باپیرە جەنگیزخان

‌هونەر تۆفیق

لەهەر دووسەد مرۆڤێک لەجیهاندا ، یەکێکیان بەپێ ی پۆلێنی دی ئێن ئەی یەکەی دەچێتەوە سەر خێزانی جەنگیزخان - مەغۆل . لە ڕۆژێکدا 53 هەزار مرۆڤ لە ڕەچەڵەکی جەنگیزخان لەجیهاندا لەدایک دەبێت . لە خۆرهەڵاتی ئاسیاوە تا ناوەڕاستی ئەوروپا لەهەر نەتەوەیەکدا بەڕێژەی لەسەدا پانزەی دەچنەوە سەر خێزان و نەوەی جەنگیزخان . ئەدلۆف هیتلەر سەرباری ئەو هەموو داکۆکیەی لە ڕەگەزی ئاری دەکرد . بەپێ ی پشکنینەکانی دی ئێن ئەی دەرکەوتووە خۆی لە ڕەگەزی مەغۆلی و نەوەی جەنگیزخان بووە نەک ئاری .
مێژوو ئەو سەرکردە سەربازیە کۆچەریەی دەشتەکانی مەغۆلستان لە سەدەی دوانزەهەمەوە 1165 - 1227بە گەورەترین بەڵای سەر مرۆڤایەتی و هاوکات وەرچەرخێنەری شارستانیەت دەناسێت .

ئەو ئافاتە گەورەیەی مێژوو جگە لە خستنەوەی نەوەیەکی فراوان لەناو بەشەریەتدا . کۆمەڵێک گۆڕانکاری سەرسوڕهێنەری بەداوی خۆیدا هێناوە . هەڵمەتە داگیرکاریەکانی لە ئاسیاوە تا ئەوروپا ، لەماوەی چوارساڵدا ، دوو هێندەی هەڵمەتەکانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمابووە لەماوەی چوارسەد ساڵدا . لەیەک کاتدا سەرەتایەک بووە بۆ کۆتایی هێنان بە دەستەڵاتی فیوداڵی لە ئەوروپادا ، خەلافەتی حەوت سەد ساڵەی عەباسیەکانیشی کۆتایی پێهێنا .

جەنگیزخان لەگەڵ ئەوەشدا جەنگەکانی ئایینی نەبوون ، هیچ فشارێکی لەسەر هیچ ئایین و بیروباوەڕی ئایینی هیچ کەسێک نەبووە . داگیرکاریەکانی ئازادی ئایینی و فەرهەنگی هیچ گەلێکی پێ شێل نەکردووە . ئەو تەنیا دژ بە دەستەڵاتی پادشا و ئیمپراتۆرەکانی ئەو سەردەمە بووە . هەر کۆمەڵگەیەک بەرگری لەو پادشایانە بکردایە بە دڕندەترین شێواز لەناوی دەبردن . کۆی سوپاکەی 130 هەزار سوار و نیو ملیۆن ئەسپ بوو . هەموو هەڵمەتەکانی لەپێناو داگیرکردنی ڕێگای ئاوریشم و بازرگانی جیهان بووە لە خۆرهەڵاتی ئاسیاوە تا ناوەڕاستی ئەوروپا .

ئەو ڕیگایەشی چالاک و زیندووکردەوە .لەسەردەمی جەنگیزخاندا کەس نەیوێراوە گەندەڵی ئیداری بکات ، دەگێڕنەوە لە چینەوە تا ڤینیسیا بازرگانەکان بەبێ ترس لە تاڵانی چەتەکان کاروانەکانیان هاتووچۆی کردووە . ئەگەر کەسێک کوپەیەک زێڕی بە ئاشکرا بەسەرسەریەوە لەو کاروانەدا گواستبایەوە کەس نەیوێراوە هێرشی تاڵانی بکاتەسەر . ئاسایشی ئابووری و بازرگانی لەجیهانی ئەوسادا بەرپاکردبوو .

لەو ڕق و کینە زۆرەی جیهانی ئیسلام بۆ جەنگیزخان و مەغۆل بەهۆی داگیرکردنی بەغدا و کوشتارەکانی لە جیهانی ئیسلامدا ، ئێمە نەمانتوانیوە دیوەکەی تری هەڵمەتەکانی جەنگیزخان ببینین کە هەر یەکێک لە دوو سەد کەسمان باپیرەگەورەی جەنگیزخانە .


AM:11:14:05/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 1543 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی