ئەم قۆناغە پێویستى بەچ جۆرە سەرکردەیەکە؟

‌سوبحى مەهدى

ڕۆژ و کاژێر و چرکەکان لە کۆنگرەى شەشەمى حزبى شیوعى کوردستان نزیکمان دەکەنەوە، و ئەم کۆنگرەیە جیاوازیەکى زۆرى لەگەڵ کۆنگرەکانى ڕابردوودا هەیە، بەو تاریفەى کە دەتوانین بڵیێن کۆنگرەى چارەنوسساز و یەکلاکەرەوەیە، یەکلاکەرەوەیە بۆ بڕیارى نوێنەرانى ڕێکخراوەکان کە ئەم ویستگەیە دەکەنەسەرەتاى دەستپێکێکى نوێ بۆ تێکۆشانێکى هەمەلایەنە لە پێناو بەدیهێنانى ئامانجەکانى ئەم قۆناغە و، گواستنەوەى حزب لە حزبى گۆشەگیرى و پەراوێزى نێو بارەگا، بۆ سەر شەقام و پێشڕەوایەتى چین و توێژە هەژار و زەحمەتکێشەکانى گەل ...

حزبێک کە بتوانیت لە ڕێگەى گۆڕانکارى لە هێڵە سەرەکیەکانى سیاسەت و پلان و بەرنامە و ڕێکارە ڕێکخراوەییەکانى و میکانیزمى کار و پێوەندیەکانى، بە شێوەیەک دابڕێژێتەوە کە داخوازى قۆناغەکەبن و هەموو ئەو قاوغ و تۆلاشانە لە خۆى بکاتەوە کە ژیان تەزکیەى نەکردوون.
پێوەندى نێوان هاوڕێیانى وا ڕێکبخاتەوە کە گیانى خۆشەویستى و پێکەوەیى و هاوکارى و هاوشانى بکاتەوە بەبەر خۆیدا و هەموو سیفاتە ناسەردەمى و ناشیرینەکانى ڕابردوو لە خۆى دابماڵێت.

کاتێک ئاراستەى تێفکرین و هیواکانى زۆرینەى هاوڕێیان دەخوێنێتەوە، ئاسۆیەک لە دوور دەبینى کەلە تواناماندا هەیە و زەمینە و واقیعێکى ڕەخساو چاوەڕێى بەکردەوە کردنى گووتارەکانە.
بژاردەى دووەم کە نەخوازراوى هەموو هاوڕی و دۆستێکى ئەم حزبەیە کە ڕووباریک لە خوێن و بەگیانبازى کوڕان و کچانى خۆى پێشکەش بەم گەل و نیشتمانە کردووە، کە ئەگەر باش بیرکردنەوە و باش بڕیاردان و بەرنامەى هەستانەوەى نەبێت، ئەوا هەموو ڕەنج و جنگەرنیکانى دڵسۆزانى دەبن بە بەشێک لە مێژوو و جیدى لەگۆڕەپانى سیاسى و ململانێکاندا ژمارەیەک نابێت.

دیارە هیچ حزبێک بەبێ ئامادەکارى باش و بەبێ بیرکردنەوە و لێکدانەوەى پێش وەختەى ئەندامان و کادیرە دڵسۆزەکانى لە( پێش کۆنگرە و لەکاتى کۆنگرە و لە دواى کۆنگرەى)، بەبى پێکەوە گرێدانى ئەم ئەڵقانە ئەوا ناتوانێت خەونەکانى بکاتە واقیع و ئامانجەکانى ناپێکى.

ئەگەر لە نێو کۆنگرەدا هەموو ئەو بابەت و پلان و میکانیزمانەى پێویستن، بەباشى بڕیاردران و جێگەى ڕەزامەندى هەموومان بوون، ئەوا ئەرکیێکى گرنکتر دێتە پێشەوە، ئەویش هەڵبژاردنى هاوڕێ گەلێکى ئەوتۆیە کە لە ئاست ئەو بەرپرسیاریانەدابن، کە قۆناغەکە و هەستانەوەى حزب دەیخوازى.

بەپێى ئاگادارى من لە پێکهاتەى کۆنگرە، ژمارەیەکى بەرچاو لە هاوڕێیان دەبینم کە ئەگەر ئەندامانى کۆنگرە، ئەو متمانەیەیان پێببەخشن بتوانن ئەو ئەرکانە بە مەسئولیەتەوە ڕابپەرێنن کە بۆ خۆیان و دەنگدەرەکانیان، شانازى تۆماربکەن.
گەر چى لە پرەنسیبە سەرەکیەکانى بەڕێوەبردنى حزبدا لە سەرەتاى دروستبوونیەوە بە شێوەى سەرکردایەتى بە کۆمەڵ و هەڵسوکەوتى دیموکراسیانە بژاردەى خوازیار و تۆمارکراوى نێو بەڵگەنامەکان بووە، بەڵام لە هەندێک قۆناغ و سەردەمدا ئەم پرەنسیبە گرنک و پڕبەهایە بە جۆرێک لە لەنکى پێرەوکراوە.

لێرەدا ڕۆڵى کەسى یەکەمى حزب( سکرتێر یان سەرۆک یان ئەمیندار) یان هەر ناوێکى لێ بنێیت ڕۆڵى گەورە دەبینى لە کۆکردنەوە و ئاراستەکردن و پێگەیاندن و پلاندانان و بەدواداچوون و لیێپرسینەوەدا.

بەپێى بیروڕا و لێکدانەوەى زۆرێک لە نوسەر و سیاسەتمەدار و سۆسیۆلۆگەکان، پێویستە لە سەرکردەدا کۆمەڵە سیفاتێک هەبێت کە دەبنە کلیلى سەرکەوتنى کە بریتین لە :
*ئاراستەیەکى بیرکردنەوەى پۆزەتیڤانە و مرۆیانە بۆ پلانکارى، بە شێوەیەکى حەماسیانە و بە عیشقەوە بۆ کارەکەى بڕوات کە سەرکەوتن بە دى دەهێنى.
*باوەڕبوون بە گۆڕانکارى هەبێت و، بوار ڕەخساندن بۆ نوێکارى و گۆڕان نەک بەربەرەکانیکردنى بیروڕا و داهێنانە نوێیەکان.
*ئازایەتى و بوێرى لە وەرگرتنى بڕیار لە وەرچەرخانەکاندا..
*گویگرتن لە هەر کەسێک کە دەیەوێت شتێکى پێ بگەیەنێ، بەم کارە مەوداى زانیارییەکانى خۆى لەکۆمەڵ و لە دەوروبەرەکەى فراوانتر دەکات، دەرگاى کراوەبێت بۆ وەرگرتنى هەر پێشنیاز و سنگى فراوان بێت بۆ هەر ڕەخنەیەک.
*هەوڵدان بۆ بەشداریپێکردنى هاوکارەکانى و، کۆنەکردنەوەى دەسەڵاتەکان تەنها لە خۆیدا.
*ڕاستگۆیی و ڕەوشت بەرزى و خۆبەستنەوە بە پرەنسیپە مرۆییەکانەوە .
بەو پێیەى لە حزبى شیوعى کوردستاندا، کۆنگرە بەرزترین دەسەڵاتە لە حزبدا هەموو حزب لە ڕێگەى نوێنەرەکانیەوە بەشدارى لەو دەسەڵاتە بەرزەدا دەکەن و، بایەخى کەسى یەکەمى حزب کە دەبێتە ڕووى حزب لەبەردەم خەڵک و دەسەڵات و حزبەکان و ڕاى گشتى لە ناوەوە و دەرەوەدا، دەبێت بە شێوەیەک ئەم
بەرپرسیاریەتە ببەخشرێت بە کەسێک کە هەموومان بەشدارى تێدا بکەین، واتە هەڵبژاردنى کەسێک کە کۆنگرە بڕیارى لەسەر بدات و هەڵى بژێرێت و لە پێرەوى ناوخۆدا ئەرک و دەسەڵاتەکان و لێپرسینەوەى بۆ دیارى بکەین و، لە ئەرک و مافەکانى کۆمیتەى ناوەندى دا ئەم خاڵانە دیارى بکرێن.

وەرن با پێکەوە بیر بکەینەوە ،(خۆ دەبێت کەسیک هەڵبژێرین ڕابەرایەتیمان بکات)، دەبا ئەو کەسە لەخەمى
هاوڕێیان و جەماوەرەکەى کەلەگەماندا بێت و لە ناخۆشیەکانماندا هاوبەشیمان بکات و، بە شادیەکانمان دڵخۆش بیێت....
باکەسێک هەڵبژێرین نموونەیەکى بەرزى ڕەوشتى شۆڕشگێرانە بێت.. بابەرگى کۆن و سادە بێت بەڵام، دڵساف و ناخى سپى بیێت ....باکەسێک بێت خاکى وەک جلە خاکیەکانى پێشمەرگە بێت، با کەسێک بێت خۆى لە ئێمە و میژووى شەهید و قوربانیدەرەکانى حزبەکەمان بەگەورەتر نەزانى و لەگەل گەورە و بچووکى تەمەنمان بەنەرمونیانى هەڵسوکەوت بکات و ...
باسکرتێریک هەڵبژیرین، لەگەڵ یادى هەڵەبجەدا کەسى هەڵەبجەییەکان و لەگەڵ قوربانیەکانى ئەنفالدا هەست بە ئازارى ناخیان بکات و گەرمیانى و بادینى و شێخ وەسانى و دوکانى و سەرگەلویى و سەردەشتى و کوردستانى بێت، کاتێک یادى ڕاپەڕین دەکرێتەوە ئەو لە دەروازە بێت و خۆى بە ڕانیەیى و پشدەرى بزانى و، لەگەڵ هەولێرییەکاندا لەهەموو ٦ى ئازارێکدا ئاهەنگ بگێڕێت و بڵیێت ئەوە هاوڕێکانى من بوون یەکەم سەرە جلوسکی ئاگریان نا بە جەستەى بەعسەوە و، لە هەموو یادکردنەوەیەکى شەنگاڵ و هێرشى ناڕەواى دەوڵەتى ئیسلامیدا، لەبرى هەمووکەسوکارى ئیزیدى و مەسیحىیەکاندا نەفرەت لە هەموو ئەو دەستانە بکات کە هۆکارى مەینەتیەکانیان بوون..
کەسێک بێت ماناى گەڕانەوەى کەرکوک و خانەقین بۆ سەر کوردستان بە خەونى شاعیرانە نەزانى .....
باکاتى خەڵک هاتە سەرشەقام بۆ داخوازییە ڕەواکانى لە نێویاندا بێت و پشتیوانیان بێت........با مرۆڤێکى گەورە هەڵبژێرین لە هەستەکانمان تێبگات و برینەکانمان سارێژ بکات ...باکەسێک بێت بەیەک مەسافە لە هەموومان نزیک بێت.

باکەسێک بێت بەهەموومانەوە پشتى بگرین و ئەویش لەگەڵماندا بێت، تاپشتە جەماوەکەى حزبەکەمان ڕاست بکەینەوە و ڕاستە ڕێگاى ئازادى نیشتمان و بەختەوەرى گەلەکەمان بگرینەبەر، بەرەو چەسپاندنى دیموکراسى ڕاستەقینە و دادى کۆمەڵایەتى و نەخشاندنى مافى چارەنوس..

جا ئەگەر هەر هاورێیەک چاوى لەسەر ئەم پۆستەیە و لەتوانایدا نیە ئەم ئاکارو کردەوانە، بەبێ ماندووبوون و بێ پاساو و بیانوو جێبەجێبکات با نەیەتە نێو کێبرکیێ سەرۆکایەتى ئەم حزبە و هاورێکانى دەستخەڕۆ نەکات و دۆست و لایەنگرە دڵسۆزەکان لە خۆى نەڕەنجینێ و هیواکانمان نەخاتە گۆڕەوە .
بەئومیدى گەشانەوەى چرۆکان و سەوزبوونى خەونەکانمان.

*ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى حزبى شیوعى کوردستان


PM:03:49:13/10/2016

ئه‌م بابه‌ته 2552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی