەکەیانەوە کە تاعەتکردنی وەلی ئەمر ئەرکێکی ئیمندارانە و یەکێکە لە دە ئامۆژگاریە موساییەکەی یەزدان بۆ مرۆڤ.

لەچاو حزبەکانی تردا، نەوەی سمارت فۆنەکەی یەکێتی نیشتمانی سەرچڵترین و بزێوترینیانە . سەر بەهەموو تونێل و ئەشکەوتەکانی سیاسەتی ناوچەکە و هەرێمدا دەکەن . توانای تەحەدا و پێداگری سیاسیان لەنەوەی سمارت فۆنی حزبەکانی تر زیاترە.
 
لەپێناو  هێنانە دەرەوەی  سیاسەتی چەقبەستوی هەرێم لەناو تونێلی تەزبیح بەدەستەکاندا ، ئەم نەوەی سمارت فۆنانەی لە هەرێمی سەوزدا بکەری سیاسین لە کەسایەتی (لاهور شێخ جەنگی، پاڤیل و قوباد تاڵەبانی، چیا و نما نەوشیروان مستەفا و تەنانەت شاسوار عەبدول واحید ) دا بەرجەستەبووە.

دەتوانن پێکەوە بەڵانسی سیاسی و ئابووری و ئارامی ڕابگرنەوە، چونکە تەحەداکانی بەردەمیان لەداهاتوودا زۆر گەورەتر و فراوانترە لە ئێستایان، نەوەی تەزبیحی پێش خۆیان لەو سنوورە بەرتەسکەی شاخەوە تا چەند شارێک ناچاری بەرەی کوردستانی و دواتر هاوپەیمانی کردن، ئەمان لەم میحوەربەندیە ئیقلیمی و جیهانیە گەورەیەدا هیچ لایەکیان بەتەنیا دەرەقەتی نایەن.

لەحاڵێکدا هێزی سیاسی بەرانبەریان کە پارتی دیموکراتی کوردستانە بە گوڕی هەردوو نەوەوە ئامادەی تۆڵەکردنەوە و بەرخودەکانە.



AM:08:41:03/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 1843 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی