براگەورە چاودێریت دەکات

‌ئاراس فه‌تاح

کاتێک وینستۆن سمیث و جولیای خۆشەویستیی، کە دوو پاڵەوانی شاکارەکەی جۆرج ئۆروێڵن لە رۆمانی ١٩٨٤، لەلایەن حیزبەوە دەگیرێن و بەتۆمەتی دژایەتییکردنی سەرۆک یان دەوڵەتەکەی براگەورە زیندانیدەکرێن، یەکێک لەوانەی ئەشکەنجەی وینستۆن سمیث دەدات کەسێکە بەناوی ئۆبراینەوە. ئۆبراین لە وەزارەتی خۆشەویستیی دەوڵەتە تۆتالیتارەکەی براگەورەدا Big Brother وەکو جاسوس کاردەکات و بەرپرسی لێپێچینەوەیە لە وینستۆن سمیث و ھەموو میتۆدێک بەکاردەھێنێت بۆئەوەی عەقڵی ئەم زیندانییە لەو شتێتیتییەی کە تووشی بووە، پاکبکاتەوە. دیارە لەم دەوڵەتەی براگەورەدا تەنھا ئەو کەسانە رەخنە لە حیزب و سەرۆک دەگرن کە کێشەیەکی عەقڵییان ھەبێت. لەکاتی لێپێچینەوە و ئەشکەنجەداندا وینستۆن سمیث بە ئۆبراین دەڵێت: „شتێک لە مرۆڤدایە کە بەھێزترە لە ئێوە". ئۆبراینیش بە مەسخەرەوە لێی دەڕوانێت و دەپرسێت: „ئەو پرنسیپە چییە کە دەسەڵاتی ئێمە تێکدەشکێنێت؟" وینستۆن سمیثیش سەرەڕای ئەوەی دەزانێت کە ئارگیومێنتەکەی لەو چرکەساتەدا لاواز و بێھێزە، وەڵامی دەداتەوە دەڵێت: ئەوە „روحی مرۆڤ"ە. لە کۆتایی رۆمانەکەدا وینستۆن سمیثیش بڕوا بەوەدەھێنێت کە دوو زائید دوو دەکاتە پێنج، چونکە حیزب وای دەوێت.

حیزب و دەوڵەتی براگەورە تەنھا چاودێریی ڕەھای مرۆڤەکان ناکەن و سانسۆر لەسەر بیرکردنەوە و ھەڵسوکەوتیان دانانێن، بەڵکو دەتوانن بە تێرمەکەی ئۆروێڵ، Newspeak واتە زمانێکی نوێیش بۆ کۆمەڵگا بەرھەمبھێنن و لەڕێگایەوە دەستکاریی پێکھاتی بیرکردنەوەیان بکەن. کۆمەڵگا لەم جیھانە دیکتاتۆرییەدا دابەشدەکرێت بۆسەر ئەوانەی کە دڵسۆزی سەرۆک و حزبن، دروست بیردەکەنەوە و مرۆڤی ئاسایین. ئەوانەشی کە دوژمنایەتی براگەورە دەکەن خەلەلی عەقڵییان ھەیە و شێتن. حیزب و دەوڵەتەکەی براگەورە لەرێگای میدیا و وەزارەتەکانیەوە لەوێنەی وەزارەتی حەقیقەت و وەزارەتی خۆشەویستیی و وەزارەتی ئاشتیی و ھتد، نەک تەنھا دەستکاری بیرکردنەوەی تاک و گروپەکانی کۆمەڵگا دەکەن، بەڵکو زمانێکی نوێشیان بۆ بەرھەمدەھێنن کە دەبێت ھەموو پێی بدوێن. ھەر کەسێکیش بڕوا بەو چەمک و دەستەواژە و ڕستانە نەکات کە موڵکی حیزبن و نەیانکات بە بەشێک لە ژیانی ناوەکیی خۆی، دەبێت بە دوژمنی دەوڵەت و حیزب و براگەورە. ئاشکرایە کە یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی ناو دەوڵەتەکەی براگەورەی رۆمانی ١٩٨٤دا بریتیی بوو لە „ئازادیی کۆیلایەتییە" و ئەم رستەیەش دەبوو ھەمووان دەرخیان بێت.

لە کوردستانیشدا سیاسەتێکی مەترسییداری دامەزراندنی کولتووری براگەورە لەگەڕدایە بۆئەوەی ببێت بە واقیعی باو لەناو ھەموو پێکھاتە سیاسییەکاندا. واقیعێک کە وا لە ھەموو رۆشنبیرێکی دەربار بکات ھەڵبسێتە سەرپێ و دەست بە سنگییەوە بگرێت و ملیشی کەچبکات کاتێک باس لە سەرۆک بکات و سیاسەتمەدارە پۆپۆلیستییەکانیش دەبێت لەھەموو قسە و نووسینێکدا باس لە خۆشەویستیی قووڵی خۆیان بۆ فیکری سەرۆک بکەن و بە گێڕانەوەی یادەوەرییەکانیشیان لەگەڵ خودی سەرۆکدا، زەڕکەشی وەلائەتی ڕەھای خۆیان بۆ رێبازەکەی نماییشبکەن.

حیزب وەکو لە رۆمانەکەشدا ھاتووە، مۆدێلێک لە „بیرکردنەوەی دووفاقەیی" Doublethink بەرھەمدەھێنێت کە ئەندامەکانی ئامادەدەکات بۆ قبوڵکردنی ھەموو پارادۆکس و ناکۆکییەک کە لە سیاسەتی حیزبدا بەرھەمبێت. بۆنموونە ئاساییە سەرۆک ھەڵەی ستراتیژیی یان خیانەت بکات و ئەم ئەکتەش بە دووربینیی یان نیشتیمانپەروەریی بفرۆشرێتەوە، چونکە سەرۆک ھەمیشە لەپێناو بەرژەوەندی گشتییدا بڕیاردەدات.

 ھەرکەسێکیش گومانی لەوە ھەبێت سەرۆک ھەڵەی کردووە، وەکو جەستەیەکی نامۆ مامەڵەی لەتەکدا دەکرێت. حیزب ھەیە لە قۆناغێکدا ھەڵگری ھەندێ دروشم و گوتاری سیاسیی قەبەیە، بەڵام کە لێی ھەڵدەگەڕێتەوە وەکو ستراتیژێکی نوێی پراکماتیزمی سیاسیی نماییشدەکرێت و ئەوانەشی بەرگریی لە پرنسیپە کۆنەکانی دەکەن، دەکرێن بە خائین و دوژمنی رێبازی سەرۆک. ھەر کاتێکیش ئەندامانی حیزب گومانیان لە گۆڕانکارییە بونیادییەکانی ناو حیزب و گوتارە نوێکانی براگەورە ھەبێت، دەکرێن بە مەترسیی و لادەر لە رێبازی سەرۆک و لەحیزبەکەدا پرۆسەی تەسفییەکردنیان دەستپێبکات. یان لە خراپترین حاڵەتدا ھەر کەسێک لە گەمەو ھاوکێشەکان تێنەگەیشت یان نەیتوانی خۆی لەتەکدا بگونجێنێت وەک شێتێکی ناو کۆمەلگا وێنادەکرێت و وەک مەترسییەک بۆ ژیانی گشتیی ھەڵدەسەنگێنرێت و چارەسەری دەروونی بەزۆری بۆ دابیندەکرێت.

دیوێکی تری ئەم ستراتیژەش بەرھەمھێنانی دونیابینییەکە کە نەک تەنھا دەبێت ھەموو کەسێک وەک وینستۆن سمیث لە کۆتاییدا بڵێیت دوو زائید دوو دەکات بە پێنج، چونکە حیزب وادەڵێت، بەڵکو دەبێت ھەموو تاکێک لەڕووی سایکۆلۆژییەوە لەسەر ئەو دۆخە ڕابێت و قەناعەت بەخۆی بھێنێت کە ئەمە کۆمەڵگای ئێمەیە و دەبێت قبوڵی ئەم واقیعە بکەین، چونکە دەستکارییناکرێت. ئەو واقیعەش دۆخی بەئاساییبوونی کولتووری براگەورە و بەپیرۆزکردن و بەرگرییکردنە لە ئایدیای سوڵتانیزم، ئەوسا ھی خودی براگەورە بێت یان باوانی لەناو پێکھاتی حیزبە کوردییەکاندا. بۆ بنجبەستکردنی ئەم مۆدێلەش حیزبەکان سیاسەتمەدار و رۆشنبیری زۆریان بەرھەمھێناوە کە دەتوانن بە میتۆدی „بیرکردنەوەی دووفاقەیی" تیۆریزەی کولتووری بەبراگەورەکردنی حیزب و دەوڵەت و سیاسەتی بۆ بکەن و بەم میکانیزمەش شەرعییەت بە بنەماڵەییکردن و بە سوڵتانییکردنی سیستەمی سیاسیی لە ژیانی حیزبیی و حوکمڕانیی ئێمە بدرێت.

بەدیوەکەی تردا پرۆسەیەکی میدیایی مەترسیداری دژە فیکر و رۆشنبیریی Anti-intellectualism لەئارادایە کە جەوھەری ھەموو ھێزێکی دیکتاتۆرییە. پرۆسەیەک کە ماشێنێکی گەورە لەپشتییەوەیە بۆ کوشتنی بەھای رۆشنبیر و فیکر و زمان و کردەی بەرگریی. ستراتیژێکی سیاسیی لە پشت پیشەسازیی وێناکردنی رۆشنبیرەوە ھەیە بە بوونەوەرێک کە چیدی ئەو کەسە فیکرییە نییە خاوەن پرنسیپ و داکۆکیکەر و بەرگرییکەر بێت لە ماف و بەھا ئینسانیی و گەردوونییەکانمان، بەڵکو ئەم بوونەوەرە مەھزەلەیەکی گەورەیە. فەرھاد پیرباڵیش لەمڕۆدا بووە بە مۆدێل و کەرەسەیەک نەک تەنھا بۆ پارتی، بەڵکو بۆ زۆرینەی حیزب و دەزگا میدییاییەکانی تریش. بەمەھزەلەکردن و یەکسانیکردن و بەرجەستەکردنی رۆشنبیر لە کەسی فەرھاد پیرباڵدا ئەو ستراتیژەیە کە زۆرینەی سیاسییەکان و میدیا حیزبییەکان لە پرۆسەی بەبازاڕکردنی بەردەوامی ئەم دیاردەیەدان و لەڕێگای بەئامادەکردنی بەردەوامیشی لەناو رووبەری گشتییدا کاری لەسەر دەکەن.

کێشەکە تەنھا ئەوە نییە ئەمەی کە ڕوودەدات کۆمیدیایە یان تراژیدیا، چۆن ڕاڤەی شێتێتی دەکەین و کێ توشی خەلەلی عەقڵیی بووە، سەرۆک و حیزبەکان یان رۆشنبیرەکانیان؟ ئایا شێتەکان ئاساییشی کۆمەڵگا تێکدەدەن یان سەرۆک و حیزبەکان، ئایا سیاسییەکان پێویستە لەناو کۆمەڵگادا بپارێزرێن یان کۆمەڵگا لە سیاسەت؟ فەرھاد پیرباڵ بە پاساوی خەلەلی دەروونی زیندانییدەکرێت، چونکە گوایە بووە بە ھۆکارێک بۆ تێکدانی ژیانی گشتیی لەکۆمەلگادا، کەچی سەرۆکی حیزبێک کە خۆی وتی گەر ریفراندۆم سەری نەگرت و دەوڵەتمان دروست نەکرد، بڵێن ئەم پیاوە شێتە و چیم لێدەکەن بیکەن! کەچی سەرەرای ئەو ھەموو کارەساتە ئەمنیی و نیشتیمانیی و ئینسانییەی کە لە ئەنجامی ئەم شتێتییە کە خۆی ناوی ناوە، بەرھەمی ھێنا، ھیچ ئیجرائاتێکی سیاسیی و ئەخلاقیی و یاسایی و پزیشکیی بەرامبەر نەکرا!

بەدەر لەمانە، بەبۆچوونی من ستراتیژێکی ورد لە بێبەھاکردن و بێنرخکردنی فیکر و رۆشنبیر و بەرھەمھێنانی گوتار و کردەی رەخنە لەگەڕدایە بەرامبەر بە پیرۆزکردنی حیزب و جەستەی براگەورە لەلایەن رۆبۆتە فیکرییەکانی ناویان. خواستێکی پەنھان و ئاشکراش لەم سیناریۆ و دەرھێنانەی وێرانکردنی بەھا فیکریی و ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگای ئێمە لەناو حیزب و لای سیاسیی و دەزگاکانیان ئامادەیە کە لە جەوھەردا ئامادەسازییەکی سیستەماتیکییە بۆ ئاساییکردنەوەو نۆرمالیزەکردنی کولتووری براگەورەیی لە ناو حیزبەکاندا و قبوڵکردنی کولتووری سوڵتانیزمی سیاسیی بە مۆدێلە کۆن و نوێکەشی.

زۆرینەی ڕەھای سیاسەتمەدارانی کورد گاڵتەیان بە رۆشنبیر دێت و کەمیش نین ئەو رۆشنبیر و سیاسییە تازەھەڵکەوتووانەی کە وەک کەسایەتی ئۆبراین لە وەزارەتی خۆشەویستیی حیزبەکەی براگەورەیاندا وەکو رۆبۆت کاردەکەن بۆ شکاندنی بەھای رۆشنبیر و چاودێریکردن و نابودکردنی ئەوانەی وەکو حیزب و بنەماڵە بیرناکەنەوە و کولتووری براگەورەیی بەپیرۆزناکەن و بەرگریی لە بەھا دیموکراسییەکانی ناو ژیانی سیاسیی حیزبیی و کۆمەڵگا دەکەن.


PM:05:17:19/07/2018

ئه‌م بابه‌ته 5068 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی