پەیوەندی سەید و عەبد لە نێوان بارزانی و ھێزەكاندا

‌ئاراس فه‌تاح

پەیوەندی دیالێکتیکی سەید و عەبد لە نێوان بارزانی و ھێزە سیاسییەکاندا

ھیگل کاتێک باس لە پەیوەندی دیالێکتیکی نێوان عەبد و سەید دەکات ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێت کە ھیچ سەیدێک بەبێ عەبدەکانی ناتوانێت شوناسی سەیدبوونی خۆی بسەلمێنێت. واتە پەیوەندی نێوانیان پەیوەندییەکی دیالێکتیکییانەی دانپیانانە بە شوناسی یەکتر. پەیوەندی نێوان ھێزە سیاسییەکانی کوردستانیش بە بارزانییەوە لەسەر بناغەی دیالێکتیکی نێوان عەبدبوون و سەیدبووندا ڕاگیراوە. بەمانایەکی تر ئەوە بارزانیی نییە کە ھەموویانی کردووە بە عەبد، بەڵکو ئەوە ڕازیبوونی ئەوانەیە بە عەبدبوونی خۆیان کە شوناسی سەیدیان بە بارزانیی بەخشیوە. بارزانی تا ئەو شوێنە پێویستی بەوانە کە دان بە شوناسی سەیدبوونی ئەودا بنێن و شوێنگەکەی بپارێزن. ئەو راستییەشی بۆ ڕوونکردونەتەوە کە سەیدبوونی سەید وابەستەی عەبدایەتی عەبدەکانێتی. ھیگل گوتەنی سەروەریی سەید لە وشیارییەکەیدایە بە زاتی خۆی و لای عەبدەکانیشی لە دژەکەیدایە، واتە لە لەدەستدانی وشیاریی ئەوانە بە زاتی خۆیان.

کاتێک بارزانی ھەموو عەبدە سیاسییەکانی کۆدەکاتەوە، بۆئەوە کۆیانناکاتەوە ڕایان بپرسێت و گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات، بەڵکو بۆ ئەوە کۆیاندەکاتەوە کە دوابڕیاری خۆیانی پێڕابگەیەنێت و ئەوانیش غوڵامئاسا جێبەجێبکەن. ڕازیبوونی ھێزە سیاسییەکان بۆ بەشداربوون لە کۆبوونەوەی بڕیاردانی بارزانی بۆ ریفراندۆم، ڕازیبوونی ھەموو ئەو بکەر و ھێزە سیاسییانەیە لە بەسەیدکردنی بارزانی و بەعەبدکردنی خۆیان. ڕازیبوونی بارزانییش بەوەی کە لە بەیاننامەکەدا ھێما بۆئەوەبکرێت پەرلەمان کارابکرێتەوە و گوزەرانی خەڵک باشتربکرێت، لە ڕازیبوونی خاوەن کۆمپانیایەک دەچێت کە رێگە بە کرێکارەکانی بدات سەندیکای خۆیان دروستبکەن، بەبێئەوەی ھیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر خاوەندارێتی یاسایی کۆمپانیاکە و سیاسەتی بەرھەمھێنانی کۆمپانیاکەی دروستبکەن.

ئەم ریفراندۆمەی بارزانی بڕیاری لەسەرداوە و عەبدە سیاسییەکانیشی ملکەچیدەبن، ھەمان ئەو دێڕەی ناو خوتبەکەی چارڵی چاپڵنمان لە فیلمە بەناوبانگەکەی ”دیکتاتۆری گەورە" بیردەخاتەوە کە دەڵێت: ”دیکتاتۆرەکان ئازادییان تەنھا بۆ خۆیان دەوێت، گەلیش با وەکو عەبد بمێنێتەوە."

بارزانی ھێندەی بەمێژووییبوونی خۆی پێ گرنگە، ئەوەندە بەمێژووییبوونی رووداوەکەی بۆ گەلی کوردستان پێ گرنگ نییە. گەر عەبدە سیاسییەکان وشیارییەکیان ھەبێت کە نییانە، دەبێت ئەو ڕاستییە تاڵە ببینن کە پاش فەرمایشتەکەی ”سەرۆک" بۆیان، جگە لە پیرۆزبایی ناسیۆنالیستانەی فەیسبوکیی یەک ئاھەنگی سیاسیی نەگێڕدرا و تاکەکەسێکیش نەچووە سەر شەقام و دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر ئەو ”بڕیارە مێژوویی"ەی کۆبونەوەکەیان دەرنەبڕی.

کۆبوونەوەی بارزانیی لەگەڵ ھێزە سیاسییە بەشداربووەکان و دەرکردنی بڕیاری ریفڕاندۆم پتر لە ”پرسەیەکی سیاسیی" دەچوو وەک لە ”بڕیارێکی مێژوویی" دڵخۆشکەر بۆ گەلێکی ستەمدیدە. بۆیە بەڕای من ئەم ڕۆژە دەبێت بە رۆژێکی تراژیدیی گەورە لە مێژووی سیاسیی نوێی ئێمەدا کە تیایدا عەبدە سیاسییەکان وشیاریی خۆیان بە عەبدایەتیی خۆیان و قبوڵکردنی سەیدبوونیی بارزانی ڕاگەیاند. ئەو کۆبوونەوەیە ھێندەی بڕیاردارنی ھێزە سیاسییە بەشداربووەکان بوو بۆ دیاریکردنی چارەنووس و شوناسی سیاسیی عەبدایەتیی خۆیان و سەیدبوونی بارزانیی، ھێندە بڕیاردان نەبوو بۆ دیاریکردنی چارەی خۆنووسینی میللەتێک بۆئەوەی بڕیار لەسەر داھاتووی شوناسی سیاسیی خۆی بدات.

نێچیروان بارزانی بۆ چەندیجار ئەو ڕاستییەی بۆ ئەو ھێزە سیاسییانە ڕوونکردۆتەوە کە ھێشتا وشیاریی عەبدایەتییان بەتەواوەتی ساغنەبۆتەوە و بۆ دواجاریش مەسیجەکەی بۆناردن و پێیگوتن: ئەوانەی بەم سیستەمە سوڵتانییە ڕازیی نیین و وشیاریی عەبدانەی سیاسییان بۆ سوڵتانی مامی نییە، با لە حکومەتەکەی دەربچن و بەدوای سەیدێکی تردا بگەڕێن.


PM:01:34:08/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 5208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی