پێویستمان بە دادە نەك یاسا

‌هونەر تۆفیق

یاسا بەبێ دادپەروەری هیچ بەهایەكی نیە ، بەڵام دادپەروەری بەبێ یاسا دەژی . لەبەر ئەوەی داد ( عەدالەت ) پێكهاتەیەكی ئەخلاقی و مرۆییە . بەڵام یاسا مەسەلەیەكی ئەخلاقی نیە . كۆمەڵێك ڕێ و شوێنی بەرانبەركاریە . یاسا ئەگەر ئەخلاقی دادپەروەری لەگەڵدا نەبێت دوو سەرەیە ، دەكرێت بە یاسایەك لەیەك كاتدا تاوانبارێك سزابدرێت ، دەشكرێت هەمان تاوانبار لە سزاكەی ببەخشرێت .

دەگێڕنەوە بابایەك مریشكێكی سەربڕاو دەباتە لای مریشك فرۆشێك بۆی پاك بكات . مریشك فرۆشەكە پێ ی دەڵێت تا نیوسەعاتی تر وەرەوە بۆم ئامادەكردویت . لەماوەی ئەو نیوسەعاتەدا قازی شار دەچێت بۆ مریشك كڕین . مریشك فرۆشەكە دەڵێت بەداخەوە نەمان ماوە . ئەوەی بەردەستم بابایەك هێناویەتی بۆ پاك بكەم . قازی فەرمان دەكات پێ ی بفرۆشێت . ئەگەر خاوەنەكەشی هاتەوە پێ ی بڵێت مریشكەكەی فڕیوە . مریشك فرۆشەكە دەڵێت : ئاخر جەنابی قازی ئەو بەسەربڕاوی هێناویەتی چۆن دەتوانم پێ ی بڵێم مریشكەكەت فڕیوە ؟ قازی دەڵێت : ئەگەر بڕوای پێ نەكردیت وەرن بۆدادگا بۆلای خۆم . من دادتان دەكەم .

خاوەن مریشكە سەربڕاوەكە دێتەوە ، دوكاندارەكە پێ ی دەڵێت : ببورە مریشكەكەت فڕی . خاوەنەكەی توڕە دەبێت . لەنێوانیاندا دەبێت بەشەڕ . بڕیار ئەدەن بچن بۆلای قازی دادیان بكات . لەڕێگە دەبینین موسڵمان و جولەكەیەك شەڕیانە . دوكاندارەكە دەیەوێت ناوبژیان بكات . پەنجەی بەرناو چاوی جولەكەكە دەكەوێت . لەتاوا دوكاندارەكە هەڵدێت . خەڵكی دوای دەكەون . ئەویش ڕادەكات بەسەرمنارەی مزگەوتێكدا هەڵدەزنێت . لەبەر فشاری خەڵكەكە لەمنارەی مزگەوتەكەوە خۆی هەڵدەداتە خوارەوە . دەكەوێت بەسەر پیرەمێردێكدا . پیرەمێرد دەمرێت . كوڕی پیرەمێردەكە دوكاندارە دەگرێت . لەگەڵ بابای خاوەن مریشك و جولەكە چاوكوێربووەكەدا دەیبەن بۆلای قازی . بەڵام لەجیاتی شكایەتی مریشكە فڕیوەكە دوو شكایەتی تری بۆ زیادبووە .

 كوێركردنی چاوی جولەكەیەك و كوشتنی پیرەمێردێك . قازی دەڵێت : با یەك یەك دەست بە قەزیەكانتان بكەین . لەپێشدا خاوەن مریشك داوای مریشكەكەی خۆی دەكاتەوە . قازی دەڵێت : تۆ بڕوات بەخواهەیە كە خالقی بوون و بوونەوەرە و دەتوانێت مردوش زیندووبكاتەوە . خاوەن مریشكەكە دەڵێت ئەی چۆن جەنابی قازی ، بڕوای تەواوم هەیە . قازی دەڵێت : كەواتە ئەبێت بڕواش بەوەبكەیت كە خواوەند دەتوانێت ڕۆح بكاتەوە بەبەر مریشكێكی سەربڕاودا ، مریشكەكەت هەڵفڕیبێت . حەق دەدات بە دوكاندارەكە .

ئینجا جولەكەكە بانگ دەكەن . قازی دەڵێت : لەشەرعی ئێمەدا مافی جولەكە نیوەی مافی موسڵمانێكە . ئەم موسڵمانە چاوێكی كوێر كردویت ، بۆئەوەی چاوێكی موسڵمانەكە كوێر بكەینەوە ، پێویستە تۆ دووچاوەكەت كوێربێت . ئەوكاتە مافی نیوەی موسڵمانەكە وەردەگریتەوە . كابرای جولەكە دەڵێت : جەنابی قازی من لە حەقەكەی خۆم خۆش بووم . هیچم لەو پیاوە ناوێت .

ئینجا سەرەی كوڕی پیرەمێردە مردووەكە دێت . قازی دەڵێت : چۆن بزانین لەبەرزی ئەو منارەیەوە كەسێك بكەوێتە خوارەوە بەسەر كەسێكی تردا دەمرێت ؟ مافەكەی تۆش لەو كابرایە وەرگرینەوە . بە شەرعی چاوێك بەچاوێك ، تۆ دەبێت بچیتەوە سەر ئەومنارەیە و ئەو دوكاندارە تاوانبارەش لەخوارەوە دانێین . تۆ خۆت فڕێدەیتە خوارەوە بەسەریدا . كوڕەكە دەڵێت : ئاخر جەنابی قازی ئەگەر ئەو تاوانبارە ڕانەوەستا و بەملاوئەولادا جوڵەی كرد ؟ یان ئەگەر من كەوتمە خوارەوە و مردم ؟ قازیش دەڵێت : ئەی كەوایە بۆچی باوكت ئەملاوئەولایەكی نەكرد بۆئەوەی نەبێت بەژێر ئەم تاوانبارەوە ؟ ئەگەر مردنیشی تیابێت دەبوایە ئەم تاوانبارە بمردایە . لەبەر ئەو مەترسیانە كوڕە لە حەقی باوكە مردووەكەی خۆش دەبێت . قازی دوكاندارەكە لەهەموو تۆمەتەكان دەرباز دەكات . هەموو بیانووەكانیشی شەرعی و یاسایی بوون . بەڵام دادپەروەرانە و ئەخلاقیانە نەبوون .

ئیتر سندوق فەرزدەكرێتەوە یان دەنگ دەژمێردرێتەوە ، زۆر بایەخیان نابێت لەبەر ئەوەی ئەو پرسانە بە یاسا و تەشریعات لە عێراقدا چارەسەر ناكرێت ، تا قازیەكی دادپەروەر لە ناو كۆمەڵگە و سیاسەت و ئەخلاقی عێراقدا دروست نەبێت .


PM:05:14:30/05/2018

ئه‌م بابه‌ته 5627 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی