موبارەزە و سیاسەت و مەراسیم

‌هونەر تۆفیق


ڕاستیەکی سیاسی هەیە لە هەرێمی سەوزی باشووری کوردستاندا کە ناکرێت بڵێین هەموو کێشە و قەیرانەکانی ئەمدیوی دێگەڵە خەتای پارتی دیموکراتی کوردستانە . ڕاستە قەیرانەکانی نەوت و ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا و پرۆسەی سیاسی مەرکەزین . مەرکەزیەتی دەستەڵاتیش لەهەرێمدا لای پارتی یە . بەڵام هەرێمی سەوز بەشی خۆی قەیران و کێشە و ناکۆکی سیاسی گەورەی تێدایە کە هۆکارەکەی کێشمەکێشی نێوان باڵەکانی ناویەکێتی یە ، هەروەها لەسەرەتای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بەشێکیشی پەیوەندی بە ناکۆکی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانیەوە هەیە . ئەم کێشانە ، بەتایبەتی کێشەی ناو ماڵی یەکێتی خۆی ، کاریگەری نەرێنی زۆری بەسەر ژیان و گوزەرانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی خەڵکی هەرێمی سەوزەوە داناوە .

کێشەی باڵ باڵێنی ناو یەکێتی پرسێکی ڕێکخراوەیی تایبەت بەنێوماڵی یەکێتی خۆیەوە نیە . بەڵکە ڕاستەوخۆ لەهەندێک شوێندا بەتایبەتی لە بەڕێوەبردنی هەرێمی سەوزدا جۆرێک لە ئیفلیجی لە دەزگا حکومیەکاندا دروستکردووە . لەنمونەی باڵێک دەیەوێت مەسولێکی حکومی لە شوێنێکدا بگۆڕێت ولایبدات ، باڵەکەی تر لەسەر ئەولادانە ئامادەیە ئەگەر لەدەستی بێت جەنگی جیهانی سێهەم بەرپابکات . ئەمەش پەکخستنی بەڕێوەبردنی لێدەکەوێتەوە . ئەم کێشانە لە قۆناغێکدا گەشت بەوەی کێشەکانی ناو یەکێتی ببێتە ژمارەیەکی قورس ( رقم الصعب ) لە ناوچەکەدا . هەندێک کێشە هەیە بچوکن ، بەڵام لە چرکە ساتێکی مێژوویی هەستیاردا ئەو کێشە بچوکانە دەبنە ژمارەیەکی قورس و چارەسەرکردنی دەبێتە مەحاڵ . لەچاو کێشە گەورە مێژوویەکانی نێوان ئێران و تورکیا ، سونە و شیعە ، کورد ( ویلایەتی موسڵ ) و بەغدا ، ڕوس و ئەمریکا ، کەهەموویان لە میحورەبەندیەکەی پرۆسەی کۆرێکشن ( ڕاستکردنەوە ) ی جیوگرافی سیاسی ناوچەکەدان ، لەپڕێکدا کێشەکانی ناوماڵی یەکێتی وەک ژمارە قورسەکە لە قەیرانی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمدا دروست بوو .

هەتا ئێستەکە ئەو کێشە بچوکەی کە تایبەت بە خودی یەکێتی یە بە قورسی لە ناوچەکەدا هەر ئەکتیڤە . لە شەوی ١٦ ی ئۆکتۆبەر و ڕۆژانی دوایدا ئەگەر کێشەی ماڵی تاڵەبانی لەگەڵ باڵی کۆسرەت ڕەسولدا لە کۆنترۆڵ دەرچووبایە ، ئاگرێکی گەورە بەر ناوچەکە دەکەوت . دەبوو بە تەقینەوەیەکی گەورە لەنێوان ئێران و تورکیادا . ئێران پشتیوانی لە ماڵی تاڵەبانی دەکرد و تورکیاش لەڕێگەی پارتیەوە پشتی کۆسرەت ڕەسوڵی دەگرت . بەمانای ڕوسیا نەیدەهێشت لەو تەقینەوەیەدا ئێران بدۆڕێت ، ئەمەریکاش نەیدەهێشت ئێران لە تورکیا بباتەوە .. هتد .
لەناو ئەم دیمەنە دراماتیکیەدا سێ گۆشەی جیاواز لە ئیدامەدانی ناکۆکیەکان هەیە .

گۆشەیەکیان موبارەزەیە :
موبارەزە ڕووە سەربازیەکەی ناکۆکیە . لە موبارەزەدا ڕوویداوە بەهۆی سوارچاکی و پیاوەتی سەرکردەکانی جەنگەوە وەک لەنێوان ڕیچارد و سەڵاحەدیندا چەند حاڵەتێک هاتۆتە پێشەوە کە سەرباری دوژمنایەتی نێوانیان بە هانای یەکدیەوە چوون . ڕیچارد نەخۆش دەکەوێت و سەڵاحەدین میوەی بۆ دەنێرێت تا چاکبێتەوە .. سەردەمی سوارچاکی بەسەرچووە . تەکنەلۆژیای جەنگی هۆکارێکە تەنانەت سەرکردەی سەربازی وەک نابلیۆن و رۆمێل و جیکۆڤ و مۆنتگیۆمری بەرهەرم نایەتەوە .. موبارەزەکانی ئێستا مەگەر ( حینکە ) فێڵبازی موخابەرتی بتوانێت کەسێکی تایبەت دروست بکات لە شێوەی قاسم سولەیمانی . دەنا لەو جۆرە پادشا و میرە سوارچاکانەی وەک ڕیچارد و سەلاحەدین ڕوونادەنەوە .

گۆشەیەکی دیکە سیاسەتە :
پێم وانیە لە ئێستادا کێشەکانی ناو یەکێتی کێشەی باڵ باڵێن بێت . لە سەردەمی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و شۆڕشگێڕاندا گرفتەکان گرفتی باڵ بوون . لەنێوان نەوشیروان مستەفا و مام جەلالدا کێشەکان کێشەی باڵ بوون . چونکە باڵ ( کوتلە) دید و تێز و پرۆژەی تایبەت بەخۆی هەیە . دەکرێت بە خیلافی دید و بۆچوونی سیاسی و فیکری لێک بدرێتەوە . ئەم کێشانەی ئێستای یەکێتی کێشەی نفوز و چۆنیەتی دابەشکردنی دەستەڵات و سامانە . لەبەر ئەوە هەڵەیە ( مەگەر راهاتبین لە بەکارهێنانی دەستەواژەی کوتلەدا ) پێمان وابێت کوتلەبەندیەکانی ناویەکێتی هۆکاری باڵ باڵێن بێت .

گۆشەیەی سێهەم مەراسیمە :
مەراسیمی کۆمەڵایەتی ، ئاینی ، فەرهەنگی ، ڕوویەکی تری کۆبوونەوە یان جیابوونەوەی هێزەکانن . مەراسیم بەشێک نیە لە ئەخلاقی سیاسی . بەڵکە جۆرێکە لەهەڵوێست . مەسعود بارزانی بەو هەموو ئیمانە زۆرەیەوە بە مەراسیمە هۆزایەتیەکان وەک کەسێکی سیاسی موحافیزکار لەمەراسیمی پرسەی نەوشیروان مستەفا بەشدار نەبوو هەڵوێستی سیاسی خۆی بەرانبەر بزوتنەوەی گۆڕان نواند . لەپرسەی مام جەلالدا دەیان کەسایەتی سیاسی عێراقی بەشداری پرسەکە نەبوون بەهۆی پێچانەوەی جەنازەکەی مام جەلال بەئاڵای کوردستانەوە ، هەڵوێستی سیاسی خۆیان نواند . ئەمانە ناکەنە کینە و قین لەدڵی . بەڵکە مەراسیم لەم سەردەمەدا هۆکارێکە بۆ هەڵوێست نواند و تەعبیرکردن لە دیدی سیاسی کەسی یان حیزبی .

لەم گۆشانەوە ئەگەر ئێمە سەیری ناکۆکیەکانی ناو یەکێتی بکەین کە ماڵوێرانی و پاشەگەردانی بۆ هەرێمی سەوز بەتایبەتی و هەرێمی کوردستان بەگشتی دروست کردووە . دەبینین تاچەندێک میحوەرەکانی ناو یەکێتی بێخەبەر و بێ خەمن لەو خەمانەی بەسەر خەڵکیاندا هێناوە .

نەخۆش کەوتنی کۆسرەت ڕەسوڵ وەک نمونە ، دیمەنێکی هەم دراماتیکی و هەم کۆمیدمان نیشان ئەدات .
لەگەڵ نەخۆش کەوتنی کەسی یەکەمی میحورێکیان ( باڵێکیان ) دا ، بەناوی جیاکردنەوەی سیاسەت لە مەراسیمە کۆمەڵایەتیەکان هەموویان سەردانی یەکتریان کرد . ئەوا خەریکە ڕیگای بەرلینیش بۆ سەردانکردن دەبێتە ڕێ ی سەرکانی پەیتا پەیتا زیارەت و چاکوخۆشی یەکتر دەکەن . ناکۆکی نێوان ئەم دوو میحوەرە ماڵوێرانی گەورەی بەدووی خۆیدا هێنا لە کەرکوک و ناوچەکانی تردا کەدەکرا کشانەوەکە بە جۆرێکی تر بێت و نەبێتە شکست .

 ئەو حیزبە کۆنگرەیەکی ئاسایی پێ نابەسترێت بەهۆی ناکۆکی ئەو دوو باڵەوە لەسەر پرسی سکرتێر بوون لەناو یەکێتی دا . خەڵک و خاک و ئیدارەی هەرێمی سەوز قوربانی و باجێکی گەورەی کێشەکانی نێوانیان ئەدەن .. لەکورتی و سادەیدا بپرسین : ئەگەر ئێوە هێندە ڕێک و تەبا و دۆستن لە نەخۆشی و سەریەشە و ناخۆشیەکۆمەڵایەتیەکاندا دڵتان لای یەکە ، ئەدی بۆچی ئەو شەلەلە گەورەیەتان خستۆتە ناوچەکەوە و ئەم دۆخە ناهەموارەتان بۆ خەڵک خولقاندووە ؟؟؟


PM:12:03:30/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 4336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی