ئه‌م هه‌تككردنه‌ نائینسانییه‌

‌ئاراس فه‌تاح

ئەو ھەڵسوکەوتە بەڕبەڕییەی لە شاری ھەولێر بەرامبەر کاکە (ھێمن بنەسڵاوەیی) کرا، تەنھا کردەیەکی تەعەسوفی کارمەندێک یان چەند کارمەندێکی ئاساییشی پارتی نییە، بەڵکو بەرجەستەکەری ئەو عەقلییەتە سیاسییەیە کە کولتووری حیزب بەگشتیی و سوڵتانیزمی پارتی بەتایبەت لە دونیای سیاسەتدا پیادەیدەکات؛ سیاسەتی تەماشاکردن و ھەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگا وەکو ڕەعیەتێک کە خاک و ھەواو و جەستە و روحی ئەو جوگرافیایە موڵکی ڕەھای پادشایە. 

عەقلییەتێک کە ئامادەیە تا ئەوپەڕی سنووری توندتوتیژیی، گاڵتە بە کەرامەتی ئینسانی ئێمە بکات و داھێنان لە فەنتازیای ئەشکەنجەدانی دەروونیی و جەستەییدا بکات. لە راستیدا ئەو بێڕێزییە گەورەیەی کە لە ڕووی ئینسانییەوە بەرامبەر بە کاکە ھێمن و ھاوژین و كوڕەکەی کرا، ھیچی کەمتر نییە لەو بێڕێزییەی کە لەڕووی سیاسییەوە بەرامبەر بە سەرۆکی پەرلەمان و بەھای دەزگای پەرلەمان کرا. ئەمانە ھەموو زینجیرەیەکی نەپساوەن و تەواوکەری ئەو کولتووری بێڕێزییە بەردەوامەیە کە بەرامبەر بە ‍رۆژنامەنووسان و میدیا و بیروڕای ئازاد دەکرێت.

ئەم ھەتککردنە نائینسانییە بەتەنھا پیادەکردنی سروتێکی (گقس) عەشایەرعەقڵییەت نییە، بەڵکو مانا رەمزییەکەی مەسجێکە بۆ ھەموو ئەوانەی کە خاوەن سەری خۆیانن و لەناو سنوورەکانی ئەودا دەژین.

 ئەم کردەیەی ئاساییشی پارتی کە بەبێ کۆمێنتی ناڕەزایی یان دڵگرانیی تاکە یەک سیاسیی و یەک رۆشنبیر و یەک دادوەری ئەو دەڤەرە و زۆرینەی نوخبەی سیاسیی دەڤەری سلێمانیش، مانای ئەوەیە کە پارتی سەروەرە بەسەر جەستەی ھەموو تاکێکی ئەو ناوچەیە و وەک وەحشە لیڤیاتانییەکەی ھۆبزی لێھاتووە کە ترسەکەی گەیشتۆتە جوگرافیای جەستەیی و روحیی ھەموو تاکەکان. تیڕۆرکردنی دەروونی ئینسانێکی وڵاتی ئێمە بەم سادییەتە، تەنھا ھەتککردنی کەرامەتی نەیارەکانی حیزب نییە، بەڵکو ھەمان ئەو گەمەکردنەی دەسەڵاتە کە پشیلە لە نماییشی گەمەی مەرگ لەگەڵ مشکدا دەیکات، پێشئەوەی بیخوات. ئەمەش دوالوتکەی چێژبینینە لە ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەروونی قوربانییەک کە جگە لە جەستەیەکی ڕووت لەبەر دەست جەلادەکەی، ھیچی تری نییە بەرگریی لێبکات. دەزگا ئەمنییەکانی پارتیش پاش ئەوەی لەم گەمەی مەرگە لەگەڵ قوربانییەکانیان تەواودەبن، جەستە ھەتککراوەکانیان فڕێدەدەنە دەرەوەی سنوورە پاکژە سیاسییەکەی خۆیان.

من پێش چەند ساڵێک لە شوێنێکی تردا نووسیومە „دیکتاتۆرەکانی دوێنێ لە نەیارەکانیان دەترسان، دەیانگرتن و دەیانکوشتن، لەمڕۆشدا فەرامۆشیان دەکەن، گاڵتەیان پێدەکەن، لەناو نائومێدیدا دەیانخنکێنن و لە ڕووداوی نادیاردا لێیاندەدەن و لە ڕووداوی ناکاویشدا دەیانکوژن."

دیکتاتۆرکانی دوێنێ سنوورەکانیان دادەخست نەبا کەسێکی نەیار بەدزییەوە بێتە ژوورێ یان کەسێکی ناپاک بە دزییەوە وڵات بەجێبھێڵێت، لەمڕۆشدا دەرگاکانی سنووریان واڵاکردووە بۆئەوەی یەک نەیار لە وڵاتدا نەمێنێت."

ئەم ھێزە سیاسییە ناشرینانە، ئینتیمای ئینسانی ئێمەیان بۆ نیشتیمان بەڕادەیەک وێرانکردووە کە ئاسایی بێت بۆ ھەموو تاکێکی بەویژدان، تف لەو وڵات و مێژووە بکات کە ئەوان شانازی پێوەدەکەن.


AM:10:14:28/09/2016

ئه‌م بابه‌ته 3942 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی