حیزبی ھەینی وەکو ماڵێک بۆ نوێژکردنی سیاسیی

‌ئاراس فه‌تاح

یەکێک لە گرفتە قووڵەکانی ھێزە سیاسییەکانی کوردستان دانەبڕانیانە لە کولتووری سیاسەتی دیوەخان. لە کۆمەڵگای ئێمەدا سیاسەتی دیوەخان ئەو شێوازەیە لە سیاسەتکردن کە بیرکردنەوە لە کۆمەڵگا لە ماڵی سەرکردە و لە ڕۆژانی ھەینیدا دەکرێت؛ ڕۆژانێک کە پتر دەچێتە ناو ڕەھەندێکی ئایینیەوە وەک لە ڕەھەندی دونیایی. حیزب لەم جۆرە حاڵەتەدا دەبێت بە ماڵێک بۆ نوێژکردنی سیاسیی.

حیزبی مۆدێرن رێکخراوێک نییە کە لە ڕۆژانی پشو و ھەینیدا بیر لە سیاسەت و کۆمەڵگا بکاتەوە، بەڵکو دەزگای ھەیە کە لە ڕۆژانی کارکردندا بیری بۆ دەکاتەوە، دامەزراوەی ھەیە لێکۆڵینەوەی بۆدەکات و سەنتەری ھەیە ستراتیژی بۆ دادرێژێت و ئەکادیمیای ھەیە پلانی بۆ دادەنێت و فۆرومی جیاوازی ھەیە کە گفتوگۆ و گوتارە جیاوازەکان لەیەک نزیکدەکاتەوە و دەیان میتۆد و میکانیزمی تری ھەیە، بۆئەوەی رێگای بەرھەمھێنانی فیکر و دروستکردنی بڕیار فەراھەمبکات.

کێشەی بەھەینییکردنی سیاسەت تەنھا ئەوە نییە کە حیزب دەبێت بە دیوەخانێکی سیاسیی و عەقڵ و بیرکردنەوەی دەزگایی تیایدا غائیب دەبێت، بەڵکو ژنیش تیایدا بوونەوەرێکی نامۆیە. ژن لە حیزبی کوردییدا جگە لە کۆلاجێکی سیاسیی ھیچ رۆڵێکی ئەوتۆی تری پێنەبەخشراوە. حیزبی کوردی تەنھا کاتێک ڕۆڵی ژنانی بیردەکەوێتەوە، کە وادەی ھەڵبژاردن نزیکدەبێتەوە. مانگی ھەڵبژاردن بووە بە سوڕی چوارساڵەی سەرئێشە و ژانی دابەشکردنی پێگەو ڕۆڵ بەسەر ژنان لەناو حیزبی پیاوانەی کوردییدا. ئەمەشیان لەڕاستیدا تەنھا بۆ وەچنگخستنی کورسی کۆتاکانیانە، نەک بۆ پێبەخشینی پێگەی سەرکردایەتیی و نەخشاندنی سیاسەت لەناو ھەرەمی ڕێکخراوەکانیاندا. جێگای تێڕامانە کە ژمارەی ئەو خانمانەی بەدەنگی ڕاستەقینەی خۆیان بووبن بە پەرلەمانتار، دۆخێکی ناوێزەیە.

ھەرکاتێک بیرکردنەوەی حیزب کەوتە ڕۆژانی ھەینی ئەوا ماڵی نوێژکردنی سیاسیی ژنانیش لەناو دەزگای پیاوانەی حیزب جیادەکرێتەوە و نابێت بە بەشێک لە بکەرە سەرەکییەکانی نەخشاندنی سیاسەت. نەبوونی ھێزێکی چالاکی ژنانی سیاسییش لەناو دەزگا بڕیاردەر و ھەستیارەکانی حیزب و حکومەت لە تەمەنی سیاسیی ھەرێمی کوردستاندا یەکێکە لە خەوشدارترین و پڕنەنگترین کایە لە مێژووی نوێی دونیای کۆمەڵایەتیی و سیاسییمان.

سیاسەتی دیوەخان تەنھا سیاسەتی باوکە سیاسییەکان نییە، بەڵکو ئەم کولتوورە لە قۆناغی دوای مردنی باوکە سیاسییەکانیشدا دەگوازرێتەوە بۆ کوڕەکان و زاواکان و مام و خاڵەکان و کوڕەزا و ئامۆزا نێرینەکانی تر.

حیزبی کوردی لە باڵاترین قۆناغی خۆیدایە بۆئەوەی ببێت بە یانەیەک کە ڕۆژانی ھەینی پیاوانی کۆمەڵگا لەگەڵ یەکتر کۆدەبنەوە. حیزبی کوردیی لەسەر ڕاستەڕێگایەکی مەترسیدارە بۆئەوەی ببێت بە دیوەخانی نێرینەکان.

ھەر کەس و ھێزێکیش پاساوی ئەوە بھێنێتەوە کە کۆمەڵگای ئێمە ئامادەنییە بۆئەوەی لە کولتووری نێرینەی حیزبیی و وەراسەتی نێرینەی سیاسیی ڕزگاری بێت، جگە لە رۆڵی مجێورێکی فیکریی و کۆمبارسێکی ئایدیۆلۆژیی بۆ بەردەوامییدان بە تەوریسی سیاسیی ناتوانێت ھیچ شوناسێکی تر وەربگرێت. قووڵکردنەوەی کولتووری دیوەخانی سیاسیی پیاوان و بەکۆمپانیاکردنی ھەینییانەی حیزب سەرەتایەکی مەترسیدارە نەک تەنھا بۆ کوشتنی رۆڵی ژنان، بەڵکو بۆ خنکاندنی سیاسەت وەک چالاکییەکی گرنگ و ئۆرگانیی لەناو ڕووبەری گشتییدا.

بەبۆچوونی من یەکێک لە کێشە و تەحەدا ھەرە سەرەکییەکانی سیاسەت لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەوەیە چۆن سیاسەت لە چالاکییەکی داخراوی دیوەخانئاسای خێزانیی ناو ماڵی سەرکردەکانەوە بگوازرێتەوە بۆ ناو ڕووبەری گشتیی و بیرکردنەوەی دەستەجەمعیی لەپێناو باشترکردن و جوانکردنی ژیان و ئاییندەی تاک و گروپەکانی کۆمەڵگا.


AM:08:11:13/07/2018

ئه‌م بابه‌ته 3867 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی