لەکوێ خۆپیشاندان ھەیە؟ من خۆپیشاندەرم

‌ئاراس فه‌تاح


دوای ماوەیەکی کورت لە ڕوخاندنی ڕژێمی سەدام، لەگەڵ کاک مەریوان وریا قانعی ھاوڕێم بڕیارماندا پێکەوە سەردانێکی بەغدای دوای بەعس بکەین. ئەو بەغدایەی لە ھەشتاکاندا بۆ من تەنھا شاری کتێبکڕین بوو. واڕێککەوتین لە رێگای ئەردەنەوە بەرەو بەغدا بەڕێکەوین و لەوێشەوە سەفەری سلێمانی بکەین. من لە ئەڵمانیاوە سەفەری عەمانی پایتەختی ئەردەنم کرد و لەو ھوتێلە دابەزیم کە بڕیار وابوو لەوێ یەکبگرینەوە. کاک مەریوانیش بە ھاوەڵیی ناسیاوێکی لە ئەمستردامەوە گەیشتنە ھوتێلەکە، کە کوڕێکی لاوازی پێستئەسمەری باشوور و بە فیکر کۆمۆنیستێکی عێراقیی بوو. بەیانییەکەی پێکەوە ئۆتۆمبیلێکی GMCمان بە کرێ گرت، بۆئەوەی بمانگەیەنێتە بەغدا. پێشئەوەی بەڕێبکەوین، شۆڤێرەکە پێیگوتین تکایە فەرموون سەردانی ئاودەست بکەن، چونکە من لەڕێگا ناوەستم و دەببێت بەخێراییەکی زۆر بڕۆین تا دەگەیەنە ناوچەیەکی پارێزراو، لەبەرئەوەی مەترسیی گەورە ھەیە چەتەکان رێگرییمان لێبکەن، یان چەکدارانی پاشماوەی بەعس پێشگرییمان لێبکەن. شۆڤێرەکە دۆخەکەی بەچەشنێکی وا مەترسیدار نماییشکرد کە بووە جێگای پێکەنینمان و سەیرێکی یەکترمان کرد و بەخۆمان گوت، پێدەچێت ھەڵھاتنمان بۆ ھەندەران ئاسانتر بووبێت وەک لە گەڕانەوەمان بۆ عێراقی دوای سەدام... بیرمان لەوەدەکردەوە چ دۆخێکی کۆمیدییە کاتێک ئێمە لە کوردستانەوە لەدەستی دەوڵەتی بەعس خۆمان ڕزگارکرد و ھەڵھاتین بۆ ھەندەران، ئێستا دوای روخاندنی بگەڕێینەوە بۆ عێراق و بکەوینە بەردەست پاشماوەکانیان لەناو گروپی ئەلقاعیدە!

بەدرێژایی ڕێگای گەڕانەوەمان بەرەو بەغدا ئەو کوڕە کۆمۆنیستە شاگەشکە گرتبووی و لەخۆشییدا نەیدەزانیی چیبکات. بۆ ئەم کۆمۆنیستە گەڕانەوەکەمان بۆ شاری بەغدا رووداوێکی گەورە بوو. ھەرچەندی دەکرد تەسەوری نەدەکرد کە گەڕانەوە بۆ بەغدایەکی بێ سەدام و بێ بەعس، بووە بە ھەقیقەت و چیدی خەیاڵ نییە. لە ئۆتۆمبیلەکەدا بەچەشنێک دڵخۆش بوو کە جێی بەخۆی نەدەگرت، بەگەشکەوە پێیگوتین ھەر کە گەیشتینە بەغدا و خۆپیشاندانێکم بینی، بە سەماوە خۆمی پێدادەکەم، چونکە ئەوە دەبێت بە یەکەمین بەشدارییم لە خۆپیشانداندا لە مێژووی عێراق. بۆیە ھیچ بەلامەوە گرنگ نییە ئەو خۆپیشاندانە کێ رێکیخستووە، ھی عەلمانییەکانە یان ئیسلامییەکان! گرنگ ئەوەیە لەکوێ خۆپیشاندان ھەیە؟ من خۆپیشاندەرم.

ئەوەی بۆ من لە ڕۆژی یەکەمی خۆپیشاندانەکانی شاری ھەولێر جێگای تێڕامان بوو، شاگەشکەی ئەو خۆپیشاندەرە بوو کە بە ڕاکردن خۆی دەکات بە خۆپیشاندانەکەدا و دێوانەئاسا ھەڵدەپەڕێت. دۆخی سایکۆلۆژیی ئەم پیاوە رێک ھەمان ئەو چیرۆکە و ھەمان ئەو موعاناتەی بیرخستمەوە کە ئەو کوڕە عەرەبە کۆمۆنیستە لەگەڵ کردەی خۆپیشانداندا لە عێراقی سەردەمی بەعسدا ھەیبوو.

خۆپیشاندان بۆخودی خۆی خەمێکی دەستەجەمعییە، بەڵام بۆ ئەم خۆپیشاندەرە ھەولێرییە بووبوو بە شادییەکی دەستەجەمعی، چونکە ئەوە یەکەمین جارە فرسەتی خۆپیشاندانێکی لەوچەشنە بۆ مرۆڤە ترسێنراو و چەپێنراوەکان لە شاری ھەولێردا ھەڵدەکەوێت. چرکەساتی ھەڵپەڕکێی ئەو خۆپیشاندەرەی شاری ھەولێر گەرچی لەڕووکەشدا کۆمیدیی دەردەکەوێت، بەڵام بەدیوە نادیار و چەپێنراوەکەیدا تەعبیر لە تراژیدیترین دۆخی ئینسانەکانی ئەو شارە زەلیلکراوە دەکات. شارێک کە ساڵانێکی دوورودرێژە بە ھێزی ئەمنیی و گروپی شەقوەشێن و بەڵتجیی پارتی گەمارۆدراوە و دانیشتوانەکەشی لەناو فەزایەکی پڕترس و دڵەڕاوکێدا دەژین.

لەو ھەولێرەی کە خوێندکارانی زانکۆ لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردووی سەردەمی سەدامدا خۆپیشاندانیان تێدا کرد و ئەوکات من و کاک مەریوان و چەندین ھاوڕێی تریشمان تیایدا بەشداربووین، رۆژانە روبەڕووی جەبەروتی ئەمن و ئیستیخبارات دەبوینەوە. لە سەردەمی بەعسدا کەس بۆی نەبوو نەک ھەر خۆپیشاندان بکات، بەڵکو ھەر بیریشی لێبکاتەوە. لە ھەولێری دوای سەدامیش ساڵانێکە ئەو دۆخی بێدەگکردن و چەپاندنەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی پارتی بەرھەمیانھێناوە، وەک خۆشەویستیی و ڕازیبوونی خەڵکەکەی لە دەسەڵاتی پارتی و خێزانی بارزانیی لە میدیا زەبەلاحەلانیانەوە نماییشدەکرێت.

قەبارەی ئەو چەوساندنەوەی مرۆڤ رێگەی پێدەدات بەرامبەری بکرێت، قەبارەی ئەو تەعەسوفییەتەش دەستنیشاندەکات کە بەرامبەری دەکرێت. ساڵانێکە خەڵکی ھەولێر لەژێر فەزایەکی پڕترس و تۆقێنەری دەسەڵاتی پارتییدا دەژین، بێدەنگبوونی خەڵکی ھەولێر و دھۆکیش قەبارەی ئەو تەعەسوفییەتە دەردەخات کە دەزگا ئەمنییەکانی تاوەکو ئەمڕۆ بەرامبەر بە خەڵکی ئەم دەڤەرە پیادەیانکردووە. لەدوای خۆپیشاندانەکانی ھەولێر و دھۆک بۆ یەکەمینجار لە مێژووی نوێی ئەم ھەرێمەدا داخوازییە مەدەنییەکان دەبن بە خواستێکی گشتیی بۆ ھەموو کۆمەڵگای ھەرێم و کردەی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان تەنھا لەناوچەی سلێمانییدا گیرناخوات. بۆیە پێویستە خۆپیشاندەرانی سلێمانیی و شارەکانی تر، پشتیوانیی و ستاییشی گەورە و بەردەوامیی ئەو ژن و پیاوە ئازا و پڕئیرادانە بکەن کە خشتی یەکەمی ستەمیان لە ھەولێر و دھوک و شارەکانی تری ژێر دەسەڵاتی پارتیی شکاند و دیواری یەکەمی ترسیان لە نێوان جوگرافیا سیاسییە دروستکراوەکەی یەکێتیی و پارتی لە ھەرێمدا ڕوخاند. گەر پارتی بە زەبری ھێز و تێرۆر و ئەشکەنجە و گرتن بتوانێت خۆپیشاندانەکانیش بچەپێنێت و شەقام بێدەنگ بکات، ئەوە بایکۆتی سەرتاسەریی دەبێت بە باشترین بژاردەی تەعبیرکردن لە ناڕەزایی، بۆ گەیشتن بە ئامانجە مەدەنییەکانی موچەخۆرانی ھەرێم.

قەدەری ئێمە ئەوەیە کە کوردین، کوردبوونیش شوناسێکە کە ھەردوو خێزانە سیاسییەکەی ناو پارتی و یەکێتی ٢٧ساڵە وێرانیدەکەن، بۆیە دەشێت ئەم خۆپیشاندان و مانگرتنە سەرتاسەرییە مەدەنییانە بەھایەکی نوێی پێببەخشێت و شوناسێکی نوێ بۆ کوردبوونمان دروستبکات.


PM:12:31:28/03/2018

ئه‌م بابه‌ته 4164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی